Aug 16, 2014

کێ ئەم بەربەریەتە رادەگرێت؟


خالد سلێمان
با لەم هەواڵەوە دەست پێبکەین کە ڕۆژی هەینی ١٥/٨/٢٠١٤ لەسەر زاری پیاوێکی ئاینییەوە لە ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانییەوە بڵاو کرایەوەو دەڵێت: داعش ٧٠٠ ژنی ئێزدی گرتوەو ڕەوانی شاری موسڵی کردوون و لە بازاڕی کۆیلایەتیدا بەنرخی ١٥٠ دۆلار دەیانفرۆشیت. ئەم هەواڵە تا ڕۆژانی پێشوو وا دەخوێنرایەوە کە زیادەڕۆیی تێدایەو جێگەی متمانە نیە، بەڵام دووای ئەوەی لەسەر زاری پیاوێکی ئاینیی مەسیحییەوە دووپات و سێپات کرایەوەو ئاژانسێکی زۆری جیهانی و ڕۆژنامە بەناوبانگەکان بڵاویان کردەوە، ماوەی ئەوە نەما شک لە ڕاستی و ڕەوایی بکرێت.

ئەم کردەوە بەربەرییە، بەشێکە لەو قەتڵ و عامەی داعش پێی هەڵدەسێت، هەروەها بەشێکیشە لەو نەخشە جینالۆجیە سیاسییەی بۆ ناوچەکەی داناوە، بەتایبەتیش دژی ئاینە دێرینەکانی وەک مەسیحیەت و ئێزدییەت لە ناوچەکەدا، بەشێوەیەکی ڕوونتر لە کوردستاندا.
ئەمڕۆ، پشتیوانی ئەوروپا بۆ کوردستان و بەڵێنەکانی کۆشکی سپی - لەگەڵ هەندێ لێدانی ئاسمانیی دیاریکراو- جێگەی دڵخۆشین، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییەو گەلی کوردستان لەم قۆناغەدا پێویستی بە نەخشە ڕێگاو پلانی تری سیاسی هەیە بۆ سەرکەوتن بەسەر پرۆژەی خەلافەتەکەی (بەغدادی) کە لە هەناویدا، پەرچکردنی ئینسان و ئاین و کولتور و مێژوو ئامێری سەرەکی تیژکردنی چەقۆی خەلافەتەکەن.
داعش ڕێکخراوێکی میلیتاری و تەنها نیە لە سوریا و عیراق هەوڵی خەلافەتێکی دابڕاو بدات، هەروەها دیاردەیەکی نامۆو نەناسراو نیە وەک هەندێک لێی تێدەگەن. داعش بەپلەی یەکەم دەرکەوتەیەکی خەیاڵدانی ڕەوتێکی توندڕەوی ناو ئیسلامە لە بەرامبەر ڕەوتێکی تردا کە دەیەوێت ئیسلام میانڕەو بێت و بەشێک بێت لە جوڵەی شارستانێتی و جیهانی نوێ کە تیایدا مافە کەونییەکانی مرۆڤ (ئازادی دەربڕین و ئاین و فرەکولتوری و کەرامەت و دیموکراسی و خوێندن و تەندروستی و خۆراک ...هتد) پرانسیپی سەرەکین. دەرکەوتەیەکە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابوردودا سەید قوتب لە کتێبی (معالم فی الطریق)دا بە روونی باسی لێ کردوە.
دەتوانرێت ئەم ڕەوتە توندڕەوە لەم هەڵوێستەدا ببینرێت کە لەلایەن پیاوێکی ئاینیی سعودییەوە بەرامبەر ژنانی بەدیلگیروای ئێزدی لەلایەن داعشەوە ئاشکرا کرا. ساڵح فهوزان كه یهكێكه له گهوره پیاوانى ئاینى سعودیه و ئهندامى لیژنهى فتوایه دهڵێت، "ئهوهى دهڵێت سهبایا له قورئاندا نییه ئهوه جاهیله و كافریشه، چونكه خودا حهلاڵى كردووه بۆ موجاهیدان ، مادام جیهاد ههیه سهبایاش ههر دهمینێت". ئهم قسانهى فهوزان دواى ئهو مشتومڕه هات كه لهسهر دهستدرێژى سێكسى چهكدارانى داعش هاته ئاراوه بۆ سهر كچانى ئێزدى بهو بههانهیهى ئهمانه سهبایان و له شهڕدا گیراون.
