May 15, 2015

ئاین لەمیتۆدەکانی پەروەردەی کوردستاندا ‌

خالد سلێمان‌15/5/2015
ساڵی ٢٠١٢ لەبەر ڕازی نەبونی مەسیحیەکان و کاکەییەکان لەسەر ئەو بەشانەی لە کتێبی “ئاین ناسی” لە میتۆدی خوێندندا، ئەو دوو چاپتەرەی بۆ ئەوان  لە کتێبەکەدا دانرابون لە سەر خواستی خۆیان  لابران. ئەمە هەنگاوی یەکەمی ئەو قەیرانەی پەروەردەیە کە تا ئەم ساتە لە کوردستاندا بەردەوامە.
مەسیحییەکان پێیان وابو کە چیرۆکی لە دایکبونی مەسیح بەشێوەیەکی ناڕاست نوسرابو، بۆیە داوای لابردنیان کرد. ئەوەی پەیوەست بو بە کاکەییەکانەوە، بوون بەدوو بەشەوە، بەشێکیان پێیان وایە ئەوان موسڵمانن و نابێت وەک ئاینێکی جیا تەماشا بکرێن، بەشێکی تریان پێیان وایە کە ئاینەکەیان جیایەو ئەوەی لە میتۆدەکەدا نوسراوە ڕاستە. ئەم جیاوازیەش لای ئەوان بوە هۆی لابردنی ئەو بەشەی لە کتێبەکەدا لەسەر کاکەیی نوسرابو.
کتێبی ئاینناسی لە قۆناغەکانی  (١٠، ١١، ١٢)ی خوێندندا لە پێناو ئەوەدا بوو کە خوێندکارانی کوردستان جگە لە ئاینی ئیسلام ئاینەکانی تریش بناسن، بەڵام پرۆژەکە لەسەرەتادا - بەتایبەتی لە کتێبی قۆناغی ١٢دا- توشی دوو گرفت بوو، یەکەمیان ئەوەبو کە وانەکانی خوێندن لەسەر مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی و ئاینەکانی تر لەڕووانگەیەکی ئیسلامییەوە بنوسرێن و دابڕیژرێن کە ئەمەش دەبێتە هۆی ڕازینەبونی ئەوان. گرفتی دووەم ئەوەیە کە لە نێوان ئەو ئاینانەشدا جیاوازیی هەیە دەربارەی هەندێ مەسەلەی ئاینی تایبەت بە خۆیان هەیە و ڕوانگەیەکی یەکگرتویان نیە بۆ دانانی پرۆگرامێک لە میتۆدی خوێندندا هەموو لایەکیان ڕازی بکات.
نوسەرو ڕۆشنبیر ئەبوبەکر عەلی کە ئەندامی سەرکرادیەتی یەکگرتووی ئیسلامییەو یەکێکە لە ئەندامانی دانان و ئامادەکردنی مادەکانی ئاین-ناسی بۆ پۆلەکانی دواناوەندی، پێی وایە ئەرکی دانانی وانەی پەروەردەی ئیسلامی و ئاین-ناسی ئەرکی کەسانی پسپۆرە لە بوارەکەداو، دەبێت جیهان و تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردستان ڕەچاو بکرێت نەک شتی تر.
بەلای ئەبوبەکر عەلی-یەوە قۆناغی دواناوەندی قۆناغێکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤداو ناسنامەی کەسەکەی تیادا دروست دەبێت، چونکە لەم قۆناغەدا توانای تێگەیشتن و بەراوردکردنی هەیە لە نێوان ئاینەکاندا. بەلای ئەمەوە کە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  لەم ڕووانگەیەوە پێی وابوە کە پێویستە وانەی ئاین، ئاین-ناسیی بێت و بەجۆرێک بخوێنرێت دوو ئامانج بهێنێتەدی، یەکەمیان ئەوەیە کە قوتابی کورد ئاینەکانی تر بخوێنیت و لێیان تێبگات، دووەمیان دروستکردنی ڕووحێکی لێبوردەییان بەرامبەر ئاین و کولتورە جیاوازەکان.
