Feb 4, 2014

ده‌ریای مردوو دوای 50 ساڵ ده‌مرێت

ئوردن (ده‌ریای مردوو)- خالد سلێمان


عادل ساڵانێكه‌ وه‌ك پاسه‌وان و چاودێر له‌دیوی ئوردن نزیك سنووره‌كانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل له‌سه‌ر ده‌ریای مردوو كار ده‌كات و رێنمایی گه‌شتیاره‌ بیانی و ناوخۆییه‌كان ده‌كات له‌كوێدا مه‌له‌ بكه‌ن و له‌خاڵه‌سنوورییه‌كان نزیك نه‌بنه‌وه‌ كه‌نزیكی یه‌كترن. كه‌لێم پرسی رێژه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی ده‌ریای مردوو ساڵانه‌ چه‌نده‌، پێی وتم: ״باسی ساڵانه‌ مه‌كه‌، به‌ڵكو پرسیاری ئه‌و جیاوازییانه‌ بكه‌ كه‌ له‌نێوان چه‌ند مانگێكدا رووده‌ده‌ن״. دوای ئه‌وه‌ عادل ئه‌و پانتاییه‌ی پیشاندام كه‌ له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ر، ١٠ی ساڵی رابردووه‌وه‌ تائێستا روویداوه‌ كه‌ ٣٠ هه‌نگاوی ته‌واو له‌ده‌ریاكه‌ وشك بۆته‌وه‌.
یه‌كێكه‌ له‌شوێنه‌ مێژوویی و شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌كان

