Oct 10, 2013

خەڵاتی نۆبڵ دەدرێتە نووسەری چیخۆفی کەنەدا ئەلیس مۆنرۆ

خالد سلێمان
ژنه‌ نووسه‌ری كه‌نه‌دی ئه‌لیس مونرۆ (٨٢ ساڵ) خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌رده‌گرێت و له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌له‌سه‌ر تویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ستیڤن هارپه‌ر پیرۆزبایی لێده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌م خه‌ڵاته‌ بۆ هه‌موو كه‌نه‌دییه‌كان. ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب ده‌درێته‌ نووسه‌رێكی به‌ڕه‌گه‌ز كه‌نه‌دی، پێش ئه‌لیس مونرۆ ناوی ژنه‌ ڕۆماننوسی كه‌نه‌دی مارگرێت ئاتوود له‌ لیستی ئه‌و نووسه‌رانه‌دا بوو كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا خه‌ڵاته‌كه‌ی پێ ببخه‌شرێت. هه‌ر ئاتوود خۆشی یه‌كه‌م كه‌س بوو له‌سه‌ر تویته‌ره‌كه‌ی له‌ خۆشی هه‌واڵه‌كه‌دا هاوار بكات و بنووسێت، "هوراااااا" 

ئه‌لیس مونرۆ ساڵی ڕابوردوو له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ( ناشناڵ پۆست)دا ڕایگه‌یاند كه‌ ئیتر له‌ نووسین ده‌وه‌ستێت و له‌به‌ر ته‌مه‌ن توانای نووسینی نه‌ماوه‌. له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ناوه‌كه‌شیدا بۆ به‌خشینی نۆبڵ، كه‌ناڵی به‌ناوبانگی كه‌نه‌دی (سی بی سی) لێی پرسی كه‌ ئه‌گه‌ر ئیعتبارێك بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ له‌ وڵامدا ده‌ڵێت: من پیر بوومه‌.
ئه‌لیس مونرۆ ساڵی ١٩٣١ له‌ هه‌رێمی ئۆنتاریۆ له‌ كه‌نه‌دا له‌ دایك بوه‌و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ حه‌زی له‌ نووسین و ئه‌ده‌ب بوه‌. له‌ زانگۆی (وێستێرن ئۆنتاریۆ) ڕۆژنامه‌وانی و ئینگلیزی ده‌خوێنێت و ساڵی ١٩٥١ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ جێمس مۆنرۆ ده‌كات و سێ منداڵیان ده‌بێت. به‌ڵام له‌ ئۆنتاریۆ نامێنن و بۆ جێگیربوون ده‌چن بۆ شاری ڤانكوڤه‌ر له‌ هه‌رێمی (بریتش كۆڵۆمبیا) كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كه‌نه‌داو له‌وی كتێبخانه‌یه‌ك به‌ناوی (مۆنرۆز بووكس) ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ كتێبخانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی كه‌نه‌داو ئه‌مریكا. 
  ئه‌لیس ساڵی ١٩٦٨یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی بڵاو ده‌كاته‌وه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئۆنتاریۆ، ساڵی ١٩٧٢ وه‌ك نووسه‌رێكی "موقیم" له‌ زانگۆی وێستێرن ئۆنتاریۆ داده‌مه‌زرێت. ساڵی ١٩٧٦ ئه‌لیس شوو ده‌كاته‌ جیۆگرافیا ناسی كه‌نه‌دی جێراڵد فراملین و هه‌تا مانگی نیسانی ڕابوردووی ئه‌مساڵ كه‌ فراملین تیایدا ماڵئاوای یه‌كجاره‌كی ده‌كات  له‌ شارۆچكه‌ی كلینتۆن له‌ ئۆنتاریۆ پێكه‌وه‌ ده‌ژین. 
مۆنرۆ له‌ ئه‌ده‌بی كه‌نه‌دیدا به‌وه‌ ناوبانگی ده‌ركرد كه‌ له‌سه‌ر ڕێبازی ریالیزمی سایكۆلۆژی ده‌نوسێت و ڕۆده‌چێته‌ ناو جیهانی ناوه‌وه‌ی كاراكته‌ره‌كانیه‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ ئه‌كادیمیای سویدی وه‌ك "چیخۆفی كه‌نه‌دا" ناوی ببات. له‌ بیریشمان نه‌چێت ئه‌لیس به‌نووسه‌ری كورته‌ چیرۆك نوسراوه‌و له‌ صیرۆكی كورتی واقیعی ناوه‌كیدا (الواقیعه‌ الداخلیه‌) گرفت و كێشه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.         
له‌به‌رهه‌مه‌كانی:
سه‌مای سێبه‌ره‌ خۆشبه‌خته‌كان
مانگه‌كانی جۆبیته‌ر
ته‌نیشت قه‌ڵای ڕۆك
خۆشبەختیەکی زۆر
سەرچاوە: کوردستانی نوی

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...