بەلای ئەبوبەکر عەلی-یەوە، نەک تەنها ئاینەکانی جیاوازەکانی کوردستان، بەڵکو پێویستە بوزی و کۆنفۆشیۆس-یش بخوێنرێن و ئاسۆی کولتوری و زانیارییەکانی منداڵی کورد فراوان بکرێت، چونکە ئەو ئاینانەش بەلای ناوبراوەوە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن، “ ملیۆنان کەس کەس دوایان کەوتوەو پێویستە قوتابی کورد بزانیت بوزی و کۆنفیۆشیۆشی چین، من لەو ڕوانگەیەوە نوسیم کە ئەم ئاینانە سەرچاوەی مەعنەوییان تێدایەو خزمەت بە ئینسان دەکەن”  دەربارەی ئەوەی کە لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا تێگەیشن لە تێکستە ئاینییەکان بۆ منداڵان گرانەو لە ئاستی دەروونی و عەقڵی ئەواندا نیە، ئەو پێی وایە کە مەنهەجەکان موقەدەس نێن و “ لە ئاسمانەوە نەهاتونەتە خوارەوە”، بۆیە هەر ڕەخنەیە هەبێت جێگەی  ئەوەیە ڕاوەستانی لەسەر بکرێت، بەلای ئەبوبەکر عەلی-یەوە مەنهەجەکان لە کاتێکی جیاوازدا ئامادە کراون و  پێویستە پێداچونەوەی بۆ بکرێت و وای دەبینێت ، “ئەو کەسەی کە دەبێت قسەی لەم بوارەوە هەبێت، پسپۆری دەروونییە، چونکە ئێمە دەبێت بەشێوەیەک و بەزمانێک وانەی ئاین بڵێینەوە خزمەت بە گەشەکردنی  ڕووحی و مەعنەوی و ئەخلاقی منداڵان بکات نەک بە پێچەوانەوە”
دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان کە پسپۆری بواری پەروەردەیە پێی وایە کە دانانی پرۆگرامی خوێندن لە میتۆدی پەروەردەدا ئەرکی پسپۆرانی بواری پەروەردەیە نەک پیاوانی ئاین، هەر ئەمەشە بەڕای  ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شارەزایانی بواری پەروەردەو سایکۆڵۆژیای منداڵ، پێش هەموو شتێک بیر لە پێداویستییەکانی خوێندن و پەروەردە دەکەنەوە بەپێی تەمەن و تێگەیشتن و ڕەچاوکردنی کلیلی جیهانی منداڵان . سەروەر عەبدولڕەحمان پێی وایە کە نابێت وانەی ئاین منداڵان و گەنجانی کوردستان بەرەو توندڕەوی ببات و پێویستە ئەو شێوازەی کە مەنهەجەکەی پێدانراوە دوور بخرێتەوە لە دەستەواژەکانی وەک (جیهاد) و خەیاڵی توندوتیژ، چونکە ئەمانە لە ڕووی دەروونییەوە، “ لەگەڵ تەمەنی منداڵ و گەنجاندا ناگونجێن و توشی توندڕەوەییان دەکەن، لە کاتێکدا ئەوان پێویستیان بە تێگەیشتن و لە بەرامبەرو لێبوردەیی هەیە”. لە هەمان سیاقدا ناوبراو وای دەبینێت کە دەبێت لە پۆلەکانی سەرەتاییدا ئاسانکاری لە ئاماندەکردنی مادەی ئایندا بکرێت و تەمەنی منداڵان بەهەند وەربگیرێت، چونکە ئەوان توانای تێگەیشتنیان بۆ دەقی ئاینی کەمەو دیاریکراوە.
