Sep 10, 2016

رووبارێکـی بکـوژ

خالد سلێمان


چەمی تانجەرۆ کە لە ئاوەڕۆی سلێمانی و ئاوی دەزگا تەندروستی و خزمەتگوزاری و کارگە پیشەسازیەکان پێکدێت، سەرچاوەی بەشێکی زۆری بەرهەمی سەوزەی شاری سلێمانیە، هەروەها سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی بەشێکی لادێکانی ئەو پانتایە بەرفراوانەیە کە ئاوەکەی بەرەو بەنداوی دەربەندیخان پێدا تێپەڕ دەبێت، هەر لێرەشەوە دەبێتە یەکێک سەرچاوەیەکی بەنداوەکە، بەڵام سەرچاوەیەک کە پێی دەەوترێت ئاوی خۆڵەمێشی و ڕەش، واتە پیسترین جۆرەکانی ئاو کە تێکەڵ بە کەرەستەی کیمیاوی و پیسایی مرۆڤ دەبێت.
بەدرێژای کەمتر لە پێنج کیلۆ مەتر لە باشوری شارەوە، بەتەنیشت زبڵ و خاشاکی زیاتر لە ملیۆنێک و نیوێک دانیشتوان، ئاوی خۆڵەمێشی و ڕەشی دەرچوی ناو ماڵان و نەخۆشخانەو کارگەو شوێنی تر، روبارێک پێکدەهێنێت و بەرەو باشور تەکان دەدات. هەر لەوێدا، لە تەنیشت گوندی چقڵاوە، دیمەنی جیاواز و سەرنجڕاکێش لەسەر ئەم ڕوبارە بکوژە دەبینرێت، وێنەیەک لە کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا بینیم فڕێدانی لاشەی مانگایەکی مردار بوەوە بو لە ژێر پردی تانجەڕۆدا کە ئاوەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت. لە سەردانێکدا ترمدا بۆ هەمان شوێن، بە چەند هەنگاوێک لە خوار دیمەنی مانگا مردار بوەکەوە، پیرمێردێک لە بێستانێکی تێراو بە زێرابی سلێمانی ترۆزی لێدەکردەوە. ڕازی بو وێنەی ترۆزیەکە بگرم بەڵام نەیهێشت وێنەی خۆی بگرم.  ڕۆژانە دەیان تەنکەر لە بیرە ئاوەکانی نێوان پردی تانجەرۆو چقڵاوە، ئاو بۆ ناو شار دەگوازنەوە، بەڵام کەس نازانێت بۆ چی مەبەستێک ئەم ئاوە بەکار دەهێنرێت. ئەم بیرە ئاوانەش کە بەقوڵایی چەند مەترێک ئاوێکی زۆر دەدەن، سەرچاوەی ژیانی ئەو گوندەو گوندەکانی ترن، کە بۆ کشتوکاڵ و خوارنەوە بەکار دەهێنرێن و ڕۆژانەش چەندەها تەنکەریان لێ دەفرۆشرێن. 

خاوەن بیرەکان نایانەوێت قسە بۆ ڕۆژنامەنوسان بکەن و پێیان وایە هیچ شتێک سودی نیەو کەس بەدەنگیانەوە ناچێت. خاوەن بیرێک لە چقڵاوە کە نەیویست وێنەی بگرم و ناویشی بڵاو بکەمەوە دەڵێت: “خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئەم ئاوەوە نەخۆش دەکەون، بەڵام چی بکەین، ئەمە سەرچاوەی ژیانمانە، لێی دەخۆینەوەو دەیفرۆشین”. لێی دەپرسم کە ئەم تەنکەرانە ئاوەکە بۆ کوێ دەبەن و بۆ چی بەکار دەهێنرێت، ئەو لە وڵامدا دەڵێت نازانم، بەڵام یەکێک لە شۆفێری تەنکەرەکان لە لایەکەوە پێم باسی ئەوە دەکات ژمارەیەک لە مەلەوانگەکانی شارو شوێنە گەشتیارییەکان ئاوی ئەو بیرانە دەکڕن. 
لە تەنیشت پردەکەی تانجەڕۆ، پیرەمێردێک خەریکی بێستانێکە کە ڕاستەوخۆ لە ئاوەڕۆکە تێراو دەبێت. بەچەند هەنگاوێک سەروتر، هەرچی جۆری سەوزە هەیە بەرهەم دەهێنرێت و ڕۆژانە بەروبومی تێراوی سەر ئەم ئاوی ئاوەڕۆیە بازاڕەکانی سلێمانی پڕ دەکەنەوە. جگە لەمانە ئاوی تانجەڕۆ لە لایەکەوە بوەتە هۆی پیسبونی ژینگەی ناوچەکەو لە لایەکی ترەوە پیسبونی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە سەرچاوەی سەرەکی وزەو راوەماسی و کشتوکاڵی ناوچەکەیە.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەربارەی گرفتی پیسبونی ئاوی

 دەربەندیخان بەهۆی ئاوەڕۆکەی تانجەرۆوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەند سالێکە  بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیان لە کارەساتی ژینگەیی و پیسبونی سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان هۆشیار کردوەتەوە. بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت : “پاشەڕۆی شارەوانی، ئاوەڕۆو پاشەڕۆی ناوچە پیشەسازیەکان و کارگەو مەسفاکانی سوتەمەنی، تەنانەت پاشەڕۆی مەوادی ئێکسپایەر کە لە ناو دەبرێن، هەمو ئەمانە تێکڕا جۆرێتیی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانیان بەرەو خراپتر بردوە، بە تایبەتی لە پایزدا کە ئاستی ئاوەکە کەم دەبێتەوەو چڕی پیسبونەکە زیاتر دەبێت، بەتایبەتی هێڤی میتاڵەکان کە پاککردنەوەیان زۆر قورسەو زیانبەخشن”.

