Jul 19, 2013

گه‌ردنتان ئازاد بێت.. بیانسووتێنن ‌

خالد سلێمان‌19/7/2013
له‌سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، كاتێك ئیسلامییه‌كی توندڕه‌و به‌چه‌قۆ هێرشی كرده‌ سه‌ر رۆماننووسی به‌ناوبانگی میسری نه‌جیب مه‌حفوز نه‌یده‌زانی رق و كینه‌كه‌ی له‌به‌ر چییه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و رۆمانه‌شی نه‌خوێندبووه‌وه‌ كه‌(جیهادی ئیسلامی)و گروپه‌ ئیسلامییه‌كانی تری ئه‌و وڵاته‌ (نه‌جیب مه‌حفوز)یان له‌سه‌ر ته‌كفیر كردبوو. كه‌ له‌دادگا لێیان پرسی ئایا ئه‌و رۆمانه‌ی خوێندۆته‌وه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ نه‌خێر بوو.
له‌ڕاستیدا به‌رپرسیارێتی هه‌وڵی تیرۆركردنی ئه‌و رۆماننووسه‌ به‌ناوبانگه‌ له‌ئه‌ستۆی ئه‌و پیاوه‌دا نه‌بوو كه‌ (چه‌قۆكێش)ی جیهادییه‌كان بوو، به‌ڵكو قوربانی ئه‌و فه‌زا سیاسییه‌ی بوو كه‌ جیهادییه‌كان و ئیسلامییه‌كانی تر دروستیان كرد.
لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و دوو سێ گه‌نجه‌ی كه‌لار وا كتێبه‌كانی (جه‌مال غه‌مبار)ی شاعیریان سووتاند، به‌رپرسی راسته‌وخۆی رووداوه‌كه‌ نین، به‌ڵكو به‌رپرسیاری یه‌كه‌م و كۆتایی ئه‌و فه‌زا سیاسییه‌یه‌ وا چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ وردستاندا دروستكراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و راگه‌یاندنه‌ نه‌فه‌س فاشیزمه‌یه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ وێزه‌ی جه‌مال غه‌مبار.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كتێبه‌كانیان سووتاند، شیعره‌كانیان نه‌خوێندۆته‌وه‌ یان لێیان تێنه‌گه‌یشتوون، هه‌روه‌ها له‌ئازادی و بنه‌مای ئازادی تاكه‌كانیش تێنه‌گه‌یشتوون، چونكه‌ بچووكترین بنه‌مای ئازادی پاراستنی مافی ده‌نگدان و ده‌نگ نه‌دان و خۆهه‌ڵبژاردنه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه‌و ئاشكرایه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كتێب ده‌سووتێنن، ئامرازو كه‌ره‌سته‌ی فه‌زایه‌كی سیاسی وه‌هان، پێش هه‌موو شتێك تیایدا ده‌ست له‌ به‌هاو هاوبه‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری ده‌وه‌شێنرێت. یه‌كێكیش له‌خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی دیارده‌ی پۆپۆلیست، كه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌قۆناغێكی دیاریكراودا ببێته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی فاشی، لێدانی به‌هاو هاوبه‌شێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوورییه‌ پێش لێدانی سیاسه‌ت و سیستمی حوكمڕانی.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كتێبه‌كانیان سووتاند، هێزو ئه‌نێرجی ئه‌وه‌شیان تێدایه‌ جه‌مال غه‌مبار خۆی بسووتێنن، چونكه‌ لێره‌دا كتێبه‌كان ره‌مزو سه‌رمایه‌ی كه‌سه‌كه‌ن و له‌مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریدا رووداوی له‌م بابه‌ته‌ زۆرن و له‌ژماردن نایه‌ن.
پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، بۆ گه‌رمیان و كه‌لار ببنه‌ فه‌زای ئه‌م دیارده‌یه‌ و گه‌نجی گه‌رمیانی ببنه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی كتێب سووتاندن؟. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ڵامه‌كه‌ نه‌ لای من و نه‌ لای ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كتێبه‌كانیان سووتاند، به‌ڵكو لای ئه‌و فه‌زا سیاسییه‌یه‌ كه‌دروست بووه‌و هه‌ندێ كه‌ناڵی سیاسی و راگه‌یاندن سه‌كۆو ده‌رگای زه‌به‌لاحیان بۆ دروست ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر من له‌جێگای جه‌مال غه‌مباربم به‌و كه‌سانه‌ ده‌ڵێم گه‌ردنتان ئازاد بێت و ئۆباڵی ئه‌م كاره‌تان ده‌خه‌مه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی ئه‌م ئاگردانه‌یان بۆ ئێوه‌ دروستكردووه‌.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...