Nov 13, 2013

نه‌ته‌وه‌یه‌كی داڕزیووه‌؟

خالد سلێمان
 I
له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بڵاویكرده‌وه‌، گوایه‌ له‌به‌ر هۆكاری لۆجیستی كۆنگره‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. بۆ زۆربه‌ی چاودێران‌و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ئاشكرایه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ وا له‌بڵاكراوه‌كه‌ی كۆمیته‌كه‌دا هاتووه‌، به‌ڵكو ئه‌و ململانێ سیاسی‌و ناكۆكیانه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان حزبه‌كانی كوردستاندا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ململانێ‌و ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و پارتی كرێكارانی كوردستان‌و پارتی یه‌كبوونی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌).
II
له‌سلێمانی، كه‌ به‌درێژایی مێژووه‌كه‌ی، سه‌نته‌رێكی سیاسی‌و كولتوری نه‌ته‌وه‌یی بووه‌، هه‌وڵێكی جیدی هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی رایه‌كی گشتی ده‌رباره‌ی به‌هه‌رێم كردنی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بزوێنه‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌. من  ناڵێم له‌ئاستی نه‌ته‌وه‌یدا، به‌ڵكو له‌ئاستی نیشتمانیدا ئه‌مه‌ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی خه‌ونی چه‌نده‌ها نه‌وه‌ی كورده‌ بۆ دروستكردنی نیشتمانێك جێگه‌ی هه‌مووانی تێدا بێته‌وه‌.
III
له‌هه‌ولێر مامۆستایه‌كی زانكۆ كه‌ خۆی به‌شاعیرو نیگاركێش‌و رۆماننووس ده‌زانێت له‌سه‌ر شاشه‌ی (تی ڤی) له‌به‌رده‌م چه‌ندان ملیۆن كورددا ده‌ڵێت سیستمی پادشایه‌تی چاره‌سه‌ره‌ بۆ كوردستان‌و پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كات بارزانی بكرێت به‌پادشای كوردستان. ئه‌مه‌ش وه‌ك چۆن  فیكره‌ی به‌هه‌رێم كردنی سلێمانی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی خه‌ونی نیشتمانییه‌، به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئومێدی وڵاتێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌سیستمێكی دیموكراسی‌و فره‌ ره‌نگی‌و فره‌ ده‌نگی‌و فره‌ جیهانبینیی. له‌وانه‌یه‌ بووترێت باسكردن له‌پادشایه‌تی كوردستان‌و فیدرالیه‌تی سلێمانی، ته‌نها قسه‌ی چه‌ند كه‌سێكن‌و هیچی تر، به‌ڵام له‌قسه‌ زیاترن‌و مانای زۆر هه‌ڵده‌گرن.
IV
له‌ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ به‌ڕای من، ئه‌و تراژیدیا مرۆیی وا ئه‌مڕۆ تیایدا ده‌ژیت و كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م هێڕشێكی فراوانی هێزه‌ سه‌له‌فییه‌كانی سه‌ر به‌قاعیده‌، قوڵایی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رده‌خات. به‌ڵام بێده‌نگی نوخبه‌ی سیاسی‌و رۆشنبیری كورستانی باشوور به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی رووده‌دات و زاڵبوونی گووتاری لۆكاڵی، به‌شێكی تره‌ له‌به‌تاڵكردنه‌وه‌ی «مه‌ركه‌نتیله‌»ی نیشتمانی گه‌لی كوردستان له‌تێكۆشان له‌پێناو بوون به‌به‌شێك له‌جیهان له‌ڕێگه‌ی ناسنامه‌یه‌كی نیشتمانییه‌وه‌.
V
له‌سێداره‌دانی چه‌نده‌ها گه‌نجی كورد له‌كوردستانی خۆرهه‌ڵات و نه‌بوونی هیچ هه‌ڵوێست و له‌سه‌ر رانه‌وه‌ستانێك له‌لایه‌ن نوخبه‌ی كوردستانه‌وه‌، به‌شێكی تری ئه‌و داڕزینه‌وه‌ وا جه‌سته‌ی كورد پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت. 
VI
له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد توشی نامۆبوون بووه‌ به‌بوون‌و ناسنامه‌ی خۆی‌و توشی داڕزین بووه‌. باسكردنیش له‌ «هه‌رێماندن» و پادشایه‌تی له‌پاڵ تراژیدیای كوشتن‌و له‌سێداره‌دان‌و «عوسمانیزه‌كردن»دا روونترین دیارده‌ی  ئه‌م داڕزینه‌ن.
VII
تاكی كورد له‌مڕۆدا، له‌هه‌موو رۆژێك زیاتر له‌دڵه‌ڕاوكێ‌و نائارامیدا ده‌ژیت و ترسی له‌داهاتووی نیشتمانه‌كه‌ی هه‌یه‌، له‌كاتێكدا ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای كوردستان كه‌ هه‌ندێ له‌ئه‌وروپیه‌كان وه‌ك (سویسرا)ی كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌می ده‌شوبهێنن، ده‌بوایه‌ ده‌رگای هیوایه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا بكردایه‌ته‌وه‌و هه‌ر هیچ نه‌بێت «كۆپی»یه‌كی خۆی له‌شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا دابنایه‌. 
VIII
ئه‌و هه‌موو ئاماژانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌كیش نه‌بن له‌داڕزینی نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئه‌وا رێگای داڕزین خۆش ده‌كه‌ن‌و خه‌ونی نیشتمانی‌و بوون به‌به‌شێك له‌جیهان به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...