Jan 14, 2015

من و کتێب.. ڕۆستەمی زاڵ لەدەرەوەی زەمەن ‌

خالد سلێمان‌7/12/2014

پێش چەند ساڵێک ڕادیۆی قاوەخانەی کولتوریی لە سلێمانی زنجیرە چاوپێکەوتنێکی لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا لەسەر کتێب و ئاشنابوون بە جیهانی کتێب تۆمار کرد. منیش یەکێک بووم لەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵدا کراو بۆ یەکەمجار بەقوڵی بیرم لەوە کردەوە چۆن کە لادێیەکی دوورەدەستی گەرمیاندا، کە لە دەرەوەی زەمەندا دەژیا، ئاشنای کتێب بووم؟ ئەم پرسیارەم لە خۆم بەشێکە لە چیرۆکێکی لادێیانەو خەیاڵی پیاوێکی نەخوێندەوار، تێیدا خەون بەوەوە دەبینێت منداڵەکانی خوێندەوار بن. ئەو پیاوە باوکم بوو کە برایەکی لەخۆی بچوکتر شانسی ئەوەی هەبوو ببێتە فەقێ و لە حوجرەدا بخوێنێت، بەڵام خۆی لەبەر ئەوەی کوڕی گەورە بوو، بەرپرسیاڕیتی زیاتر بوو، ئەو شانسەی نەبوو، بۆیە بەردەوام دەیەویست وێنەی هەرزەکارێتی خۆی وەک خوێندەوارێک لە منداڵەکانیدا ببینێت و بە حیکایەتەکانی وەک ڕۆستەمی زاڵ-ی ئاشنا دەکردن.
 لەکاتی تۆمارکردنی بەرنامەکەوە تا ئەم چرکەیە ئەم نووسینە لەسەر پەیوەندیم بە کتێب و حیکایەتەوە، فیکرەیەکە بەردەوام دووادەکەوێت. ئەگەر لەمە زیاتر دواکەوێت، ئەوا دەمرێت.
ساڵی ١٩٧٨ کە بۆ یەکەمجار قوتابخانە هاتە لادێکەمان باوکم من و برایەکەی بچووکتر لە خۆم (تەها سلێمان)ی، خستە بەرخوێندن، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و دووان ئەوانی تریشی بەهەمان ڕێچکە خستە بەرخوێندن. بەڵام قوتابخانەکان تەنها بریتی بوو لە ژوورێکی گەورەو ژوورێکیش لە تەنیشتییەوە بۆ مامۆستاکەمان (هاشم کەرەم ئسماعیل) بوو کە تا ئێستاش بەشێکە لە مێژووی هەموو خێزانەکانی لادێی (قەڵاچەرمەڵە) و یادەوەری ئەو کەسانی لە ئەنفال دەرباز بوون و نەچوونە ناو لیستی ئەنفالبووان و گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
قەڵاچەرمەڵەو لادێکانی دەوروبەری لە دەرەوەی زەمەندا دەژیان، چونکە بێ کارەبا و بێ ئامرازی گواستنەوە و بێ سیستمی تەندروستی بوون، لە کۆتایی حافتاکانەوە (سەدەی بیستەم)، قوتابخانە لە هەندێکیاندا کرایەوەو لە ناوەڕاستی هەشتاکانیشدا کارەبا گەیشتە چەند لادێیەک. ئامرازی خۆگرێدان بە جیهانی دەرەوە یان ڕادیۆ بوو، یان ئەو کەسانەی بۆ کرێنی چەند پێداویستییەکان دەچوونە شار. شارەکانی ئەو کاتەی گەرمیانیش تەنها لادێی گەورە بوون و هیچی تر، لە ڕادیۆکانیشەوە تەنها دەنگی حەسەن زیرەک و سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و ئەوانی تر ئێمەیان دەخستە ناو جیهانەوە. لەسەرەتای هەشتاکانەوە، دوو سەعاتی ئێواران ڕادیۆکانی شۆڕش خەیاڵی خەڵکیان داگیر دەکردو دانیشتوانی لادێکانیان دەبەستە جیهانەوە.
هەر لە سەرەتای هەشتاکانیشەوە، ئاشنای تێلێڤیزیۆن و بووین و لەماڵی خزمێکی نزیکدا (جەباری حاجی حەمید کە خۆی خێزانەکەی و برایەک و خوشکەکانی بەتەواوەتی ئەنفال کران و تەنها برایەکی ڕزگاری بوو) تەلەفزیۆنێکیان کڕی و هەموو ڕۆژێک چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە خۆر ئاوا دەبێت بۆ ئەوەی لە بەردەم سیحری ئەو شاشە بچووکەدا  کە بەهۆی پاتری تراکتۆرەکەیانەوە دەیانخستەکار، دابنیشین و تەماشای دنیایەکی تر بکەین، دنیایەکی جیاواز لەوەی خۆمان.