چه‌ند رۆژێك پێش چوونم بۆ ده‌ریای مردوو، رۆژی ٢٤/١/٢٠١٤ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی ئوردن چه‌ند زانیارییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌دوای ٥٠ ساڵ ده‌ریای مردوو وشك ده‌كات و ئاوی تێدا نامێنێت، چونكه‌ به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌، ساڵانه‌ ئاوی ئه‌م ده‌ریایه‌ له‌یه‌ك تا دوو مه‌تر كه‌مده‌كات. ئه‌م هه‌واڵه‌ی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی ئوردن به‌ڵگه‌یه‌كی تری ئه‌و پانتاییه‌یه‌ كه‌ له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٣-ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ وشكی كردووه‌.
رۆژی ٢٣/١/٢٠١٤، له‌ژێر ناونیشانی (گونجان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا له‌كه‌رتی ئاودا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا) كه‌ له‌قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ستراو، ده‌ریای مردوو به‌شێكی سه‌ره‌كی ته‌وه‌ره‌كانی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بوو كه‌نوێنه‌رانی میسرو ئوردن و لوبنان به‌شدارییان تێدا كرد. عه‌لی سوبح جێگری ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی ئوردن كه‌ به‌شداری كۆنگره‌كه‌ بوو، باس له‌مردنی ده‌ریاكه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر پلانێكی خێرا نه‌بێت بۆ رزگاركردنی له‌ڕێگای راكێشانی ئاوی سوێره‌وه‌ له‌شوێنێكی تره‌وه‌.
ئه‌مه‌ش وه‌ك سوبح باسی ده‌كات، پێویستی به‌یارمه‌تی یونسكۆو دامه‌زراوه‌ جیهانییه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ریای مردوو یه‌كێكه‌ له‌شوێنه‌ مێژوویی و شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌كان و له‌توانای ئوردندا نییه‌ ئه‌و كاره‌ بكات. وه‌ك ده‌زانرێت ئه‌م ده‌ریایه‌ كه‌ده‌كه‌وێته‌ قوڵایی ٤١٧ مه‌تر له‌سه‌ر ئاستی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، نزمترین شوێنی دنیایه‌و قوڵترین شوێنی ده‌گاته‌ ٤٠١ مه‌تر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ناوی لێنراوه‌ ده‌ریای مردوو، چونكه‌ له‌به‌ر رێژه‌یه‌كی زۆری خوێ تێیدا كه‌ ١٠ جار له‌ڕێژه‌ی خوێی ئاوی ئۆقیانوس زیاتره‌و هیچ زینده‌وه‌رێكی تێدا ناژێت، به‌ڵام به‌پێی زانایان هه‌ندێ به‌كتریای تێدا ده‌ژێت.
رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی وشكبوونه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ریای مردوو رووباری ئوردنه‌ له‌به‌رزاییه‌كانی جۆلانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی تری لاوه‌كی هه‌یه‌ وه‌ك وادی زه‌رقاو رووباری موجه‌ب و عه‌ین جدی، به‌ڵام ئه‌مانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ خۆراكی ده‌ریاكه‌و رووباری ئوردنیش له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئیسرائیل-دایه‌و رێژه‌یه‌كی كه‌می ده‌گاته‌ ده‌ریاكه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی وشكبوونه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌. ئێستا پڕۆژه‌یه‌ك له‌ئارادایه‌ به‌پشتیوانی دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی یونسكۆو بانكی نێوده‌وڵه‌تی و دامه‌زراوه‌ی تر بۆ راكێشانی كه‌ناڵێكی ئاو له‌به‌نده‌ری عه‌قبه‌وه‌ له‌ده‌ریای سووره‌ له‌پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ده‌ریای مردوو به‌زیندوویی وه‌ك له‌شوێنه‌ دیاره‌كانی جیهان.
كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ وشكبوونی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كانیدا، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی تری بۆ دابین نه‌كرێت، ئه‌وا «مردوو» رووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی كاره‌ساتاوی ده‌بێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا ناوچه‌كه‌ش تووشی كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی وه‌ها ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئوردن و ئیسرائیل و فه‌له‌ستیندا، عیراق و وڵاتانی تری ده‌وروبه‌ری ئوردن ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ وشكبوونی «مردوو» یانی ده‌ركه‌وتنی هه‌موو ئه‌و ماده‌ كیمیاوی و خوێ و خۆڵ و به‌كتریایانه‌ی هه‌زاران ساڵه‌ «مردوو» ده‌یانگرێته‌ خۆی و له‌یه‌ك ئۆرگاندا كۆیان ده‌كاته‌وه‌. لێره‌دا كاره‌ساتی ده‌ریای «ئۆراڵ» له‌كازاخستان به‌بیر خۆمان دێنینه‌وه‌ كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ به‌هۆی دابڕینی سه‌رچاوه‌كانییه‌وه‌و ئاراسته‌كردنی به‌ره‌و ئۆزبه‌كستان له‌پێناوی چاندنی لۆكه‌دا، به‌ره‌و وشكبوونه‌وه‌ رۆیشت و ئێستا ته‌نها ٢٥٪ ئاوی تێدا ماوه‌. واته‌ نزیكه‌ی ٥١٠٠٠ كیلۆمه‌تر له‌بنی ده‌ریاكه‌ شكبووه‌و بووه‌ خۆراكی هه‌ر «با»یه‌كی كه‌مێك خێرا تا خۆڵباران دروست بكات و هه‌موو ئاسیای ناوه‌ڕاستی تووشی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی ژینگه‌یی كردووه‌.
له‌شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت له‌پێناوی لۆكه‌دا بیریان له‌داهاتووی كازاخستان نه‌كرده‌وه‌و له‌پێناوی لۆكه‌ی ئۆزبه‌كستاندا ئاسیای ناوه‌ڕاستیان تووشی كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی كرده‌وه‌ كه‌ئێستا به‌قه‌ده‌ر سه‌دانجار ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ده‌ستیانهێنا، چاك نابێته‌وه‌.
بۆیه‌ ئه‌مڕۆ وشبکوونه‌وه‌ی ده‌ریای مردوو ته‌نها پرسی ئوردن و ئیسرائیل و فه‌له‌ستین نییه‌، به‌ڵكو پرسی هه‌موو دنیایه‌، چونكه‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌ تووشی كاره‌ساتی ژینگه‌یی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی مێژوویترین شوێن له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی سروشتی و به‌سوودو جوانه‌وه‌ ده‌بێته‌ دۆڵێكی قوڵی ٤٠١ مه‌تری له‌خۆڵ و به‌كتریاو خوێ له‌گه‌ڵ شنه‌بایه‌كدا به‌سه‌ر ناوچه‌كدا ده‌بارێت.
سه‌رچاوه‌: كوردستانی‌ نوێ‌
وێنە: بەکامێرای خۆم

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...