Oct 6, 2017

خوێنی گه‌رم بۆ شه‌ڕێكی سارد

خالید سلێمان
له‌ وتارێكدا له‌ژێر ناونیشانی (فه‌وزا و ڕێكخستن له‌ جیهانێكی گۆڕاودا) وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هێنری كیسنجه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش له ‌لایه‌ن پاسدارانی ئێران و ئه‌و هێزانه‌ی شیعه‌ له ‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ ڕاهێنراون، داگیر بكرێن، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی دامه‌زراندنی ده‌ڤه‌رێك ده‌بێت تاران به‌ به‌یرووته‌وه‌ ده‌به‌ستێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی له‌دایكبوونی ئیمپراتۆرییه‌تێكی ئێرانیی ڕادیكاڵه‌.
ئه‌مه‌ ته‌نیا ڕای كیسنجه‌ر نییه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ناوه‌نده‌ ستراتیژییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا تێكشكانی داعش له‌ به‌هێزبوونی ئێراندا ده‌بینن، چونكه‌ ئه‌و هێڵه‌ جیۆگرافییه‌ی كه‌ داعش له‌ پێناو گه‌یشتن به ‌سنووره‌كانی ئێران خۆی بۆ مه‌ڵاس دابوو، ئێستا، ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی سه‌ربازییشه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وا له‌ ڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ له‌ژێڕ ڕكێفی ئێراندایه‌. له‌ ڕه‌ققه‌ و دێره‌زووره‌وه‌ له‌ سوریا، به‌ تێپه‌ڕبوون به‌ موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و باغه‌كانی پرته‌قاڵی دیاله‌، داعش ته‌ماحێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، نه‌ك ته‌نیا نه‌خشه‌ جیۆگرافییه‌كه‌، به‌ڵكو نه‌خشه‌ كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زهه‌بییه‌كه‌ش بگۆڕێت؛ ئێرانییه‌كانیش له‌ ڕووبه‌ری شه‌ڕه‌كانی دیمه‌شق و حه‌له‌به‌وه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سنووره‌كانی خۆیان.

په‌لاماردانی كوردستانیش له ‌سه‌ره‌تای مانگی ئابی (2014)دا، دوور له‌ هه‌ژموونی دنیابینیی تورك له‌ناو به‌شێك له‌ حوكمڕانه‌كانی كورد، كه‌ گوایه‌ داعش دراوسێیه‌كی نوێی سوننه‌یه ‌و هه‌لێكه‌ بۆ ته‌ڵاق له‌گه‌ڵ شیعه‌دا، به‌شێك بوو له‌ پلانی خوێنپژانه‌وه‌ی شه‌ڕێكی مێژوویی ساردی نێوان شیعه‌ و سوننه‌‌؛ له‌‌ دیوێكی تریشه‌وه‌ نۆژه‌كردنه‌وه‌ی هێز و توانای هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. سیاسه‌تی ئه‌م هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ گژی یه‌كتردا ده‌كه‌ن و ده‌ستیش به‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌گرن، ئه‌وه‌ندی پێویستی به‌ خوێنی گه‌رمه‌ بۆ شه‌ڕه‌ سارده‌كانی، ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ كۆتاییهێنان به ‌داعش نییه‌. (ئه‌وان به‌رده‌وام له‌ جێگه‌ی له‌ناوبردن باسی دوورخستنه‌وه‌ی داعش ده‌كه‌ن).
كیسنجه‌ر، به ‌مانایه‌كی تر به‌بێ ناوهێنانیان باس له‌ لاوازبوونی هێزه‌ سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌كانی تری ناوچه‌كه‌ ده‌كات، به‌ تایبه‌تییش هێزه‌ سوننه‌كان، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسی سعوودییه‌كان ناكات، وه‌ك هێزێكی ئیسلامیی كۆنسێرڤاتیڤ باسی توركیا ده‌كات. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی دیاره‌ بۆ پاشه‌كشه‌ی نفووزی سعوودییه‌، قه‌ته‌ر و توركیا له‌ سوریا له‌ ناوچه‌كه‌دا؛ یانی هێشتنه‌وه‌ی داعش یان هێزێكی تری هاوشێوه‌ وه‌ك داهۆڵێكی ترسێنه‌ر بۆ ئێران، هێشتا پێویستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكایه‌.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...