Dec 12, 2013

شۆڕش بوو، به‌ڵام یاسه‌مینی نه‌بوو

تونس-خالد سلێمان‌
كه‌ له‌(ڕیم) ده‌پرسم چۆن تونس-ی دوای شۆڕشی یاسه‌مین ده‌بینێت، به‌ڕووما پێده‌كه‌نێت و ده‌ڵێت «شۆڕش بوو، به‌ڵام یاسه‌مینی نه‌بوو». كه‌ لێی ده‌پرسم بۆ یاسه‌مینی نییه‌، به‌بێ باسكردن له‌سیاسه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ، په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنان و گه‌شتیاریی راوه‌ستابوو، ئه‌مڕۆش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م سست و لاواز بوون و ته‌نها گه‌شتیاریی ماوه‌و باری ئه‌منیش ئه‌مه‌ی لاواز كردووه‌، هه‌ر حوكمێكی ئاینیش له‌تونس-دا كۆتایی به‌مه‌ دێنێت. ڕیم ژنێكی تونسی گه‌نجه‌و ساڵانێكه‌ وازی له‌پۆسته‌كه‌ی وه‌ك فه‌رمانبه‌ری حكومی هێناوه‌ هه‌تا كاری سه‌ربه‌خۆ بكات، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری خۆی بێت، ئه‌و كه‌ئێستا (بوتیك)ێكی هه‌یه‌و خاوه‌ن پڕۆژه‌ی بچووكی خۆیه‌تی و كاره‌كه‌ی به‌بێ بوونی گه‌شتیار سه‌ر ناگرێت، هیچ گرفتێكی له‌وه‌دا نییه‌ كه‌سێك سه‌له‌فی بێت و به‌چی شێوه‌یه‌ك داخوازێتی موماره‌سه‌ی ژیانی خۆی بكات، به‌ڵام گرفتی له‌گه‌ڵ تیرۆردایه‌ كه‌به‌ڕای ئه‌و گرووپه‌ ئیسلامییه‌كان، ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ژاره‌كان به‌و په‌ڕی توانایانه‌وه‌ به‌كار دێنن بۆ ته‌جنیدكردنی خه‌ڵك.
لادانه‌وه‌ به‌لای ده‌وڵه‌تانی خه‌لیجدا
له‌وانه‌یه‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ به‌شێك بێت له‌و توڕه‌بوونه‌ی تونس-یه‌كان كه‌ ئاماژه‌كانی خه‌ریكه‌ له‌سه‌رخۆ ده‌رده‌كه‌ون و له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ زۆر باس ناكرێن، به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ جێگه‌ی مشت ومڕو چه‌له‌حانێیه‌كی زۆرن. نووسه‌رو رۆشنبیری تونسی ره‌جا بن سه‌لامه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی له‌زانكۆ وه‌ك پڕۆفیسۆرێك و له‌كه‌ناڵه‌كانی میدیا وه‌ك رۆژنامه‌نووس و له‌سه‌ر تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك چالاكوانێكی مه‌ده‌نی، ئه‌و چه‌له‌حانێیه‌ له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌و ئه‌و مافه‌ ده‌ستووری و یاسایانه‌ی وا 50 ساڵ زیاتره‌ چه‌سپاوه‌، گه‌رم ده‌كات. به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی سه‌له‌فییه‌كان ده‌بێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ ژنی تری بواری ئه‌كادیمی و چالاكی بواری مه‌ده‌نی و سیاسی له‌فه‌زای گشتیی تونسدا دیاره‌.
ره‌جا پێی وایه‌ كه‌حزبی نه‌هزه‌و له‌پاڵ ئه‌ویشدا سه‌له‌فییه‌كان ده‌یانه‌وێت دابڕانێك له‌گه‌ڵ كه‌له‌پووری سیاسی و مه‌ده‌نی وڵاته‌كه‌دا بكه‌ن و مێژووی حه‌بیب بورگێبه‌ بسڕنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڕای ئه‌م خانمه‌ زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی تونس ده‌ستبه‌رداری مافه‌كانیان نابن و زه‌حمه‌ته‌ بكه‌ونه‌ ژێر ركێفی ئایدیۆلۆژیای (نه‌هزه‌)ه‌وه‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، « كه‌ راشد غه‌نووشی گه‌ڕایه‌وه‌ وڵات وه‌ك خومه‌ینی پێشوازیی لێ بكرێت، به‌ڵام به‌پیچه‌وانه‌وه‌، به‌كاریكاتۆرو كۆمیدیا له‌ڕۆژنامه‌كاندا پێشوازیی لێكرا».