لەو دەمەدا باوکم (سلێمان خەلیفە عیسا) کە لە گەرمیانەوە ڕووی دەکرد بەغدا بۆ کرێکاری و دوای هەموو مانگێک لەگەڵ هەندێ جل و بەرگی نوێ و خواردن و چەند وێنەیەکی زارەکی لەسەر بەغدا دەگەڕایەوە، لەگەڵ خۆیدا چەند کتێبێکی بۆ دەکڕین. لەسەرەتادا نەمدەزانی بۆ ئەو کتێبانە کە چیرۆکەکانی ڕۆستەمی زاڵ و خورشید و خاوەر و شیرین و فەرهاد و مەولودنامە بوون، بۆ من دەکڕێت و ئامانجی چیە؟ دەیەوێت ببمە نووسەر یان حیکایەخوان، یان ئەمە ئارەزووی خۆیەتی و دەیەوێت گوێ لەو چیرۆکانە بگرێت؟ لەگەڵ ڕۆژاندا بۆم دەرکەوت ئەوە ئارەزووی باوکم بوو گوێ لەو حیکایەتانە بگرێت، چونکە کاتێک شەوان دوای بەجێهێنانی ئەرکەکانمان و دابین کردنی جێگەو ڕێگەی ئەو چەند بزنەی هەمانبوو لەگەڵ کارەکانیاندا، دەستم دەکردە خوێندنەوەی چیرۆکێک، لە هەندێ شوێندا ڕایدەگرتم و تێبینی لەسەر جۆرو ئیقاعی خوێندنەوەکە دەدامێ. لەو کاتەوە زانیم کە باوکم جگە لەوەی دەیەوێت منداڵەکانی خوێندەوار بن، خۆشی چێژ لەو چیرۆکانە دەبینێت، ئەویش لە ژێر کاریگەری ئەو کەسانەی لە شاردا دەیبینین و قسەی لەگەڵ دەکردن.
یەکەم چیرۆک کە بۆی هێنام و خوێندمەوە، ڕۆستەمی زاڵ بوو، دووای ئەوە خوڕشید و خاوەر و شیرین و فەرهاد، هەروەها مەولودنامەش. ئەم چوار حیکایەتە منیان خستە ناو جیهانی کتێبەوە. ئەو شەوانەی ئەم کتێبانەم بە دەنگ و ئیقاع بۆ باوک و دایک و ئەندامانی تری خێزان دەخوێندەوە، گەرمیانی ئێمە لە خەیاڵی کەسدا نەبوو، یان وەک لەسەرەتادا وتم لە دەرەوەی مێژوو، هەروەها لە دەرەوەی زەمەندا بوو. ئەو چیرۆکانەش زیاتر لە (ئێستا)ی ئەو دەمە دووریان دەخستینەوەو دەیانخستینە ناو چەند حیکایەتێکی خەیاڵییەوە، بەڵام حیکایەتی پڕاوپڕ بە پێوانەی خەیاڵی دانیشتوانی لادێ.        
لێرەدا وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووس باسی ئەم پەیوەندییەی خۆم لەگەڵ کتێبدا ناکەم، بەڵکو وەک پەیوەندییەکی ئاسایی نێوان هەر کەسێک لەگەڵ کتێبدا، کە لەوانەیە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێمە منداڵیمان لەگەڵ کتێبخانەو جیهانی کتێبدا بەسەر بردبێت و لە ڕوانگەیەکی ترەوە تەماشای پەیوەندییەکە بکەین. ئەوەتا باوکیشم کە لە تەمەنی (٤٥) ساڵیدا دنیای بەجێهێشت و ماڵئاوایی لێکردین، لەگەڵ ئەوەی نەخوێندەوار بوو، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ کتێبدا هەبوو، لەگەڵ هەموو چوونێکیدا بۆ بەغداو گەڕانەوەیدا، لە شارۆچکەی کفری لایدەداو دەچووە بازاڕە کۆنەکەی قەیسەری و ئەو حیکایەتانەی ئاماژەم پێکردن بۆ منداڵەکانی دەرکردە دیاری.
ڕۆستەمی زاڵ پێش کتێبەکان
پێش ئەوەی باوکم ئەو کتێبانەمان بۆ بکاتە دیاری و حیکایەت خوێنی شەوان لەبەردەم چرایەکی بچووکدا، ڕۆستەمی زاڵ لەسەر زمانی خەڵک بوو، بەبێ ئەوەی کەس ناوی کتێبی (شاهنامه) و نووسەرەکەی (فیردەوسی) بیستبێت، بەڵام بیستنی دەماودەم وەک ئەوە نەبوو یەکێک بەو زمانە هۆنراوەیەی پێی نووسراوە بیخوێنیتەوە. ئێمە ناوی ڕۆستەمی زاڵ-مان زۆر لە ژیانی ڕۆژانەدا دووبارە دەکردەوە، بەڵام نەماندەزانی ئازایەتییەکانی ئەم پاڵەوانە ئەفسانەییە دژی کێ بوون و لە پێناو چیدا بوون، لە خەیاڵی خەڵکیشدا ڕۆستەم کورد بوو. گرنگ ئەوە بوو پاڵەوانێک لە خەیاڵی گشتیدا هەبێت، بۆ ئێمەی منداڵان باش لەمە تێنەدەگەیشتین، بەڵام دەبوونە کتێبی زارەکی و لە یادەوەریماندا دەچەسپین.