لە دوا هەوڵیدا بۆ ڕزگارکردنی دەریاچەی دەربەندیخان لەم حاڵەتە، ڕەحمان خانی لە بەرواری ١٠/٥/٢٠١٦  لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی بۆ دیاریکردنی مەترسیەکانی پیسبونی سەرچاوەی ئاوەڕۆی تانجەڕۆ کۆ بوەتوەو راپۆرتێکی لەو بارەیەوە پێشکەش کردوە. هەر لە پێناو هەمان ئامانجدا لەگەڵ پارێگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا کۆبوەتەوەو مەترسیەکانی ئەم ئاوە پیسەی لەگەڵدا باسکردون.

بە پێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە، بەشێکی بەرپرسیارێتی پیسبونی ژینگەو سەرچاوەکانی ئاو دەکەوێتە ئەستۆی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، چونکە بەپێی یاسا دەتوانێت ڕیگری لە زۆر زیادەڕۆی و پابەست نەبون بە یاساوە بکات. شوان مەلا مارف لە بەشی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی باسی ئەوە دەکات کە لە درێژەی بەدواداچون و چاودێریکردنی ڕەوشی ژینگە، بەبەردەوامی و مەترسی پیسبونی سەرچاوە ئاویەکان بە تایبەت بە ئاوەڕۆی ماڵان و پیشەسازییان خستوەتە بەرچاوی لایەنی بەرپرس و جێبەجێکار.
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هەمو لایەکیان لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەو پارێزگاو سەرۆکایەتی شارەوانی لە گرنگیی چارەسەری ئاوەڕۆی ماڵان و ئاوەڕۆی قورسی پرۆژە پیشەسازیەکان بە ڕاپۆرت ئاگادار کردوەتەوە. لەم میانەیەشدا دەڵێت: “لەو چوارچێوەی کاری ژینگەیی و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو بڕیار وابو لایەن کۆمپانیای (بایۆ-واتەر) پرۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی شاری سلێمانی کە دەرژێتە چەمی تانجەڕۆوە دابمەزرێت”، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەکە وەستا ناوبراو لە هەمان میانەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە هەوڵێکی تری فەرمانگەکەدا لەپێناو پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبون، “ڕەزامەندی نادەین بە پرۆژە پیشەسازییەکان.
تاوەکو یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ بۆ پرۆژەکانیان دانەمەزرێنن”. بەڵام بەپێی سەردانێکی مەیدانی ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتەو قسەی دانیشتوانی ناوچەکە، خاوەن پرۆژە پیشەسازییەکان، نفوزی خۆیان بەکار دەهێنن و پاشماوەی کارگەکانیان لە ڕۆنی بەکارهاتو و ئاسن و پارچەی ئێکسپایەر فڕێدەدەنە سەر زبڵ و خاشاکای سلێمانی و لەگەڵ هەر بارانێکدا دەگەنە ناو ئاوڕۆکەو لەوێشەوە بەرەو دەریاچەی دەربەندیخان.    

بەشێکی بەرپرسارێتی و چاودێریکردنی چەمی تانجەڕۆ دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی. لەبەشی تایبەت بە چاودێریکردنی ئاوەڕۆ دەپرسم کە ئایا ڕۆژانە چەند مەتری سێجا ئاو دەرژێتە ناو چەمی تانجەڕۆ، بۆ چارەسەری ئەو  ئاوە ناکرێت و لە بری زیان، بە قازانجی خەڵک و ژینگەو سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی بگەرێتەوە. شارەوانی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا باس لە نەبونی توانای دارایی دەکات و کاریگەری قەیرانی ئابوری لەسەر کارەکانی شارەوانی. دەربارەی ڕێژەی ئاوی پیسی فڕێدراو بە هەمو ئاستەکانیەوە، بەشی دیاریکراوی شارەوانی ئەڵێت “ پیوەرێکی تایبەت لەبەردەستدا نیە بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ئاوەڕۆی سلێمانی، بۆیە پشت بە ڕێژەی پێدانی ئاوی پاک دەبەسترێت کە بڕکەی بریتییە لە (١٥٠-٢٠٠) هەزار مەتری سێجا، لەو بڕەش نزیکەی (٢٥٪)ی کۆدەکرێتەوەو (٧٥٪) یش بەکار دەهێنرێت و دەبێت بە ئاوەڕۆ.
ڕوباری ئاوی رەشی تانجەڕۆ، هەڕەشەیەکی گەورەو بەردەوامە نەک تەنها بۆ سەر ژیانی خەڵکی شاری سلێمانی، بەڵکو بۆ سەر دانیشتوانی نێوان سلێمانی دەربەندیخان و هەروەها بۆ سەر ژینگەی ناوچەکەو سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، بەتایبەتی بۆ سەر بەنداوی دەربەندیخان کە یەکێکە لەسەرچاوە هەر گرنگ و سەرەکیەکانی کوردستان و عیراق. 




ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارەی ڕۆژی هەینی  ٩/٩/٢٠١٦


No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...