Feb 28, 2014

نامەیەک بۆ سەرۆکی هەرێم-کار وا بڕوات لە ڕوومان نایەت بڵێین کوردین


خالد سلێمان
بەڕێز جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، وەک ئاگاتان لێیە لە وڵاتەکەماندا ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنێک، کچێک، کچۆلەیەک، لە بەر هۆی کۆمەڵایەتی وەک شەرەف و تۆڵەو شتنەوەی شورەیی وچەندەها هۆکاری تر بڵاو دەبێتەوە. من دڵنیام هەواڵەکانتان پێدەگات و پێیان ڕادەچەڵکێن، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە لەسەر ڕاوەستانێک یان هەڵوێستەیەکی وا لەلایەن بەڕێزتانەوە ناکرێت کە ببێتە هۆی جوڵاندنی ئەم مەسەلە ترسناکەی ناو کۆمەڵگەو گەڵاڵە کردنی یاساییەک نەک تەنها بۆ ڕاگرتنی دڵڕەقی بەرامبەر ژنان، بەڵکو دابینکردنی مافەکانیان و دەرکردنیان لەو بارە ناهەموارو توندوتیژییەی تیایدا دەژین.
پێش چەند ساڵێک لە بۆنەیەکدا قسەیەکتان لەم بارەیەوە کردو پێتان وابوو "هیچ هێزێک نیە دوو خۆشەویست لەیەک بکات"، ئەمە فەلسەفەی خۆشەویستیە، بەڵام ئێوە باش دەزانن کە ئەم قسەیە زیاتر هەڵوێستێکی ئەخلاقییەو لایەنێکی مرۆیی و ڕۆمانسیانەی هەیە، هەموو کەسێک دەتوانێت دەربڕی بێت.
بۆ سەرۆکی وڵات لەوە زیاتری لەسەرەو لە بری دەربڕینی هەڵوێستێکی مرۆیی و ئەخلاقی، لە توانایدا هەیە لە ڕێگای سەڵاحیەتی  سیاسی و یاساییەوە ژینگە بۆ ئەوە دروست بکات ئەو قسانە ببنە ڕەفتاری ڕۆژانەی تاک و گروپەکان. 
لە مێژووشدا هەروەها بووە، "شۆڕشی هێمن" لە هەرێمی کێبیک لە کەنەدا لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا بەڕزگار کردنی ژنان لە زوڵمی کۆمەڵایەتی دەستی پێکرد، پێش ئابووری و زمان و کولتوری فەرەنسی، جێگەو مافی ژنی لە ناو کۆمەڵگەی کێبێک-دا دابین کرد. سەرؤکی پێشووتری تونس "حەبیب بورگێبە" کاتێک ساڵی ١٩٥٧ بووە سەرۆکی وڵاتەکە، لەگەڵ یەکەم هەنگاویدا جێگەو ماف و کەسایەتی بۆ ژن خستەناو دەستوورەوە. ئەمانەو چەندەها ئەزموونی تر لە جیهاندا کە ژن تیایاندا هەوێنی سەرکەوتنی سیاسەت و کۆمەڵگە بووە.
وێنەکانی کوشتنی ژنانی کوردستان، کە دایک و خوشک و خۆشەویست و هاوسەرو کچی ئێمەن، لەبەردەم دنیادا وامان لێ دەکەن لە ڕوومان نەیەت بڵێین کوردین، وا خەریکە خۆمان ناوی "ژن کوژ" بۆ خۆمان دادەتاشین و بکوژەکانیش لەناوماندا تەراتێن دەکەن. تا ئێستا کەسێک لەسەر کوشتنی ژنێک زیندانی هەتا هەتایی نەکراوە، لەمافی مەدەنی بێبەش نەکراوە، لە ژینگەی خێڵ و چەک و هەڕەشە دانەبڕاوە. بۆیە کەس باکی لەوە نیە ژنێک بکوژێت و دووایش وەک بەرزەکی بانان بۆ دەرچێت، چونکە یاساکەمان کوشتنی ژنی چارەسەر نەکردوە جەنابی سەرۆک.
هەر کەسێک لەم ڕۆژەدا بڕیارێکی مێژوویی دەربکات و ژن لە مەینەتیی و دەڵڕەقی کۆمەڵگە ڕزگار بکات و پەیکەرێکی یاسایی و مەدەنی بۆ دروست بکات، توشی گرفتی زۆر دەبێت، تەنانەت ئەگەر ئێوەش بن وەک سەرۆکی هەرێم، چونکە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵی تەقلیدیی کوردستان و هەروەها پێکهاتەی سیاسی و ئاینیش دژی هەر چاکسازییەک دەوستنەوە کە لە ستاتوی یاسایی و مەدەنی ژندا بکرێت. بەڵام ئەوەی ئەم چاکسازییە بکات لە مێژوودا وەک ماندێلاو مارتن لۆسەر کینگ و بورگێبە تەماشا دەکرێت و دەبێتە دامەزرێنەری کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ئازادی دۆست، چونکە بەبێ ژنی ئازاد، مەحاڵە ببینە خاوەن کۆمەڵگەیەکی ئازاد.
لەسەر ڕۆشنایی ئەو قسانەی سەرەوە، پێشنیار دەکەم لەلایەن بەڕێزتانەوە کۆمیتەیەک لە کۆمەڵناس و یاساناس و توێژەرو خەڵکانی پسپۆرو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکبهێنرێت و سەرۆکایەتیەکەی بسپێردرێتە کەسێکی بەناوبانگ لە ڕووی ئەکادیمی و لێهاتووی و ئەزموونەوە. کاری کۆمیتەکە ئەوە بێت لەسەر ئاستی هەموو کوردستان لە رێگای بازنەی جیاجیاوە زانیاری و ڕای هەموو چین و توێژەکانی کوردستان لەسەر ڕیفۆرمی باری کەسێتی یاسایی و مەدەنی ژن کۆ بکاتەوەو بنکەیەکی زانیاری و شیکاریی وا بخاتە بەردەست، ئاستی بڕیاردان بۆ هەر یاساییەک ئاسان بکات، لە هەمان کاتیشدا ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بپارێزێت. بەم شێوەیەش هەر بڕیارو یاساییەک وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی تەماشا دەکرێت و دەبێتە "ڕێک کەوتنێکی ماقوڵ" لە نێوان سێ دەسەڵاتەکەو کۆمەڵگەداو جێگەو ڕێگەی یاسایی بۆ دادەنرێت.   

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...