بۆ منداڵانی لادێیەکی وەک قەڵاچەرمەڵەو لادێکانی تری ناو گەرمیان و دەرەوەی جیهان، تەنها دوو شت هەبوو بیانخاتە ناو ژیانەوە، یەکەمیان حیکایەت و مەتەڵ بوون کە باوکان و دایکان سڵیان لەوە نەدەکردەوە لە سەرەتای شەوانی زستاندا ترسناکترین حیکایەت بۆ منداڵەکانیان بگێڕنەوە، لە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو حیکایەتانەشدا کە باسی کەسە ئازاکان دەکرا ناوی ڕۆستەمی زاڵ دەهات. ئەوەی دووەمیان یاری کردن بوو بە هەڵمات و قەباغ (قەوان)ی گوللە تفەنگ، ئەگەر هەڵماتمان دەست نەکەوتایە، ئەوا خۆمان داهێنانمان دەکردو لە بەردی سپی  هەڵماتی تایبەتمان دروست دەکرد. لەمەشیاندا شتێک هەبوو پەیوەندی هەبوو بە دابڕان و ڕاوەستان لە دەرەوەی جیهان، چونکە نەبوونی هەڵماتی شووشەیی ئامادە یانی دووریمان لە شارو دنیاوە، هەبوونی قەباغی گوللە تفەنگیش دیسانەوە پەیوەندی هەبوو بەجیهانێکەوە هەڕەشەی لێدەکردین. ئەوەی لەبارەی ئەم هەڕەشەیەوە لەبیرم ماوە گۆزەیەک بوو پڕم کردبوو لە هەڵمات و قەباغی گوللە تفەنگ، ڕۆژێک هەر ئەوەندە هەواڵێک هات و وتیان ئۆتۆمبێلێکی عەسکەریی بەڕێگەوەیە بۆ لادێ، تا ئێستاش ئەو وێنەیەم بێر ناچێتەوە چۆن دایکم گۆزەکەی هەڵگرت و فڕێی دایە ناو بیرە ئاوێکی ناو ماڵەکەمانەوە کە لە دووایشدا لەبەر بێئاوی پڕ کرایەوە. ئەوەی دایکم کردی لە پێناو شاردنەوەی وێنەیەکدا بوو، من نەمزانی وێنەی چی بوو، بەڵام لە دووایدا، ساڵانێکی زۆر دووای ئەو ڕووداوە زانیم کە شاردنەوەی جیهانەکەی من (هەڵمات و قەباغی گوللە تفەنگ) لە پێناو ئەوەدا بوو کاتێک عەسکەر دەگەنە لادێکە بڵێن:  ئەم شوێنە دابڕاوە لە جیهان، چونکە ئەگەر قەباغی ناو گۆزەکەی منیان  بەرچاو بکەتایە، ئەوا دەیانوت، دابڕاو نیەو ئەوەتا قەباغی تێدایەو بەشێکە لە شەڕ دژی دەسەڵات.
لەم قۆناغەدا کتێبەکانی ڕۆستەمی زاڵ و خورشید و خاوەر و شیرین و فەرهاد بەشێک نەبوون لە ژیانمان، هێشتا چیرۆکەکان زارەکی بوون، شتێکی ماتیریێل (ماددی) نەبوو پەیوەندییەکان دۆکۆمێنت بکات. حیکایەتەکانیش هەر بەو شێوەیە بوون، حیکایەتی گۆزەکەش هەروابوو، بەڵام چیرۆک لە کتێبێکداو بوونی وێنەیەکی ئەفسانەیی لە بەرگی یەکەمدا، پەیوەندییەکەی گۆڕی و ئیتر جۆرێک لە دۆکۆمێنت کردنی پەیوەندی لەگەڵ وێنە خەیاڵییەکاندا دەستی پێکرد.
دوای ئەو حیکایەتانە کە هەوڵێکی زۆری نەدەویست بۆ تێگەیشتن و لەبەرکردن، لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییدا بووم، مەفرەزەیەکی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان هاتنە لادێکەمان و بەسەر ماڵاندا دابەشبوون، یەکێک لەو دوو پێشمەرگەیەی میوانی ئێمە بوون، خوێندەوار بوو، نازانم لە بیری چوو یان بە ئەنقەست بوو، کتێبێکی کۆپی کراوی قەبارەی گیرفانی لە دوای خۆیەوە بەجێ هێشتبوو، لەگەڵ ئاڵۆزیی بابەتەکەدا بە پیتێکی ئەوەندە بچووک نووسرابوو، تا ئێستاش مەراقی ئەوەم جارێکی تر دەستم بکەوێتەوەو لێی تێبگەم.


No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...