Mar 2, 2015

بۆچی (مێری) بەتەنها؟


خالد سلێمان

لە ڕونکردنەوەیەکدا کە سایتی خەندان بڵاوی کردوەتەوە ئینیستیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) لەبارەی دابین كردنی پارەوە بۆ كارو چالاكیەكانیان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو لە ڕوونكردنەوەكەدا، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە تەرخانكردنی کردنی سێ‌ ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلار بۆ كارو پرۆژەكانیان، پێش دروست بوونی قەیرانی دارایی هەرێم بووە. لە ڕوونكردنەوەكەی ئینیستیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە بە (مێری) ناسراوە، ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە لەبڕیاری ( 1601 ) لە ڕێكەوتی ( 20- 12- 2013 ) دوای پێشكەش كردنی پلانی پێنج ساڵی دامەزراوەكە بڕیار لەسەر خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە.
ڕونکردنەوەکە وردەکاری تری تێدایە، بەڵام زیاتر لە زمانی پەخشانەوە نزیکەو باسی سەنتەرەکانی دیراساتی ستراتیژی و فیکری دەکات کە لە ئەوروپاو ئەمریکا هەن و پێیان دووترێت: تینک تانک.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆ چی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەو یارمەتی هەمو سەنتەرو ڕێکخراوەکانی بڕی، کەچی بڕی سێ ملیۆن و نیو دۆلار بۆ سەنتەرێک لەگەڵ ڕاگەیاندنی دامەزراندنیدا تەرخان دەکات، ئەمە بەچی یاسایەک کراوەو چۆن، بۆ بە تەنها پەیمانگای (مێری)، نەدەکرا ئەو بڕە پارەیە بۆ چەند ناوەندێکی تریش بێت کە خاوەن پرۆژەو کاری جیددی بن، ئایا تەنها لەبەر ئەوەیە کە دامەزرێنەرەکەی وەزیری پێشوەو لە ناوەندەکانی بڕیارەوە نزیکە؟. خۆ ئەگەر لە ڕێگەی تایبەتەوە ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا نەکرایە، هەرگیز باس نەدەکراو لە کاتی خۆیدا (مێری) ئەمەی بۆ ناوەندەکانی میدیاو ڕای گشتی ئاشکرا نەکردو بە ناچاری لە کاتێکدا باسی دەکات کە هەواڵەکە لە کەناڵی تایبەتەوە گەیشتوەتە میدیاکان.
لە دنیادا هەمو سەنتەرێک لەسەر ڕۆشنای کارو چالاکی و پرۆژە پارەی بۆ سەرف دەکرێت و دوای ئەوەش هەڵسەنگاندن بۆ ئەو چالاکی و پرۆژانە دەکرێت. سەرۆکی پەیمانگای (مێری) دکتۆر عەلادین لە هەمومان ئەوە باشتر دەزانێت و یارمەتیەکانی حکومەت و یەکێتی ئەوروپا بۆ هەر شوێنێک بێت لەسەر بنەمای کارو چالاکی و هەڵسەنگاندن یارمەتیەکانی دەبەخشێت، ئەی چۆن دەبێت لە چرکەساتی دامەزراندنەوە بڕێکی پارەی زۆر بەبێ هیچ هەڵسەنگاندنێک بدریێت و دوای دوو ساڵ پیی بزانرێت؟.
خوانەخواستە، ئەم تێبینییەی من لەسەر ئەوە نیە کە دژی ئەم یارمەتیانە بە سەنتەرە ستراتیژی و فیکرییەکانی وڵات بدرێت، بەڵام چۆن دەبێت، یەکسانیی لە یارمەتیەکاندا دەبێت، هەڵسەنگاندن هەیە، ئایا ئەوە بەسە کەسانی ناوەندەکانی بڕیار و چەند کەسایەتییەکی ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان لە شوێنێکدا کۆ بکرێنەوەو چەند پانێڵێک ببنە پێوەر؟.
ئەگەر وا بێت ئەوە ئەگەر ئەو پارەیە لای هەر سەنتەرێکی خاوەن سەنگ بێت، دەتوانێت ئەو کارانە بکات، بەڵام گرفتەکە وەک پەیمانگای (مێری) و هەموان دەیزانین لە نەبونی عەدالەت و شەفافیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە لە هەڵسەنگاندن و نەناسینی توانا فیکری و ئەکادیمییەکانی ناو کوردستاندا، ئەمە جگە لەوەی یارمەتی ئەو پەیمانگانە دەدات کە زیاتر لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا ڕۆڵێکی ڕاوێژکارییان بۆ حکومەت دەبێت، نەک ڕەخنەیی و هەڵسەنگاندنی ئەدای حوکمڕانی وەک ئەوانەی لە ئاستی پەیمانگاکانی جیهاندا دەکرێن.

2 comments:

kareem kawa said...

کاک خالید منیش هەمان پرسیارم بۆ دروست بووە کە ئایا نهینی سەرف کردنی بڕێکی وەها زۆری پارە بۆ پەیمانگایەک یا سەنتەرێک هەر لە زگماکەوە بە چی یاسایەک کراوە و ئەم جیاکارییە بۆ؟
ئەگەر بە پێی یاسای رێکخراوەکان بێت ئەوا پارە نبە پێی پرۆژە سەرف دەکرێ ئەویش ئەگەر بکرێ.
من ناڵێم ئەوان پرۆژەکانیان باش نیە یاخود نامەوێ لە کارەکانیان کەم بکەمەوە بەڵام ئەپرسم لە حکومەت ئەم جیاکاری و واستەکارییە تاکەی؟
و دەڵێم کوا ئەو پەرلەمانتارانەی لە سەر شتی بچوک بە دەنگ دێن و لە سەر ئەمەیان چییان کردوە؟

Khaled Sulaiman said...

وەڵا کاک ئارام منیش هەمان پرسیارم هەیە، ئەمە مشتێکە لە خەرمانی ناعەدەلاتی لە کوردستاندا

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...