Aug 6, 2014

ئێتیک وەک پەرژینێک بۆ هێزەکانی پاراستنی گەل و خاکی کوردستان

دۆخی ئەمڕۆی کوردستان بە کۆمەڵگەو هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و هێزەکانی تری پاراستنی خاک و گەلی کوردستان کاری زۆرن دەخوازن، لەم پێناوەدا لەم خاڵانەدا بیروڕاو پێشنیارەکانی خۆم دەخەمە بەردەستی هاوپێشەو هاوڕێیان و خوێنەران، هیوادارم بتوانین پەرژینێک بین بۆ هێزەکانی پاراستنی خاک و گەلی کوردستان.
یەکەم: بەپێی هەموو ئاماژەو ئارگۆمێنتەکان داعش ڕێکخراوێکی تێرۆریستەو با میدیای کوردی واز لە هەندێ ناوی داتاشراوە بێنێت.
دووەم: با یەک ناو هەبێت بۆ ئێزدیان و یەکێک نەڵێت یەزیدی و یەکێکی تە ئێزیدی، ئەوەی بیزانم و هەڵە نەبم "ئێزدی"یە.


سێیەم: با خەڵکی شارەزا بانگ بکرێن بۆ قسەکردن لەسەر ناوچە کوردستانیە دابڕاوەکانی لای موسڵ، مەبەستم شارەزایە لە جوگرافیاو مێژژوی ناوچەکە.
چوارەم: با ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێت و هێزی حزبی و میللیش لە ژێر چەتری هەمان ناودا بەرگری بکەن.
پێنجەم: نهێنی هێزی پێشمەرگە ئاشکرا نەکرێت و زانیارییەکان لە سنووری بنەماکانی شەڕدا بن.
شەشەم: ڕێگە نەدرێت پێشمەرگە وێنەی خۆی لە بەرەکانی شەڕدا بڵاو بکاتەوە.
حەوتەم: مەرجی تایبەت بۆ ڕۆماڵی میدیاکان و سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان بەپێی هەلومەجی دۆخەکە دابنرێت.
هەشتەم: کەناڵەکانی میدیا هەندێ مەرجی ئەخلاقی بۆ کاری خۆیان دابنێن و جگە لە ئەرکی گواستنەوەی زانیاری، ئەرکی نیشتمانیش بەشێک بێت لەو مەرجە ئەخلاقیانە.
نۆیەم: پەیپەرێکی گشتی بۆ ڕۆژنامەنووسانی هاووڵاتی کە وەک ئەرکی خۆیان هەڵ دەستن بە بڵاوکردنەوەی زانیاری و پەیوەندییان بەهیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە نیە، بۆ ئەوەی پابەند بن بە بنەماکانی کاری ڕۆماڵکردنی ڕۆژنامەوانی لە کاتی شەڕ و دۆخی تایبەتدا.
دەیەم: لە دانانی مانشێتی هەواڵ و ڕاپۆرتەکاندا ڕەچاوی کەشی گشتی و سایکۆلۆژیای کۆمەڵگا بکرێت.
یانزەیەم: هەواڵی ناڕاست بەهیچ شێوەیەک بڵاو نەکرێتەوە.
دووانزەیەم: وتەبێژی پێشمەرگە لە هەموو قۆڵ و ناوچەیەکدا هەبێت و مافی هەموو کەسێک نەبێت زانیاری بدات.
سیانزەیەم: هەموو کەناڵەکان وەک یەک مافی وەرگرتنی زانیارییان هەبێت و ئەفزەلیەت بۆ هیچ کەناڵێک نەبێت.
چوارەدەیەم: ئەو کەناڵەی لە بەرەکانی شەڕ ئامادە دەبێت بەپێی دۆخ و ئاسایشی هێزی پێشمەرگە زانیارییەکان بڵاو بکاتەوە.
پانزەیەم: وێنە لە فەیسبووک و تۆڕەکانی تری کۆمەڵایەتییەوە وەرنەگیرێت و سەرچاوەکەی لای کەناڵ و ڕۆژنامەنووسان دیار بێت.
شانزەیەم: ڕێکلام بۆ تێرۆریستان نەکرێت، چونکە هەندێ وێنە هەن بەبێ ئەوەی دەرکیان پێ بکەین لە بەرژەوەندی ئەواندان.
حەڤدەیەم: سەبقی هەواڵ نەبێتە پێوەر بۆ بڵاوکردنەوەو ئێتیکی کەناڵ و ڕۆژنامەنووسەکە پێوەر بن.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...