Jan 16, 2014

قوربانییه‌كانی نه‌وتی كوردستان ‌


خالد سلێمان‌16/1/2014
له‌ساڵی رابردووداو سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، چوار كاره‌ساتی گه‌وره‌ له‌كوردستاندا به‌هۆی  گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌وه‌ روویداوه‌و بۆته‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی هاووڵاتیان‌و زیانی مادی به‌سه‌روسامانی هه‌رێم، هه‌روه‌ها زیانێكی زۆریش به‌ژینگه‌. رووداوی یه‌كه‌م گڕگرتنی ته‌نكه‌رێكی نه‌وت بوو له‌تونێلی ده‌ربه‌ندیخان كه‌ زیانێكی زۆری به‌تونێله‌كه‌و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ گه‌یاند، دووه‌میان رووداوی پێكدادانی چه‌ند ته‌نكه‌رێكی تری نه‌وت له‌ڕێگای نێوان دهۆك و زاخۆ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بوه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی چه‌ند هاووڵاتییه‌ك زیانێكی زۆری مادی‌و ژینگه‌یی هه‌بوو. رووداوی سێیه‌م رژانی نه‌وتی ره‌ش بوو له‌ته‌نكه‌رێكه‌وه‌ له‌سه‌ر جاده‌ی گشتی نێوان كه‌لار‌و ده‌ربه‌ندیخان‌و بوه‌هۆی خلیسكانی ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی كه‌لارو گیان له‌ده‌ستدانی پۆلیسێك. هه‌رچی رووداوی چواره‌مه‌ دیسانه‌وه‌ گڕگرتنی ته‌نكه‌رێكی نه‌وت له‌قه‌زای دوكان، بوه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی هاووڵاتییه‌ك‌و زیانێكی زۆری مادی‌و ژینگه‌یی.
ئه‌م ڕووداوانه‌ له‌كوردستاندا نه‌بوونه‌ جێگای سه‌رنجی ناوه‌نده‌كانی میدیاو رای گشتی، به‌ڵام قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرن‌و ئه‌و پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌وت ده‌بێته‌ به‌ڵا له‌وڵاته‌كه‌ماندا ده‌خاته‌ پێش هه‌ر پرسیارێكی تره‌وه‌، چونكه‌ بوونی ژماره‌یه‌ك قوربانی‌و زیانێكی به‌رچاوی مادی له‌پاره‌و موڵكی گشتی‌و هه‌روه‌ها ژینگه‌ كه‌ قه‌باره‌ی زیانه‌ مادیه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات‌و چه‌نده‌ها ساڵی ده‌وێت بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌و لابردنی كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی له‌سه‌ر ئابووری‌و ته‌ندروستی كۆمه‌ڵی كوردستان.
به‌ڵام كێ به‌رپرسیاره‌، كێ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ خراپانه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی، كێ دێته‌ ده‌نگ و كاره‌ساته‌كان ده‌كاته‌ ڕای گشتی، حكومه‌ت یان حزب، یان كۆمپانیاكانی نه‌وت؟. یه‌كه‌م گرفت كه‌ له‌م كێشه‌یه‌دا دێته‌ پێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نێك نییه‌ پرسیاره‌كانی رووبه‌ڕوو بكرێته‌وه‌و وه‌ك به‌رپرسیاری یه‌كه‌م و راسته‌وخۆ ته‌ماشا بكرێت. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، یه‌كه‌مینیان نه‌بوونی كۆمپانایه‌كی نیشتیمانییه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان‌و فرۆشتن‌و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌كوردستاندا. دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو ته‌نكه‌ره‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت نییه‌ كه‌ له‌نێوان ئێران‌و توركیا‌و هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌شبوونه‌. سێیه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسیارێتی نه‌وت گواستنه‌وه‌ هه‌ڵناگرن. ئه‌ی ته‌گبیر؟. ئه‌ی ده‌بێت ئه‌م رووداوانه‌ وا به‌ئاسانی تێپه‌ڕ ببن‌و گیانی هاووڵاتیان‌و سه‌روسامان‌و ژینگه‌ی كوردستان بخرێته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌م تیرۆره‌ سپییه‌وه‌؟.
لێره‌دا، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بووترێت ده‌ستنیشان كردنی حكومه‌ته‌ وه‌ك به‌رپرسیاری یه‌كه‌م له‌دابینكردنی ئامرازی وه‌ها كه‌ گیانی هاووڵاتیان‌و سامانی گشتی‌و ژینگه‌ له‌گواستنه‌وه‌ی نه‌وتدا بپارێزێت. دوور له‌نه‌وتیش هه‌ر حكومه‌ت به‌رپرسیاره‌ له‌دابینكردنی ئاسایشی هاووڵاتیان كه‌ تا ئێستا هیچ لێدوان‌و هه‌ڵوێستێكی روونی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، وه‌ك باس ده‌كرێت‌و ده‌وترێت به‌رپرسه‌كانی كوردستان‌و ژماره‌یه‌ك له‌سه‌رمایه‌داران خاوه‌ن كۆمپانیای نه‌وتن‌و پشكیان هه‌یه‌ له‌فرۆشتن‌و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتدا له‌كوردستان، بۆیه‌ مافی خه‌ڵكه‌ ئه‌و خاوه‌ن سه‌رمایانه‌ به‌ به‌رپرس بزانن له‌دابینكردنی ئامرازی وه‌ها ئه‌و كاره‌ساتانه‌ دوور بخاته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌رمیان‌و بادینان‌و دوكان روویاندا. 
بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌دا نه‌كه‌ومه‌ ناو قسه‌ی گشتی‌و تۆمه‌تباریكردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی رۆژنامه‌نووس نییه‌، وای ده‌بینم كه‌ نه‌بوونی «شه‌فافیه‌ت» له‌زانیاری ده‌رباره‌ی ژماره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت له‌هه‌رێمداو بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ته‌نكه‌ری نه‌وت به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت موڵكی كێن‌و به‌چی رێنماییه‌ك كار ده‌كه‌ن‌و ده‌خولێنه‌وه‌، وامان لێ ده‌كات پرسیاره‌كه‌ وا لێبكه‌ین، ئه‌منی گشتی بگرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ركێكی بنه‌ڕه‌تی حكومه‌ته‌و هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ له‌ڕووی یاسای‌و ئه‌خلاقییه‌وه‌ به‌رپرسیاره‌، یان ئه‌وه‌ بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نێت كه‌ نه‌وت و گواستنه‌وه‌و فرۆشتنی له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵی ئه‌ودایه‌.

ئەم وتارە لە ژمارەی ئەمڕۆی کوردستانی نوێ بڵاو بوەتەوە



No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...