جگە لەم خەیاڵدانەی ئایدیۆلۆژیستەکانی داعش کە ئینسان دەگێڕێتەوە بۆ چاخی کۆیلایەتی و غەنائیمی شەڕ، تیایدا، ژن وەک بەشێکی گرنگی هەمان خەیاڵدان تەماشا دەکرێت، لایەنێکی تر هەیە لە پەرەسەندن و بەهێزکردنی داعشدا پەیوەستە بە "بەهاری عەرەبی"یەوە تا ئەو چرکەیەی کە بەهار بوو. لەو کاتەی کە خەسڵەتی بەهاری لەدەستداو بوە شەڕێکی مەزهەبی و خێڵەکی لەسەر دەسەڵات و، وڵاتانی ئەوروپا ڕێگەیان بۆ هاووڵاتییە جیهادییەکانی خۆیان خۆشکرد بۆ چوونە ڕیزی چەکدارەکانی لیبیا دژی حوکمی موعەمەر قەزافی، دەرگایەکی گەورە بەسەر فراوانبوونی قاعیدەو لق و پۆکانی لە باکوری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوەو فەزایەکی بە پیت بۆ دەرکەوتنی کەسانی وەک ئەبو بەکر بەغدادی و ئەبو محەمەد جۆلانی لە سوریا دروست بوو.
دووای کەوتنی حوکمی قەزافی لەسەر دەستی هێزەکانی ناتۆ، بەبەشداری جیهادییە ناوخۆی و نێوەدەوڵەتییەکان کە لە هەموو وڵاتانی ئەوروپاوە ڕوویان کردە لیبیا، ئیتر کە کاری ئەو چەکدارانە لە لیبیای دووای قەزافی تەواو بوو، بەیارمەتی قەتەر و حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕەوانەی سوریا کران. مانگی (٧ یۆلیۆ)ی ٢٠١٢ سایتێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە بە یارمەتی تورکیا زیاتر لە ٦٠٠ جیهادیی لە لیبیا لە ڕێگای تورکیاوە ڕەوانەی سوریا کراون، هەر لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ١٥٠ چەکدار دەستیان گرت بەسەر خاڵی سنووریی نێوان تورکیاو سوریا (باب الهوا)، ئەمەش بەڵگەیەکی زانیاری ناوەندە ئیسرائیلیەکە بوو. ئیتر لەو کاتەوە هاتنی چەکداری جیهادی بۆ ناو خاکی سوریاو عیراق لە ڕێگای تورکیاوە بەردەوامەو هەندێ زانیاری تایبەتیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بریندارەکانی داعش و جەبهەی نوسرە لە نەخۆشخانەکانی تورکیا تیمار دەکرێن.
خەیاڵدانی داعش کە ساڵح فەوزان بەباشترین شێوە تەعبیری لێکرد، گەلەڵ ئەو هەموو هاوکارییە مادی و لۆجیستییەی تورکیا و قەتەر، ئەمڕۆ پێویستی بە سەرچاوەی بەشەری و ئابووری هەیە بۆ بەردەوامبوون و دروست کردنی کۆمەڵگا وێناکراوەکەی. یەکەم هەنگاو بۆ بەردەوامبوون سەرچاوەی نەوت و ئاوە، بۆ ئەمەش بۆشاییەکانی نێوان سوریاو عیراق و گۆشە لە بیرکراوەکانی ناو عیراق، کە کۆمەڵگەکان تیایاندا خەسڵەتی "مەناعە"یان تێدا نەبوو، باشترین ژینگەی داعش بوون، بەڵام نەوتی ڕومێلان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە موسڵ، تارگێت، واتە ئامانجی سەرەکی بوون، هەر لە هەناوی ئەم تارگێتەدا ئاوی فورات و بەنداوی موسڵ و فەلووجە و حەمرین تارگێتێکی تری گرنگی داعش بوون.
بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت کە خەیاڵدانی داعش ئەو جیهانەیە تیایدا جگە لە موسڵمانی سوننەی داتاشراو بەپێی پێوەرەکانی داعش خۆی جێگەی نابێتەوە، سوننەی میانڕەو و مۆدێرن، شیعە، کورد، مەسیحی، ئێزدی، عەلەوی، ئیسماعیلی، دورزی، کاکەیی، سابیئی و هەر ئاین و ئەتنیکێکی تر دەخرێنە بەردەم ڕاگەیاندنی موسڵمانبوونێکی "داعشیانە" یان کوشتن و سەربڕین و ژن دەبێتە ئامرازی کۆیلایەتی و پڕکردنەوەی چەپاندنی سێکسی ناو هەمان خەیاڵدان.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کێ ئەم بەربەریەتە ڕادەگرێت، ئایا هاوکاری نێوەدەوڵەتی هەموو شتێکەو دەبێتە فاکتەری سەرەکی و بەردەوام؟. ئایا حکومەتی نوێی عیراق توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێزەی هەیە، ژینگەی سوننەکان دەگەڕێنەوە ناو دیمەنی سیاسی بەغداو بەرەیەک دژی داعش پێکدێنن، ئایا کورد دەبێتە بەشێکە لە بەرەیەکی هەرێمایەتی یان تەنها چاوی لە ئەوروپایە؟. ئەمانە هەموو پرسیارن و ڕووبەڕووی نوخبەی کوردستان دەبنەوە.