ره‌جا پێی وایه‌ یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌ كوشنده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ له‌كاتی گه‌یشتنی به‌حوكم، لادانه‌وه‌ بوو به‌لای ده‌وڵه‌تانی خه‌لیجدا، له‌كاتێكدا سیستمی ئابووریی وڵاته‌كه‌ به‌ستراوه‌ به‌بازاڕی ئه‌وروپاوه‌. جووڵه‌ی بازاڕه‌كانی تونس قسه‌ی ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ له‌بواری زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا پشت راست ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌چۆن هه‌ینی وه‌ك ئه‌وروپا بازاڕ جووڵه‌ی ئاسایی خۆی هه‌یه‌و كۆتایی هه‌فته‌ ده‌كه‌وێته‌ شه‌ممه‌و یه‌ك شه‌ممه‌وه‌. ئه‌مه‌ مانایه‌كی ئاینی نییه‌، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی به‌نده‌ به‌بازاڕو بزنسه‌وه‌.
لاوازبوونی گه‌شتوگوزار
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی تر كه‌ ئه‌م خانمه‌ باسی ده‌كات، لاوازبوونی هه‌ردوو كه‌رتی كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنانه‌ كه‌ئه‌مه‌ی دووه‌میان راسته‌وخۆ به‌نده‌ به‌سیاسه‌تی (نه‌هزه‌)ه‌وه‌ له‌لایه‌ك و باری ئه‌منیی وڵاته‌كه‌وه‌ له‌لایه‌كه‌ی تره‌وه‌. له‌م سیاقه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ یارمه‌تییه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ تونس مه‌رجدارن و یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ دانه‌مه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ره‌ له‌دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا، به‌ڵام نه‌هزه‌ گوێی به‌م پێوه‌ره‌ نه‌داو به‌پێی ئه‌جێندای سیاسیی خۆی ده‌ستیكرد به‌دامه‌زراندن. هه‌رچی گه‌شتوگوزاریشه‌ هه‌ر به‌نده‌ به‌باری ئه‌منییه‌وه‌و توشی لاوازی بووه‌.
له‌هه‌موو دانیشتنه‌كاندا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تونس و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووساندا ناوی بورگێبه‌ ئاماده‌یه‌. كه‌مال ریاحی كه‌یه‌كێكه‌ له‌نووسه‌رو رۆماننووسه‌ به‌ناوبانگه‌كانی وڵاته‌كه‌، باسی ئه‌وه‌ ده‌كات چۆن له‌كاتێكدا وڵاتانی وه‌ك جه‌زائیرو عیراق و میسرو سوریا له‌ساڵانی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا بودجه‌ی ده‌وڵه‌تیان بۆ دامه‌زراوه‌ی عه‌سكه‌ری سه‌رف ده‌كرد، بورگێبه‌ زۆربه‌ی بودجه‌ی تونسی بۆ په‌روه‌رده‌و فێركردن به‌كار ده‌هێناو توانی له‌ماوه‌ی حوكمیدا نه‌وه‌یه‌كی خوێنده‌وارو خاوه‌ن توانای زانستی دروست بكات و رێژه‌ی خوێنده‌واری به‌ڕاده‌یه‌ك به‌رز بكاته‌وه‌ ببێته‌ یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی له‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردندا. هه‌روه‌ها توانی خێزانی تونسیی رێكبخات و بیگه‌یه‌نێته‌ ئاستی خێزانی ئه‌وروپی كه‌ژماره‌ی منداڵ سنووری ٢-٣ بوه‌ستێت، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی زانستی نه‌وه‌ نوێكانی وڵاته‌كه‌ بوو.
لێره‌دا نه‌بیل ده‌رغوت كه‌ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بییه‌، زانیارییه‌كی تر ده‌خاته‌ نێو گفتوگۆكانمانه‌وه‌و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌چۆن پێش بورگێبه‌ سیستمی خوێندن له‌تونس «خوێندنی زه‌یتونی» بوو، واته‌ ته‌نها خوێندنی ئاینی وئوسوڵی فیقه و شه‌ریعه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌و سیستمه‌كه‌ی گۆڕی و كردییه‌ خوێندنێكی مۆدێرن و هه‌موو بواره‌كانی زانست وئادابی گرته‌وه‌. به‌لای هه‌ردوو نووسه‌ره‌وه‌ یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی نه‌هزه‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و سیستمه‌یه‌ كه‌ بورگێبه‌ دایمه‌زراند، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌ك ته‌نها به‌لای ئه‌وانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌لای زۆربه‌ی تونسی-یه‌كانه‌وه‌ مه‌حاڵه‌،  چونكه‌ سه‌رمایه‌ی به‌شه‌ریی له‌تونسدا یه‌كێكه‌ له‌سه‌رمایه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان و په‌ره‌پێدانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری ژیانی ئابووریی وڵاته‌كه‌ به‌نده‌ به‌مه‌وه‌.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...