Mar 4, 2015

سێ كلیك له‌ كه‌نه‌دا، ئه‌وانه‌ی كوردستان ناژمێردرێن




خالد سلێمان‌ 

عادل شه‌رقاوی پیاوێكی كه‌نه‌دی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك مه‌راكشی “مه‌غریب”یه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ئیسلامیی ڕۆژهه‌ڵاتی مۆنتریاڵ-ه‌ له‌ هه‌رێمی كێبێك له‌ كه‌نه‌دا. كاره‌كه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت بریتییه‌ له‌ فێركردنی خوێندنی قورئان و زمانی عه‌ره‌بی و شوێنی كاركردنه‌كه‌ی له‌ هه‌ردو كۆلێژی میزۆنوێڤ و ڕۆزمۆن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی مۆنتریال به‌كرێ گرتوه‌.
له‌ ناوكاوێكدا هه‌ردو كۆلێژه‌كه‌ بڕیاری هه‌ڵواسینی كۆنتراكته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ره‌كه‌ی “شه‌رقاوی” ده‌ده‌ن و له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌نته‌ری
ئیسلامیی ڕۆژهه‌ڵاتی مۆنتریال له‌سه‌ر سایته‌كه‌ی خۆی هه‌ندێ شتی بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌هاكانی ئه‌واندا ناگونجێت. ڕۆژێك دوای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ عادل شه‌رقاوی كه‌ له‌ساڵی (٢٠٠٥)ه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌فه‌ر كردنێكی زۆر بۆ پاكستان و به‌تومه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ (قاعیده‌) له‌ژێر چاودێریدا ده‌بێت و بازنگی ئه‌منیی له‌ ده‌ستدا ده‌بێت و تا ساڵی ٢٠١٣ ناسنامه‌ی كه‌نه‌دی نادرێتێ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا ئه‌وه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ شتی نه‌شیاوی له‌سه‌ر سایته‌كه‌ی بڵاو كردبێته‌وه‌و قسه‌كانی هه‌ردو كۆلێژه‌كه‌ به‌ڕاوكردنی “سیحربازه‌كان” له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات.
هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا ته‌له‌ڤزیۆنی (ڕادیۆ-كه‌نه‌دا) لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ ده‌كات و ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، له‌سه‌ر سایته‌كه‌ لینكێك دانراوه‌ به‌ناونیشانی (وانه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌مو موسڵمانێك ده‌بێت بیناسێت)، ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌مانباته‌ سه‌ر لینكی هه‌ندێ كتێب و له‌گه‌ڵ كلیك كردندا، خوێنه‌ر ده‌چێته‌ سه‌ر هه‌مو ئه‌و كتێبانه‌ی له‌سه‌ر “جیهاد” نوسراون و به‌هه‌ردو زمانی عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی به‌ (پی دی ئێف) له‌سه‌ر ئه‌و سایته‌ ده‌رده‌كه‌ون.
لێره‌دا ئیتر شه‌رقاوی قسه‌ی نامێنێت، چونكه‌ یاساكانی “مه‌لتی-كولتورالیزم” واته‌ فره‌كولتوریی ڕێگه‌ به‌هه‌مو ئاینێك ده‌ده‌ن موماره‌سه‌ی ئه‌ركی ئاینی و كولتوری و زمانه‌وانی خۆی بكات و ئه‌ندامه‌كانی ئازادن له‌ دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری ئاینی و مزگه‌وت و چالاكی كولتوری، دوور له‌هه‌ر میتۆدێك گه‌نجان به‌ره‌و توندتیژی وناته‌با له‌گه‌ڵ به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌نه‌دیدا ببات.
ئه‌م ڕوداوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری میدیاكانی كه‌نه‌دای به‌وه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردوه‌و پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كه‌سێك یان گروپێكی كه‌مینه‌، ئاینی بێت یان ئه‌تنی یان زمانه‌وانی، بۆ ده‌بێت له‌ كه‌نه‌دا، له‌ناو كایه‌ی په‌روه‌رده‌دا، خوێندكاران و گه‌نجان به‌ره‌و جیهانی توندوتیژی  ئاراسته‌ بكات، به‌تایبه‌تیش باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌سێك له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ی عادل شه‌رقاوی-یه‌وه‌ چوه‌ بۆ بۆ ناو داعش له‌ سوریا، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌نته‌رانه‌ له‌ كه‌نه‌دا به‌شێكن له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌و چالاكیه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌ها گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌نه‌دی جیا ناكرێنه‌وه‌.