هەر پرۆژەیەک توانای ڕاگرتنی ئەم بەربەریەتەی هەبێت پێس هەموو شتێک ئاشتبوونەوەیەکی گشتیە لە عیراق کە لە هەناویدا نەهێشتنی ئاسەوارەکانی ساڵانی ڕابوردوو بسڕێتەوەو بە پلانێکی ئابووری هەمە لایەنە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەموو وڵاتەکە بگرێتەوە. دەسەڵاتەکان شۆڕ بکرێنەوەو تیایاندا هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕووی گەشەپێدانی مرۆییەوە بکرێنە تارگێتی سەرەکی پرۆسەی سیاسی. دوورخستنەوەی سیاسەتی پەراوێز خستن کە بەشێک بوو لە سیاسەتی حکومەتەکەی نوری مالیکی.
چالاککردنی ئەو یاساو بەندە دەستووریانەی مافەکانی کەمینە ئاینی و ئێتنیکییەکان دەپارێزن و هەڵگرتنی سیاسەتی داپڵۆسینی نەرم، چونکە ئەگەر داعش و گروپە جیهادییەکانی تر بە شێوەی ڕاستەوخۆو دڵڕەقانە کەمینەکان لە ناو دەبەن، ئەوا سیاسەتێکی تر لە ئارادایە کە کەمینەکان بە شێوازی نەرم دادەپڵۆسیت، مەسیحی و سابیئییەکان باشووری عیراق باشترین نموونەن.
تا ئێستا لە میتۆدی پەروەردەو فێرکردنی ئێمەدا ئێزدی و مەسیحی و کەمینەکان نەبوونەتە خەسڵەتی پەروەردەکردنی ئینسانی کوردو بڵاوکردنەوەی گیانی هاوبەشی و لێبوردەیی و بەهاکانی پێکەوە ژیان، چەندەها کەسی توندڕەو ڕۆژانە کولتوری ڕق و کینە بڵاو دەکەنەوەو ژمارەیەکی بەرچاوی مزگەوتەکانمان لە شوێنی خوا پەرستی و ئیمانەوە کراونەتە شوێنی تانەو تەشەرو هەڵگری بیری ڕاسیستانە.
لەگەڵ ئەمانەدا ئەمڕۆ گەلی کوردستان پێویستی بەوەیە بەرەیەک سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری لەگەڵ هەموو کەمینە ئاینی و ئێتنی و نەتەوەکانی ناوچەکەدا پێک بهێنێت و پلانێکی درێژخایەن هەبێت بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەڕەشەکانی داعش و هێزە هاوشێوەکانی، چونکە وەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێکرد، دەکرێت ئەوروپا هاوپەیمانێکی باش بێت و یارمەتی گەلی کوردستان بدات، بەڵام هێزێکی ئامادە نیە لە هەر چرکەیەکدا لە خاکی کوردستاندا ئامادە بێت و چەندەها گۆشەی تری جیهان لە باکوری ئەفریقیاو خوارووی ئەوروپاو قۆقازو ئاسیا لە بازنەی یارمەتی هەمان هێزدان.
شتێکی خەیاڵی نابێت ئەگەر ئەمڕۆ کورد بیر لە بەرەیەک لەگەڵ شیعەو عەلەوی و مەسیحییەکانی ڕۆژهەڵات و درووزدا بکاتەوەو بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم فیکرە توندڕەوە بکوژە کە دەیان ساڵە لە هەندێ سەنتەری هەرێمایەتییەوە کاری لەسەر دەکرێت و بە شیری (کامل الدسم) پەروەردە دەکرێت.

دووا خاڵی ئەم وتارەم ئەوە دەبێت کە ئەم شەڕە سەپێنراوەی داعش بەسەر گەلی کوردستاندا ئەوەی دەرخست کە هێزە کوردستانیەکان بە هەموو جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکانەوە، بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان سەنگەرێکی کۆیان دەکاتەوە. ئەمەش خالێکی بەهێزی هەر بەرەیەکە لە بەرامبەر ئەم هێزە فاشیزمە نوێیە چەکەرە بکات کە ناوی داعشە.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...