May 23, 2014

بۆ ״فەیسبووک״م بەجێهێشت؟ ‌

خالد سلێمان
کەم کەس پرسیاری ئەوەم لێدەکات، بۆ تائێستا بەزمانی عەرەبی بۆ رۆژنامەکانی لوبنان دەنووسم؟ بۆ دەزگای خەندانم بەجێهێشت؟ بۆ لەکەنەداوە گەڕامەوە بۆ کوردستان؟ وەک بینەریش بەدەگمەن شانۆم بیر دەکەوێتەوە، بۆ تەنها ناسنامەی رۆژنامەنووسی بەلایەقی خۆم دەزانم، بەڵام کە بڕیارمدا «ئەکاونتی» فەیسبووکەکەم داخست، ژمارەیەکی زۆر لەهاوڕێیان رۆژانە لێم دەپرسن بۆ فەیسبووکم بەجێهێشت؟! هەندێکیان پێم دەڵێن: تەحەمولت هەبێت،
لەوانەیە ئەم «تەحەمولە» دەرگایەکی باش بێت بۆ باسکردنی ئەو هۆکارانەی وایان کرد فەیسبووک بەجێبهێڵم، چونکە بەڕاستی «فەیس» تەحەمولی دەوێت، بۆ؟
لەبەرئەوەی فەزایەکی وەهای دروستکرد هەموو کەسێک ببێتە نووسەرو رۆژنامەنووس‌و توێژەرو سیاسی، ئیتیک بۆ هیچ شتێک نەما، لەم فەزایەدا سیاسەت‌و جنێوسازی‌و گەڕان بەدوای نێچیری «ئیفترازی»، واتە ڤێرچوێڵ‌و ئەدەب‌و هونەرو سێکس‌و ریکلامی بازرگانی‌و کەسانی بێناسنامەی کۆمەڵایەتی‌و هاککەرو چەتەکانی ئەنتەرنێت‌و ئەستێرەکانی وەرزش‌و سینەماو چەندەهای تر تێکەڵ دەبن. نموونەی ئەو پیاوە گرگنەی وا «ولهێلم رایش»  باسی دەکات، ئەمڕۆ لەفەزای فەیسبووکدا دەبێتە قسەکەرو دەمڕاست‌و پاڵەوان.
ساڵێک پێش ئێستا لەسەر ئەکاونتی خۆم پرسی وازهێنانم لەفەیسبووک نووسی‌و زۆربەی ئەم تێبینییانەی لەسەر ئەو پرسە نووسران لەوەدا کۆبوونەوە کە کەسەکان دەیانەوێت وازی لێبێنن، بەڵام ناتوانن‌و هەر زوو دەگەڕێنەوەو ئەکاونتەکانیان دەکەنەوە.  ئەمە ئەوە دەردەخات کە جۆرێک لەئالوودەبوون هەیەو هۆکارەکانیش زۆرن. ئەوانەی وا رووی باسکردنیان هەیە لەوەدا دەردەکەون کە هەرکەسێک بۆخۆی ئەستێرەیەکە لەناو تۆڕە «ئیفترازی»یەکەدا، هەروەها پاڵەوانێکی ئیعتراف پێکراوە. ئەم پاڵەوانە پێویستی بەخۆماندووکردن‌و خوێندنەوەو خۆپەگەیاندن نییەو چەند چرکەیەکی بەسە تا دێڕێکی ئەنیشتاین یان ژیژەک یان هەر نووسەرێکی تر بخاتە سەر دیواری «فەیس»ەکەی‌و چەندەها لایک‌و دەستخۆشی‌و ستایشی بۆ بنووسرێت.  ئەوەی لەسەر فەیسبووک شیاوەو دەووترێت‌و دەکرێت، لەواقیعدا دەستەبەر نابن، ئەو جلوبەرگ‌و شێوازانەی لەم فەزایەدا تاکەکان تیایدا دەردەکەون، لەواقیعدا بارگرانی دروست دەکەن، یان تاکەکان بۆیان ناکرێت.
لەئاستێکی تردا فەیس کەسەکان دەکاتە پاڵەوان‌و لەهەمان کاتدا دەیانپوکێنێتەوە، کە تاک وێنەیەکی خۆی بڵاودەکاتەوەو سەدان لایک‌و کۆمێنتی بۆ دێت، هەستی سەرکەوتن‌و شاگەشکەیی دەکات، بەڵام کاتێک هەمان وێنە بەبێ کۆمێنت‌و لایک تێپەڕدەبێت، ئیتر دەڵتەنگی‌و هەستکردن بەبێ بەهایی ئەو وێنەیە دەکرێت‌و زۆرجار لەلایەن کەسەکە خۆیەوە لادەبرێت.
لەلایەکی ترەوە لەفەیسبووکدا، کە تاکەکان دەچنە سەر هەر سایتێکی ئەنتەرنێت لەخوارەوەی هەر نووسینێک، وێنەی خۆیان دەبینن، وەک ئەوەی کوردێک لەلایەن (نیویۆرک تایمز)ەوە ناسراوبێت ئاوەهایە. ئەمجۆرە پەیوەندییە پێش ئەوەی ئاکتێکی کۆمەڵایەتی بێت لەسەر تۆڕەکان، خۆی لەو فەلسەفەیەدا دەبینێتەوە کە نووسەری فەرەنسی لەکتێبی (کۆمەڵگەی نمایشکاردا) باسی دەکات‌و ئابووریی لیبرالیزم دروستی دەکات. لەم کۆمەڵگەیەدا تاک لەواقیع دادەبڕیت‌و دەبێتە بەشێک جووڵەی نمایش (ڕێکلام)ێکی بەردەوام. لەکۆتاییشدا خودی تاکەکان دەبنە جەوهەری ریکلام و نمایشکردن.
لەم کۆمەڵگەیەکدا ئیمکانی دروستبوونی هەموو جۆرە ئەستێرەو پاڵەوانێک هەیە، ئیمکانی فیکری «مێگەل»یان حەشاماتی کراوەی وا هەیە کە تەنها چەند کەسێک دەزانن رێڕەوی ئەم حەشاماتە لەکوێیەو ئامانجەکانی چین، زۆرینەی حەشاماتەکە نازانن مەسەلەکە چییە. لەفەیسبووکیشدا هەروایەو زۆرینەی بەشدار لەنووسین‌و بڵاوکردنەوەی وێنەکان لەسەر دیوارەکاندا نازانێت بۆ وا خزاوەتە ناو ئەم فەزا بێسەرو بەرەوە.
ئەم هۆکارانە، بەشێکی کەمبوون‌و هۆکاری تر زۆرن بۆ وازهێنانم لەفەیسبووک. 

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...