Mar 9, 2017

فۆكۆیاما، سلێمانی و متمانه‌!


خالد سلێمان

I
 فۆكۆیاما، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كه‌ توانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات. به‌پێی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، له‌ دیداری سلێمانی-دا باسی ئه‌وه‌ی كردوه‌ كه‌ نمونه‌ی حوكمڕانی باش ئه‌و حوكمه‌یه‌ كه‌ ٢٤ سه‌عات كاره‌با دابین بكات. له‌ كوردستاندا ساڵانێكی زۆره‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌ی له‌ بیر چوه‌ته‌وه‌ له‌ ٢٤ سه‌عاتدا كاره‌بای هه‌بێت! گوایه‌ بڵێی فۆكۆیاما وا تێگه‌یشتبێت كه‌ ئێمه‌ ٢٤ له‌سه‌ر
٢٤ سه‌عات كاره‌بامان هه‌یه‌!!

II
 ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كه‌ناڵه‌كانی میدیاو نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسانی كوردستان، كه‌ باسی هاتنی فۆكۆیاما بۆ كوردستان ئه‌كه‌ن، ته‌نها وه‌ك خاوه‌ن كتێبی كۆتایی مێژو ئه‌یناسێنن، به‌ڵام كه‌ناڵێك، كه‌سێك ئاماژه‌ بۆ بیرۆكه‌یه‌كی بچوكی ناو كتێبی (كۆتایی مێژو)ش ناكات كه‌ جگه‌ له‌ پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كان، فۆكۆیاما باس له‌ هاوپه‌یمانی نێوانیشیان ئه‌كات دژی شارستانیه‌تی ڕۆژاواو به‌هاكانی لیبرالیزم. له‌ میانه‌شدا، دوریشی نابینێت شارستانیه‌تی چینی و ئیسلامی دژی ڕۆژاوا هاوپه‌یمانی ببه‌ستن. ئیتر لێره‌وه‌ ئاستی میدیای كوردی و هه‌ندێ له‌ كاراكته‌ره‌كانی ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ چه‌ند بێئاگان له‌ جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌كان.
III
 به‌ڕای من كتێبی كۆتایی مێژو، سه‌ره‌تایه‌كی باش نیه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌ردانی فۆكۆیاما بۆ كوردستان له‌چوارچێوه‌ی دیداری پێنجه‌می سلێمانیدا كه‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی ساڵانه‌ ڕێكی ئه‌خات. باشترین كتێبی ئه‌م نوسه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵك ژاپۆنییه‌، كتێبی (متمانه‌)یه‌ كه‌ له‌ كۆتایی ساڵانی ١٩٩٠ دا بڵاوبوه‌وه‌و تیایدا باس له‌ ڕۆڵی كولتور له‌ سه‌ركه‌وتنی حوكمڕانیدا ئه‌كات. له‌م كتێبه‌دا فۆكۆیاما به‌رهه‌م و ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ ئه‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ كولتورو دنیابینی گه‌وره‌وه‌. بۆ نمونه‌ شیعه‌گه‌رایه‌تی له‌ ئێران ته‌نها وه‌ك مه‌زهه‌بێكی ئاینیی ته‌ماشا ناكات، به‌ڵكو وه‌ك سیسمتێكی پڕ له‌ ئاماژه‌ی كولتوری و ئابوری و دنیابینی بۆ حوكمڕانیی ئه‌یبینێت.
IV
 لێره‌دا ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌به‌ستمه‌وه‌ به‌ قسه‌یه‌كی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قوباد تاڵه‌بانی كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كێك له‌ پانێڵه‌كانی هه‌مان دیداری سلێمانیدا، باس له‌وه‌ ئه‌كات كه‌ كورتهێنانی بودجه‌ی كوردستان له‌ ٧ ملیار دۆلاره‌وه‌ كراوه‌ به‌ یه‌ك ملیار. هه‌روه‌ها به‌پێی قسه‌كانی تاڵه‌بانی حكومه‌ت توانیویه‌تی داهات و خه‌رچی به‌رابه‌ر بكاته‌وه‌. به‌ڵام جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی خراپی كاره‌بای نه‌كرد، باسی خراپی ئاوی نه‌كرد، باسی ئه‌وه‌ی نه‌كرد كه‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌ چی بوارێكدا ئه‌ژین، باسی ڕاوه‌ستانی پرۆژه‌ ئابوریه‌كانی نه‌كرد، له‌ هه‌موی گرنگتر باسی ئه‌وه‌ی نه‌كرد كه‌ حكومه‌ت باجی له‌سه‌ر نیوه‌ زیاتر به‌رز كردوه‌ته‌وه‌ له‌كاتێكدا، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ ٦٠% زیاتر به‌ناوی پاشه‌كه‌وته‌وه‌ كه‌می كردوه‌و داهاتی تاك داروخانی به‌سه‌ردا هاتوه‌.
V
 ئه‌گه‌ر بۆچونه‌كانی فۆكۆیاما له‌سه‌ر ڕۆڵی كولتور له‌ سه‌ركه‌وتنی سیستمی ئابوری و حوكمڕانیدا ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌وا وه‌ك گه‌وره‌ ئانارشیستی ڕوس (سێرج ناچاییڤ) كه‌ ساڵی ١٨٦٨ یه‌كه‌م مانیفێستی ئانارشیستانه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، بیر بكه‌ینه‌وه‌و له‌ پێناو ئامانجی چاكسازی و بنیادناوه‌دا، هه‌مو شتێك شایانی ڕوخاندن بێت، به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.
VI
 یه‌كێك له‌ به‌ها گه‌وره‌و دیاره‌كانی ناو كتێب و بۆچونه‌كانی فۆكۆیاما له‌سه‌ر حوكمڕانی و كولتوری كراوه‌و گه‌وره‌دا، متمانه‌یه‌. مه‌به‌ستیش لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ به‌ كاراكته‌ری نه‌ته‌وه‌ (Nation)و دنیابینی و زه‌خیره‌ی زانست و پاشخانه‌كانی، ئه‌گوڕێت بۆ متمانه‌ به‌ سیستمی سیاسی و دامه‌زراندنی سیستمی (ڕه‌خائی) ئابوری. ئایا په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان ئه‌م متمانه‌یه‌و حوكمڕانی كوردیدا هه‌یه‌؟!

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...