Aug 14, 2014

چەند سەرنجێک لەسەر ترسی خەڵک...

خالد سلێمان
ئەوەی لەم شەڕە سەپێنراوەی داعش بەسەر گەلی کوردستاندا جێگەی سەرنج و لەسەر ڕاوەستان بوو، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکەی بوو لەسەر سایکۆڵۆژیان خەڵک، بە شێویەک ترس و دڵەڕاوکێ و بیرۆکەی چؤلکردنی شارو ماڵ و حاڵ، بەشێک بوو لە بیرکردنەوەو ڕێگا چارەی ئاسان. هەڵبەتە ئەم بیرکدنەوەیە هۆکاری ز ۆری هەیەو زۆر ڕەوایە لەسەری بوەستین و قسەی لەسەر بکەین و بەرپرسیاری ئەخلاقی و نیشتمانی و تەنانەت تاکە کەسیش لەم بارەیەوە باس بکرێت.
هەوڵ دەدەم لەم نووسینە کورتەدا لەسەر سێ هۆکاری ئەم ترسە باس بکەم و پێم وایە بەرپرسیارێتی هەموو لایەکمانە وەک "چالنجێک" واتە تەحەدایەکی بەرچاو تەماشای بکەین و خەڵکی لێ ئاگادار بکرێتەوە.

یەکەم هۆکاری ئەم ترسە بەلای منەوە مێژووییەو پەیوەستە بە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١. ئەو کۆڕەوە لە کاتێکدا بوو کە حکومەتی بەعس هەڕەشەیەکی بەردەوام بوو بۆ سەر کوردستان نەک تەنها لە ڕێگای زوڵم و زۆری تەقلیدی، بەڵکو هەڕەشەی بەکارهێنانی جەكی کۆکوژی بەشێکی سەرەکی هەڕەشەکان بوو، هێشتا سێ ساڵ بەسەر ئەنفال و هەڵەبجەدا تێپەڕ نەبوبوو. لە ڕاستیدا کۆڕەوەکە هۆکارێکی بەدەنگەوە هاتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو دژی تاوانەکانی دکتاتۆر سەدام حسێن، بەڵام ئەوەی لەم ڕۆژانەدا بوە هۆی بەدەنگەوە هاتنی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی خۆڕاگری گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوو لە بەردەم تیرۆردا نەک ڕاکردن. ئەگەر تەماشایەکی هەڵوێستەکانی وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و چیک و ئەمریکا و هۆڵەندا بکەین، ئەوە باش ڕەچاو دەکەین کە هەڵوێستی ئەوان لە پشتگیری کردنی خەڵکی کوردستان پەیوەستە بە بەرەنگاری داعش نەک ڕاکردن.
هەر لەپاڵ ئەم هۆکارەدا، جێگای خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کوردستانی ساڵی ١٩٩١ ڕووتاوە بوو، دەرچوویەکی ناو ژێر زەمینەکانی دیکتاتۆریەت بوو، پەڕو باڵی نەبوو، ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبوو جارێکی پۆستاڵی سوپای عیراق و پیاوانی بەعس ببینێتەوە. بە کورتیەکەی کۆڕەوە ملیۆنیەکە جۆرێک بوو لە بەگژاچوونەوەی بەعس، ئەویش لە ڕێگەی چؤلکردنی ماڵ و حاڵ و جادەو کارگەو دوکان و زانکۆو قوتابخانەو دام و دەزگاکانەوە، بەعس ئەمەی لە هەموو شتێک پێ خراپتر بوو، چونکە پێی وترا: تۆ ناشیرینیت و هاتنەوەت قەدەغەیە
هۆکاری دووەمی ئەم ترسە، وێنەی داعشە، تەقینەوەکانی،کوشتنەکانی، دەستدرێژی کردنە سەر ناموسی خەڵک، سەپاندنی سیستمی دڵڕەقانەو زەوتکردنی ژیانی خەڵک. بەڵام داعش لە بەعس ترسناکتر نیەو هێزی لەو زیاتر نیەو دڵڕەقییەکەشی هەر لەو وەرگرتووە. ئەوەمان لە بیر نەچێت کە ژمارەیەکی زۆری بەعسیەکان لە ناو داعشدان. ئەوەی جیاوازە لە ساڵی ١٩٩١ ئەوەیە کە ئەو دەمە کۆڕەو هۆکارێکی پاڵپشتی نێوەدەوڵەتی بوو، ئێستا بەرگری و خۆڕاگرتن بوونەتە هۆکاری پاڵپشتی نێودەوڵەتی.
کوردستانی ئەمڕۆ ئەوەی ١٩٩١ نیەو تەنانەت بەرژەوەندییەکانی تاکی کوردیش ئەوەی پێشوو نیە، ژماریەکی زۆری لە کونسوڵگەی وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لە کوردستاندان. خەڵکی کوردستان خۆی خاوەن بەرژەوەندییەکی زۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەو ئاستی ژیان بەرەو پێشەوە چونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. شارەکانی کوردستان وەک خۆیان نەماون و لە ڕووی ژێرخانەوە گۆڕاون و بونەتە جێی سەرنجی دنیا. فڕۆخانەی نێوەدەوڵەتی لەسێ شاری کوردستاندا هەن و ڕاستەوخۆ وڵاتەکەمان بە جیهانەوە بەستراوە.
داعش دژی ئەم گۆڕانکاریانە شەڕ دەکات و دەیەوێت کوردستان وەک تۆرا بۆرا-ی ئەفگانستان لێ بکات، ئەویش لە ڕێگای تۆقاندن و بڵاوکردنەوەی ترسەوە. هەقە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کەناڵەکانی میدیای کوردی بینراو، بیستراو، چاپکراو، ئەلیکترۆنی بەهۆی درک پێنەکردنەوە بێت یان بەمەبەست، بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی ئەم ترسەدا کرد. هەر ئەمەش میدیای لۆکاڵی کوردستانی خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی گەورەوەو ژمارەیەکی زۆری کەناڵەکان تیایدا دەرنەچوون، چونکە بەبێ مەبەست بەشدارییان لە هەڵمەتەکەی داعشدا کرد.
هۆکاری سێیەم لەوەدا دەبینم کە قۆناغی نێوان ١٩٩١-٢٠١٤، جگە لە هێڵی گەرمی کوردستان، مەبەستم ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرێمی کوردستانە، لە شارە ئارامەکاندا پشت کرایە بیری ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بەتایبەتی قۆناغی دووای ساڵی ٢٠٠٣ بەیەکجاری پرسی بەرەنگاری لەهەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان پشتگوێ خراو پشتێنی بەرگریکردن لە کوردستان کرایەوە. ئەم جیاوازییەش لە ناوچەکانی وەک کەرکوک و خانەقین و دووز خورماتوودا بەڕوونی دەردەکەوێت، چونکە لەو شوێنانەدا شەڕو بەرگری و ژیان هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی پشتەوەدا ترس هەیە، لە کاتێکدا پێویستە ئەم ناوچانەی پشتەوە پەرژینی هێڵە گەرمەکە بن.
بەکورتی و کرمانجی، ئەمڕۆ تەنها بەرگری لەماڵ و حاڵ و نیشتمان دەبێتە هۆی پشتیوانی نێوەدەوڵەتی بۆمان، تەنها بەرگریش دەبێتە هۆی بێهیوا کردنی داعش لە پیلانەکانی، ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە لۆکاڵییەی لە پشت داعشەوەن، هێزێکی شڕەخۆری ناسراون، ئایا ماڵ و حاڵی خۆمانیان بۆ چۆڵ دەکەین؟.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...