Dec 12, 2013

سه‌عاتێكی زه‌به‌لاح ״بورگێبه‌״ له‌بیر ناباته‌وه‌

تونس-خالد سلێمان‌
ڕۆماننووسی تونسی كه‌مال ڕیاحی له‌سه‌ره‌تای یه‌كێك له‌ڕۆمانه‌كانیدا به‌ناونیشانی(گۆرێلا) باس له‌و چركه‌ساته‌ ده‌كات كه‌ بن عه‌لی له‌شه‌قامی بورگێبه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندی پایته‌ختی تونس-ه‌وه‌، په‌یكه‌ره‌كه‌ی حه‌بیب بورگێبه‌ لاده‌بات و له‌جێگاكه‌یدا سه‌عاتێكی زه‌به‌لاح داده‌نێت. ئه‌مڕۆ ئه‌و سه‌عاته‌ زه‌به‌لاحه‌ به‌هه‌ر چوارده‌وری شه‌قامه‌كه‌دا ده‌ڕوانێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئامرازه‌كانی تری كاتژمێریدا ده‌بێته‌ ژمێریاری ڕۆژو كاتی ئه‌وانه‌ی به‌ شه‌قامی بورگێبه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بن. ئه‌م سه‌عاته‌ یه‌كێكه‌ له‌ده‌سكه‌وته‌ هه‌ر گرنگه‌كانی زه‌ینولعابدین بن عه‌لی، ئه‌گینا به‌ته‌واوه‌تی له‌بیری خه‌ڵك ده‌چووه‌وه‌و كه‌س باسی نه‌ده‌كرد.

په‌یكه‌ره‌كه‌ی بۆرگێبه‌
بن عه‌لی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تونس له‌ بورگێبه‌ مه‌زنتر ته‌ماشای بكه‌ن، كه‌ كوده‌تاكه‌ی سه‌ركه‌وت و گه‌یشته‌ حوكم و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لابرد كه‌په‌یوه‌ندییان به‌ بورگێبه‌وه‌ هه‌بوو، شتی وه‌ك سه‌عاته‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی داده‌نا، له‌شوێنی تریشدا له‌جێگه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی باوكی تونسی نوێ، په‌یكه‌ری بۆ هانی به‌عل «هانیپاڵ» دورست ده‌كرد و داده‌ناو مێژوویه‌كی دووری ده‌دواند. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ (٢٤٧-١٨٣ پێش زایین) و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی وێنه‌كانی هانیپاڵ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ڕێگه‌ی خواردنی نۆكاو «له‌بله‌بی»یه‌وه‌ له‌یاده‌وه‌ری تونسییه‌كاندا ده‌ژی، چونكه‌ هانیپاڵ نۆكاوی وه‌ك خواردنێكی سه‌ره‌كی بۆ سوپاكه‌ی دابین ده‌كرد.
لابردنی په‌یكه‌رو وێنه‌كانی بورگێبه‌ و دانانی په‌یكه‌ری هانیپاڵ جۆرێك بوو له‌خۆقورتار كردن، هه‌ر پرسیارێك ده‌رباره‌ی گیرفانی سیاسی بن عه‌لی خۆیك چی پێیه‌و له‌ كوێوه‌ هاتووه‌و مێژووی چیه‌و له‌چی دنیابینیه‌كه‌وه‌ حوكڕانی ده‌كات. ترسی ئه‌م پیاوه‌ش له‌وه‌دا بوو كه‌هیچی پێ نه‌بوو، تاكه‌ شتێكی شتی به‌رده‌ست، ئه‌و سیستمه‌ حوكڕانییه‌ بوو كه‌ بورگێبه‌ داینابوو، په‌روه‌رده‌و فێركردن، سیستمی ته‌ندروستی، مافه‌كانی ژن، مۆدێرنیزه‌كردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، دامه‌زراندنی سیستمێكی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌وتوو، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پڕۆژه‌كانی وه‌ك گواستنه‌وه‌ی گشتی و شه‌مه‌نده‌فێرو تراموای، ده‌كرانه‌ موڵكی ده‌وڵه‌ته‌ نوێكه‌ی دانه‌ری سه‌عاته‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌، له‌كاتێكدا ساڵانێك پێش ئه‌و له‌لایه‌ن بورگێبه‌-ه‌وه‌ پلانیان بۆ دانرابوو.