 هه‌ڵبه‌ته‌ شه‌رقاوی لێره‌دا نه‌یتوانی پارێزگاری له‌ خۆی بكات و ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سه‌ ته‌نها دوو كۆرس له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئه‌ودا خوێندویه‌تی، به‌ڵام ئه‌و سایته‌ “جیهاد”ییه‌ی كه‌ ته‌نها سێ كلیك له‌ سایه‌تی سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئه‌وه‌وه‌ دووره‌، بۆی هه‌یه‌ چه‌نده‌ها گه‌نجی تر له‌ خشته‌ به‌رێت و بیخاته‌ سه‌ر رێگه‌ی جیهانه‌ ترسناكه‌كه‌ی داعش.
***
كلیكی بێژماره‌ له‌ كوردستان
ڕۆژی ٣٠/١ كه‌ داعش هێڕشی كرده‌ كه‌ركوك سایتێكی نزیك له‌ سه‌له‌فییه‌-جیهادییه‌كان، هه‌واڵێكی بڵاو كرده‌وه‌ به‌هه‌مو پێوانه‌یه‌ك دژی هێزی پێشمه‌رگه‌و كه‌ركوك و كوردستان بو، له‌به‌رامبه‌ردا ڕێك ئه‌و په‌یامه‌ی گه‌یاند كه‌ داعش ده‌یوسیت، ئه‌ویش تێكدانی باری ده‌روونی خه‌ڵی كه‌ركوك و گه‌یاندنی زانیاری ناڕاست و نادروست و دوور له‌ ڕاستیی واقیعه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كه‌ی پارێزگاكه‌. ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌ ڕانه‌وه‌ستان، كه‌ناڵه‌كانی میدیاو سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ر ئه‌م پێشێلكارییه‌ ڕانه‌وه‌ستان و وه‌ك ڕوداوێك ته‌ماشا نه‌كرا دژی ئاسایشی گشتیی خه‌ڵكی كوردستان بێت.
له‌پاڵ ئه‌مه‌دا ڕۆژانه‌ چه‌نده‌ها سایتی ئه‌لیكترۆنی تر له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ له‌شێوه‌ی سایته‌كه‌ی شه‌رقاوی له‌ هه‌رێمی كێبێك له‌ كه‌نه‌دا، گه‌نجانی كوردستان له‌ خشته‌ ده‌به‌ن و به‌سه‌رچاوه‌ی فیكری توندوتیژی و به‌های دوور له‌ به‌هاكانی لێبورده‌یی و ئاشتی به‌ره‌و شوێن و ژینگه‌ی خراپ و نامرۆییانه‌ ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌س قسه‌یان له‌سه‌ر ناكات، كه‌س له‌سه‌ریان ڕاناوه‌ستێت، ناكرێنه‌ ڕای گشتی و دیبه‌یتیان له‌سه‌ر ناكرێت، وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌و پێشمه‌رگه‌و ناوخۆ و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌و ڕاوبۆچونیان نیه‌. كه‌ناڵه‌كانی میدیا له‌ كوردستان له‌ ناو قسه‌كردندا له‌سه‌ر “پرۆفشناڵ بون و سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌هلیبون و په‌تای ئه‌وه‌ی كێ یه‌كه‌مه‌”دا ئه‌م هه‌مو كلیكه‌یان له‌ بیر كردوه‌ كه‌ چه‌ندان گه‌نجی وڵات به‌ره‌و ناوچه‌ی زۆر ترسناك له‌ بیری مرۆڤایه‌تیدا ئاراسته‌ ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌تا كه‌ناڵه‌كانی میدیای كه‌نه‌دا كه‌ كه‌س شكی له‌ سه‌ربه‌خۆیی و پرۆفشناڵ بونیان نیه‌، سێ كلیكه‌كه‌ی عادل شه‌رقاوی-یان كرده‌ مه‌سه‌له‌ی ڕای گشتی، به‌ڵام پێش ئه‌وان دوو كۆلێژ كلیلی دیبه‌یته‌كه‌یان كرده‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌یان له‌ ترسی له‌و جۆره‌ ئاگادار كرده‌وه‌.
به‌كورتیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ته‌نها ٣ كلیك بو، ئه‌وی ئێمه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ت، ئه‌وه‌ی ئه‌وان میدیاو كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ژاند، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ بێده‌نگیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌وه‌ی ئه‌وان، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زانراوه‌ گه‌نجێكی ئاراسته‌ی دۆزه‌خی داعش كردوه‌، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی لای ئێمه‌ زۆرن و زۆر شه‌رم ده‌كه‌ین باسیان بكه‌ین.


No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...