Sep 15, 2014

رۆژی سێیه‌م... شووره‌ییه‌كانی ئێمه‌ ‌

خالد سلێمان‌
12/9/2014

رۆژی سێیه‌می مانگی ئاب/ئۆگست (٢٠١٤)، ته‌نها له‌وه‌دا كاره‌سات نه‌بوو بۆ كورد كه‌ شه‌نگال له‌لایه‌ن هێزێكی فاشیگه‌رای ئایینیی وه‌ك «داعش»ه‌وه‌ داگیركراو، خه‌ڵك ره‌تێنران و كوژران و به‌دیل گیران، ژنان به‌عورفێكی «جاهیلیانه‌» كران به‌سه‌بایا، سه‌روه‌ت و ماڵی ئێزدییان به‌تاڵان برا؛ له‌وه‌ گرانتر «جه‌هلی» ئێمه‌ بوو به‌شه‌نگال، به‌ئێزدییان و ئێزدی وه‌ك ئایینێك پێش ٦٠٠٠ هه‌زار ساڵ له‌كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌.له‌ڕۆژی سێیه‌مدا، به‌شێكی به‌رچاوی خه‌ڵكی كوردستان نه‌یده‌زانی شه‌نگال له‌كوێیه‌و ناو و جوگرافیای له‌گه‌ڵ شێخان و مه‌زارگه‌ی «لالش»دا تێكه‌ڵ ده‌كرا، كه‌س نه‌یده‌زانی چیای شه‌نگال رووت و قووته‌، بێ ئاوه‌، بێ سێبه‌رو سه‌وزاییه‌. هه‌ر له‌و رۆژه‌دا نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و تیۆریسته‌كانی دروستكردنی نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌ت، له‌به‌رده‌م پرسی شه‌نگال و هێزێكی فاشیستی ئایینی كه‌هه‌ندێ كه‌س وه‌ك كارتێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ته‌ماشایان ده‌كرد، هه‌ندێ كه‌سیش له‌ به‌رده‌م دیاریكردنی ناسنامه‌كه‌یدا دامابوون.پێش رۆژی سێیه‌م، له‌سه‌ر زۆر مینبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایینی تانه‌ له‌ئێزدییان و كلتوورو ئایینه‌كه‌یان ده‌دراو، جگه‌ له‌كه‌سانێكی كه‌م كه‌س له‌سه‌ریان نه‌ده‌هاته‌ ده‌نگ. ته‌نها له‌بۆنه‌كاندا ئه‌وان بیری میدیاو نوخبه‌ی سیاسی و بڕیار به‌ده‌ستانی كوردستان ده‌كه‌وتنه‌وه‌. له‌ده‌ره‌وه‌ی بۆنه‌كاندا ئێزدی تاكێكی په‌راوێزخراو بوو، وێنه‌یه‌كی وای له‌ خه‌یاڵدانی نه‌بوو لایه‌ق به‌و هه‌ڵكۆڵینی ئه‌وان بێت له‌سه‌ر چیاو تاشه‌به‌رده‌كانی كوردستان.پێش رۆژی سێیه‌م ئێمه‌ شتێكی ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر واقیعی ئێزدییان له‌پارێزگای نه‌ینه‌وا نه‌ده‌زانی و ئاگامان له‌وه‌ نه‌بوو هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی شڕه‌خۆری ناو عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ بۆسه‌دان بۆ ئه‌وان و داعشیزم له‌ ته‌نیشتیناوه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌، نه‌مانده‌زانی چه‌نده‌ها كچ و ژنی ئێزدییان به‌ به‌رچاومانه‌وه‌ راده‌ستی بازاڕی «سه‌بایا» ده‌كرێن.ئێمه‌ كه‌ به‌ئاگا هاتینه‌وه‌، به‌سه‌ر «جه‌هلی» خۆمانه‌وه‌ ڕاماین، خه‌ڵك و به‌شێكی جوگرافیای نیشتمانی خۆمان نه‌ده‌ناسی و بیانییه‌كان پێش ئێمه‌ هاتنه‌ ده‌نگ و ته‌نانه‌ت زانیاریمان له‌سه‌ر شه‌نگال و خه‌ڵك و چیاكه‌ی له‌كه‌ناڵه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرت.تا رۆژی سێیه‌م، ئێمه‌ وه‌ك داهۆڵێكی ترس دژی حكومه‌تی عیراقی ته‌ماشای «داعش»مان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها داهۆڵ نه‌بوو، به‌ڵكو دڕنده‌یه‌كی ناو سندوقی «پاندۆرا»ی كۆمه‌ڵگه‌و فه‌زای كلتووری و ئایینی جیهانی ئیسلامی بوو، له‌ناو كێڵگه‌ی خۆماندا بوو، له‌ناسكترین شوێنی جه‌سته‌مانه‌وه‌ په‌لاماری داین و برینداری كردین، ئه‌و شوێنه‌ش شه‌نگال بوو.رۆژی سێیه‌م، شووره‌ییه‌كی تری ئێمه‌ی ده‌رخست، ئه‌ویش توانای بێده‌نگ بوونه‌ له‌كاتی ئه‌زمه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و ئینسانیدا. ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی «دانتی»مان بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: «گۆشه‌ تاریكه‌كانی دۆزه‌خ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ئاماده‌كراون وا له‌كاتی ئه‌زمه‌ ئه‌خلاقییه‌كاندا بێلایه‌نی هه‌ڵده‌بژێرن». كه‌م نین ئه‌وانه‌ی وا له‌ناو نوخبه‌ی سیاسی و كلتووری و ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا له‌به‌رامبه‌ر تراژیدیای شه‌نگالدا بێلایه‌نی و بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، قسه‌یان نه‌كرد، هه‌ڵوێستێكی ئه‌خلاقییان نه‌نواند.تا ئه‌م چركه‌یه‌، كه‌ ده‌مانه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر داعش و پڕۆژه‌ وێرانكارییه‌ ئینسانی و كلتوورییه‌كه‌ی له‌كوردستان و ناوچه‌كه‌دا بكه‌ین، په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر په‌یمانگا جیهانییه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ فاشیستییه‌ له‌ناو سندوقی «پاندۆرا»كه‌ی خۆمانه‌وه‌ ده‌رنه‌كه‌وتبێت و به‌شێك نه‌بێت له‌ كۆی مێژوویه‌كی داپۆشراو به‌دروشمی رۆمانسییانه‌ی ئایینی.بێرتۆڵد برێخت له‌ده‌قه‌ شانۆییه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (گالیلۆ گالیلی) ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی له‌ڕاستی تێناگات گه‌مژه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێی تێده‌گات و خۆی گێل ده‌كات تاوانباره‌، ئه‌ی ئێمه‌ له‌م راستییه‌ تێده‌گه‌ین، یان هێشتا خۆمانی لێ گێل ده‌كه‌ین؟. 

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...