Oct 15, 2014

كۆبانێ، له‌سه‌رووی نه‌ته‌وه‌وه‌ ‌

خالد سلێمان
له‌سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ئه‌مساڵدا (٢٠١٤) له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكی (په‌یه‌ده‌) ساڵح موسلم ده‌رباره‌ی توانای هێزه‌كانی په‌یه‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌به‌رده‌م فاشیزلامیزمی داعش پرسیارم لێكرد، له‌وه‌ڵامدا وتی: «پێم باشه‌ میدیا له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك روون بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵكی كۆبانێ-یه‌ به‌رگری ده‌كات نه‌ك به‌ته‌نها هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌».ئه‌م وه‌ڵامه‌ بۆ منێكی رۆژنامه‌نووس كه‌ پێش هه‌موو شتێك به‌دوای فاكت و زانیاریدا ده‌گه‌ڕێم، كه‌مێك رایگرتم، چونكه‌ پارتی سیاسی له‌هه‌موو پارچه‌ دابه‌شكراوه‌كانی كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌دوای سه‌روه‌ری و مێژووی قاره‌مانێتیدا ده‌گه‌ڕێت و كلتووری سیاسی نه‌گه‌یشۆته‌ ئاستێك خه‌ڵك بكرێت به‌دروستكه‌ری مێژوو، هه‌روه‌ها به‌چه‌قی رووداوه‌كان. ئه‌م قسه‌یه‌ی ساڵح موسلم مایه‌ی له‌سه‌ر راوه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ خه‌ڵكی كۆبانێ له‌به‌رده‌م ئه‌م هێزه‌ فاشییه‌دا خۆڕاگرییه‌كی بێ وێنه‌ ده‌نوێنن.
یه‌كه‌م هه‌ڵوه‌سته‌كردن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شاره‌ له‌زۆر رووه‌وه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ دابڕا، له‌ڕووی جوگرافی و ئابووری و سیاسییه‌وه‌، هیچ شتێك نه‌ما بیبه‌ستێته‌ كوردستانه‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی كۆبانێ و شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ و ئیراده‌ی سیاسی لای په‌یه‌ده‌ لۆژیكی باوی فه‌شه‌ل پێهێناو توانرا شاره‌كه‌ بكرێته‌ ئایكۆنێكی گه‌وره‌ له‌مێژووی به‌رگری دژی فاشیزلامیزم.دووه‌م شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی به‌رچاوی هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ ژنن و روونترین و به‌هێزترین نموونه‌ی ئازایه‌تی و قاره‌مانێتییان پیشانی نه‌ك ته‌نها كورد، به‌ڵكو هه‌موو جیهان داوه‌، ئه‌مه‌ش خاڵێكی نوێیه‌ له‌مێژووی سیاسه‌تدا له‌ كوردستان. به‌گشتی سیاسه‌ت و به‌رگری له‌وڵاتی ئێمه‌دا، به‌تایبه‌تیش له‌هه‌رێمی كوردستاندا، یان به‌بێ ژن یان به‌په‌راوێزخستنی ژن كراوه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین كۆبانێ به‌تایبه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی به‌گشتی له‌باكورو رۆژئاوا خاڵێكیان له‌سه‌رووی تێگه‌یشتنه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌وه‌ تۆماركرد.ئه‌و بێده‌نگییه‌ی له‌هه‌رێمدا به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی داعش له‌ڕۆژئاوادا هه‌یه‌ خاڵێكه‌، لاوازیی نه‌ته‌وه‌یی له‌ڕیشه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، لاوازییه‌ك كۆبانێ له‌ زۆر شوێندا پڕی ده‌كاته‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی جاده‌كانی كوردستان ده‌جوڵێنێت. یه‌كێك له‌ موفاره‌قه‌ سه‌یره‌كانی ژیانی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر رۆژئاوا، وه‌ك ئایكۆنێكی دیار، دروستبوونی ئاراسته‌ی دژه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ كۆبانێ ده‌كاته‌ تارگێت (ئامانج)، چونكه‌ ئه‌م شاره‌ له‌و په‌ڕی دابڕاویدا كه‌لێنه‌كانی كوردایه‌تی پڕ ده‌كاته‌وه‌.گرنگترین خاڵی لاوازكردنی كورد له‌م هاوكێشه‌یه‌دا كه‌ كۆبانێ و رۆژئاوا چه‌قه‌كه‌یه‌تی، توركیا رۆڵی دیاریكردنی یاریزانه‌كان دیاری ده‌كات و لۆژیكی جوگرافیاش ئه‌م رۆڵه‌ زه‌به‌لاح ده‌كات، چونكه‌ ده‌رگای داخراو به‌سه‌ر كۆبانێ-دا ته‌نها له‌وه‌دا كۆنابێته‌وه‌ كه‌ توركیا له‌هه‌وڵی خنكاندنی هێزێكی كوردستانیدایه‌، به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ فاشیزلامیزم دژی هه‌ر رۆڵێك بۆ كورد له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، دروستكردنی كاراكته‌ری سیاسی وایه‌ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیدا كه‌ به‌پێوه‌ری «ئه‌ردۆگانیزم» بجوڵێته‌وه‌.به‌ڵام له‌مه‌شدا، كۆبانێ ده‌بێته‌ جێگه‌ی «هه‌را»ی نه‌ك ته‌نها لۆكاڵی و هه‌رێمایه‌تی، به‌ڵكو هه‌رای نێوده‌وڵه‌تیش كه‌ وێنه‌ی كورد تیایدا وه‌ك وێنه‌یه‌كی «ماچۆ»یان، واته‌ پیاوانه‌، نامێنێته‌وه‌و ژن فه‌زایه‌كی به‌رچاوی تیادا داگیر ده‌كات و بگره‌ ده‌بێته‌ ئایكۆنی گه‌وره‌ی كوردستان له‌ ناو میدیاكانی جیهاندا.به‌كورتییه‌كه‌ی، به‌هه‌موو پێوه‌ره‌ سیاسی و سه‌ربازی و به‌ها مرۆییه‌كانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ كۆبانێ له‌سه‌رووی به‌ها ته‌قلیدییه‌كانی نه‌ته‌وه‌وه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ فاشیزلامیزمیشه‌وه‌ داگیر بكرێت.
سەرچاوە: کوردستانی نوێ
http://www.knwe.org/Direje.aspx?Cor=2&Besh=Witar&Jimare=29504

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...