لەپاڵ ئەم قسانەی سەروەر عەبدولڕەحمان و ئەبوبەکر عەلی-دا کە لەگەڵ جیاوازی فیکرییاندا هاوڕان لەسەر مەنهەجی ئاین-ناسی، واقیعێکی تری پەروەردە هەیە لە زۆر کات و شوێندا بەمیزاجی ئەو کەسانە دەڕوات و کار دەکات کە بابەتە دەڵێنەوە.  ئەو کەس و مامۆستایانەی دەربارەی ئەم بابەتە قسەم لەگەڵدا کردون باسی ئەوە دەکەن لە هەندێک خوێندگاکاندا خوێندکارەکان لەبری لێبوردەیی و ناسینی ئاینە جیاوازەکان فێری توندڕەوی دەکرێن.
لەوانەیە کوشتنی موسا خدر تەمۆ (ڕۆژەی ١١/٥/٢٠١٥ لە بەکرەجۆ لە سلێمانی لاشەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە) کە زۆربەی ئاماژەکان بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە لەسەر ئەوە کوژرابێت کە ئێزدییە، ڕونترین نمونە بێت لەسەر توندڕەوی و بونی ڕق و کینە بەرامبەر کەمینە ئاینی و ئەتنیکە جیاوازەکان لەزۆر جومگەی ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا. بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک پێش چەند ڕۆژێک لە کوشتنی بەو شێوە دڕندانەیە موسا باسی ئەوەی کردوە کە لەبەر ئەوە ئێزدییە دژایەتی دەکرێت و داوای لێکراوە دەبێت ئاینەکەی خۆی بگۆڕێت. بەرپرسیارێتی ئەم ڕوداوەو چەندەها دیاردەی توندڕەوی ڕەمزی (زمانەوانی یان ڤێرباڵ) دژی دانیشتوانی غەیرە موسڵمانی کوردستان، پێش لایەنی و ئەمنی و کەمینە ئاینییەکان لە پاراستنی ژیانی خۆیان و دروست کردنی گیانی لێبوردەیی لای بەرامبەر، ئەرکی سیستمی پەروەردەیە بەپلەی یەکەم، هەر بە پلەی یەکەمیش ئەرکی کۆمەڵگەی موسڵمان خۆیەتی، ئەویش بەگوێرەی ئەوەی زۆرینەیەو لە ڕێگەی دامەزراوە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕای گشتی دەربارەی کەمینە ئاینی و ئەتنیکییەکان بگۆڕێت.
ئەرک و بەرپرسیارێتی پارتە ئیسلامییەکان، یان ئەو پارتە سیاسیانەی کە پاشخانێکی ئیسلامییان هەیە، لە ئەرک و بەرپرسارێتی سیستمی پەروردەو کۆمەڵگە کەمتر نیە، بە تایبەتی لەناو دامەزراوەکانی بڕیاری سیاسی و تەشریعی و تەنفیزیشدا نوێنەرایەتی نزیکەی ١٢٪ ی کۆمەڵگە دەکەن. لەوانەیە لیرەدا ڕونترین نمونە ئەو سوکایەتییە بێت کە واعیزێکی ئاینیی بەناوی (دکتۆر عەبدولواحید) دژی ئێزدییەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە کە بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پارتێکی ئیسلامی نەهاتە دەنگ بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو قسە ناشیرین و نابەجێینانەی دژی پێکهاتەیەکی گرنگ لە کۆمەڵگەی کوردستان کران.
ئاین-ناسییەکی تێرو تەسەل کە ببێتە هۆی فراوانکردنی ئاستی تێگەیشتن و زانیاری لای نەوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەربارەی ئاینە جیاوازەکان لە ناو سیستمی پەروەردەو فێرکردندا، ئەرکێکە پێویشتە نوخبەی سیاسی و کولتوری و ئاینی و مەدەنی کوردستان ئەمڕۆ دەستی بۆ ببات و بیکاتە ڕای گشتی نەک سبەی.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...