بن عه‌لی سه‌رۆكێكی بێبه‌رهه‌م 
له‌یمه‌نی ئه‌مڕۆی وڵاته‌كه‌دا كه‌ له‌مانگی «ژانڤێ»(كانونی یه‌كه‌م)ی داهاتوودا، سێ ساڵ به‌سه‌ر شۆڕش و كۆتایهێنان به‌حوكمی بن عه‌لی-دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌بیركراوه‌ی یه‌كه‌م بن عه‌لی خۆیه‌تی، چونكه‌ ململانێی ئه‌م ڕۆژانه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ تونس له‌كوێداو له‌سه‌ر چی بوه‌ستێته‌وه‌؟. ئه‌مه‌ پرسیاری هه‌مووانه‌و وه‌ڵامه‌كه‌ش له‌وه‌دا به‌ره‌جه‌سته‌ ده‌بێت كه‌سیاسه‌تی «حزبی نه‌هزه‌»ی ئیسلامی له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ دابڕانێك له‌نێوان ئه‌مڕۆو قۆناغی بورگێبیه‌یدا دروست بكات، چونكه‌ بن عه‌لی سه‌رۆكێكی بێ به‌رهه‌م و بێ كه‌له‌پوور بوو، هه‌موو یاساو  ده‌ستوورو بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تداری و له‌ناویاندا مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و یاسای ڕێكخستنی خێزان له‌لایه‌ن بورگێبه‌-ه‌وه‌ دانرابوون، كاتێكیش حوكمه‌كه‌ی كۆتایی پێهات، ناوی بن عه‌لی به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی به‌ره‌و له‌بیرچوونه‌وه‌ چوو، «نه‌هزه‌»ش ئه‌مه‌ باش ده‌زانێت و له‌وه‌ دڵنیاییه‌ كه‌شه‌ڕه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌له‌پووری سیاسی و فیكری پیاوه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌ نه‌ك بن عه‌لی.
یه‌كێك له‌و هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌ بێباكانه‌ی له‌هه‌ر تانه‌و ته‌خوینێكی سیاسی كه‌ بورگێبه‌ پێی هه‌ڵسا، سه‌ردانی فه‌له‌ستین بوو ساڵی ١٩٦٥، هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌شدا له‌شاری ئه‌ریحا وتارێكی پێشكه‌ش كردو داوای دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌تی بۆ ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینییه‌كان كرد، له‌به‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش بورگێبه‌ ته‌خوین كراو وتاره‌كه‌ی له‌به‌رده‌م ڕۆمانسیه‌تی شۆڕشگێڕیدا به‌رگه‌ی نه‌گرت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تونسییه‌كان پێیان وایه‌، واقیع و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان ده‌ریانخست كه‌ ئه‌و پیاوه‌ چه‌ند دوور ده‌یڕوانی و چۆن بۆچوونه‌كانی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ڕۆمانسیانه‌دا سه‌ركه‌وتن.

خواردنه‌ چه‌وره‌كه‌ی نه‌هزه‌ 
بن عه‌لی، له‌ماوه‌ی حوكمیدا(١٩٨٧-٢٠١١) له‌سه‌ر كه‌له‌پووری بورگێبه‌ ده‌ژیاو جگه‌ له‌ڕێگا خۆشكردن بۆ كه‌س و كاره‌ نزیه‌كه‌كانی و به‌تایبه‌تی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی بۆ ده‌ست درێژی كردنه‌ سه‌ر موڵكی گشتی و گه‌نده‌ڵی، هیچ شتێكی بۆ سه‌ر سیستمی حوكمڕانی زیاد نه‌كرد. ئیسلامییه‌كانیش بووبوونه‌ ناوی خواردنێكی به‌تام كه‌ هه‌ر سیستمه‌كه‌ی بن عه‌لی خۆی تام و بۆنی بۆ زیاد ده‌كردو ئیشتیهای ژماره‌یه‌كی زۆری تونسییه‌كانی بۆ خواردن ده‌كرده‌وه‌، له‌هه‌موو شتێكیش گرنگتر به‌ڕای كه‌مال ڕیاحی ڕۆماننووس، جگه‌ له‌باری ئابووری خراپی وڵاته‌كه‌ له‌ده‌می بن عه‌لی-دا ده‌رچوون له‌و بازنه‌ داخراوه‌ بوو كه‌ده‌زگایه‌كی پۆلیسی سه‌پاندبووی، به‌ڕای ئه‌و ئێستا تونسییه‌كان خه‌ریكه‌ له‌ژه‌مه‌ خواردنه‌ چه‌وره‌كه‌ی «نه‌هزه‌» تێر ده‌بن و خوازیاری زانین و ناسینی خه‌سڵه‌تی گۆڕانكارییه‌كانن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕایه‌دا ژماره‌یه‌كی به‌رچاویش له‌ هاووڵاتیان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ئه‌مڕۆ تونسییه‌كان له‌هه‌موو شتێك زیاتر خوازیاری كارو به‌ده‌ستهێنانی پاروه‌ نان و زۆرجار هه‌ندێكیان خۆزگه‌ به‌ده‌می پێشوو ده‌به‌ن و به‌ ئاشكراش ته‌عبیر له‌و ڕایه‌ ده‌كه‌ن، له‌پاڵ هه‌ردوو ڕاكه‌دا دوو شت هه‌یه‌ باس ده‌كرێن، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌سڕینه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی بورگێبه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی دانان، مه‌حاڵه‌، چونكه‌ له‌پاڵ هه‌موو شته‌كاندا ده‌ستبه‌ردان له‌خزمه‌تگوزاری كه‌به‌شێكه‌ له‌بنه‌ماكانی ئابووری وڵاته‌كه‌، خراپتركردنی گوزه‌ران خه‌ڵك و دوواخستنی ڕه‌وڕه‌وی ئابووری، دووه‌میان ئازادییه‌ گشتییه‌كانه‌ كه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌كه‌سایه‌تی ئه‌مڕۆی تاكی وڵاته‌كه‌.

كه‌می گه‌شتیاران
یه‌كێك له‌و ترسه‌ ئابووریانه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ له‌تونس باس ده‌كرێن و بوونه‌ته‌ مانشێتی ڕۆژنامه‌و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، بوونی ژماره‌یه‌كی كه‌می «حجوزات»ی گه‌شتیارانی ئه‌وروپایه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی یاده‌كانی سه‌ری ساڵ له‌تونس، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بارێكی ئه‌منی ناجێگیر له‌ڵاته‌كه‌دا، دابینكردنی ئاسایشیش به‌شێكه‌ له‌سه‌قامگیریی خزمه‌تگوزاری و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاری و جوڵاندنی دیمه‌نی ئابووری. به‌كورتیه‌كه‌ی، ئایكۆنی بورگێبه‌ له‌مڕۆی تونس، ته‌نها سیاسی نییه‌و له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتوری و مه‌ده‌نیدا حوزوری هه‌یه‌و غیابی گه‌وره‌، غیابی بن عه‌لی-یه‌ له‌ پاڵ سه‌عاته‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌یدا كه‌ وای زانی جێگه‌ی پیاوه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...