Mar 26, 2013

سیجال ده‌رباره‌ی یه‌كێتی (لیستی سەربەخۆو هاوپەیمانێتی ‌)

خالد سلێمان
سیجال و قسه‌كردن له‌سه‌ر یه‌كێتی، له‌م رۆژانه‌دا، ته‌نها ئۆرگان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ‏یه‌كێتی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، له‌ناو حزبه‌كانی تری كوردستان و میدیا ئه‌هلییه‌كانیشدا ‏قسه‌وباسێكی زۆر ده‌رباره‌ی یه‌كێتی، به‌تایبه‌تیش له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ‏كوردستاندا ده‌كرێت.‏
به‌شی زۆری قسه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌م حزبه‌ به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌چێته‌ ‏هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌وه‌ یان په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌لیستی كوردستانییه‌وه‌؟ هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر ‏له‌م چوارچێوه‌یه‌دا باسێكی زۆر له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی ستراتیژی نێوان یه‌كێتیی ‏نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كرێت.‏
تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش یه‌كێتییه‌كان خۆشیان هه‌مان پرسیار ده‌كه‌ن و له‌دانیشتنه‌ گشتی و ‏تایبه‌تییه‌كاندا، میزاجی گشتی حزبه‌ زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك له‌كۆبوونه‌وه‌و لێدوانه‌ ‏ره‌سمییه‌كاندا، به‌ڵام هێشتا سیجاله‌كه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ناو میدیاو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ‏سه‌ر به‌یه‌كێتی خۆیه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌كادیره‌كانی حزبه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی ‏خۆیاندا رای خۆیان ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌رده‌بڕن و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی میزاجی ‏سیاسییان به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕوات كه‌ ده‌بێت یه‌كێتی به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ ‏به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات.‏

له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م، به‌بێ راوه‌ستان له‌سه‌ر قسه‌ی گشتی و هه‌ڵوێستی ‏پێشوه‌خته‌كان، له‌سه‌ر دوو خاڵ قسه‌ بكه‌م، یه‌كه‌میان به‌شداریكردنی یه‌كێتییه‌ ‏له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ، دووه‌میان به‌ستنه‌وه‌ی هه‌مان ‏به‌شدرایكردنه‌ به‌هاوپه‌یمانێتی ستراتیژی نێوان یه‌كێتی و پارتی.‏
ئه‌گه‌ر له‌م خاڵه‌ی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، هاوپه‌یمانێتی ستراتیژی ‏نێوان هه‌ردوو حزبه‌كه‌ نه‌به‌سترێته‌ هه‌موو چالاكییه‌كی سیاسییه‌وه‌و نه‌كرێته‌ كۆت و ‏به‌ند بۆ هه‌رلایه‌ك، به‌ڵكو وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی بێت بۆ دنیابینی و داهاتووی ‏كوردستان له‌ڕووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها ‏په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم به‌وڵاتانی دراوسێ و جیهانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌دا كه‌ ‏سه‌رچاوه‌ی وزه‌ له‌كوردستاندا خاڵێكی به‌هێزه‌ بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كێشه‌ی كورد ‏له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ به‌ته‌نها په‌یوه‌ندی ‏به‌هه‌ردوو حزبه‌كه‌وه‌ نابێت، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ دیدێكی كوردستانی و ‏حزبه‌كانی تریش تیایدا به‌شدار ده‌بن.‏
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ ته‌نها گرێ بدرێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌و ‏له‌چوارچێوه‌ی حوكمدا كۆبكرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌ره‌و لاوازی و له‌كۆتایدا، به‌ره‌و نه‌مانی ‏ده‌بات.‏
هه‌ر لێره‌وه‌، به‌شداریكردنی یه‌كێتی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا، ‏ده‌كرێت بخرێته‌ خانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م حزبه‌، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2009، به‌شێكی ‏سه‌ركردایه‌تی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی لێی جیابووه‌وه‌، جارێكی تر پێگه‌ی سیاسی خۆی ‏له‌كوردستاندا هه‌ڵ بسه‌نگێنێته‌وه‌، به‌رده‌وام خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی پێگه‌ی ‏سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر حزبێكیش، به‌پله‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، بۆیه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ‏یه‌كێتیدایه‌ له‌م قۆناغه‌دا به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ بچێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌و رێگه‌و ‏پێگه‌ی خۆی له‌كوردستاندا به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێم و ‏گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تیش ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ‏كێشه‌ی كورد له‌كوردستانی باكوورو رۆژئاوا به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت، ره‌سم بكاته‌وه‌.‏
ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، بیركردنه‌وه‌ له‌هاوپه‌یمانێتی و حوكمڕانی بخرێته‌ دوای ‏هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر حزبێك به‌ته‌نها نه‌یتوانی حكومه‌تی زۆرینه‌ پێك بهێنێ، ‏ئه‌و كاته‌ هاوپه‌یمانێتی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دێته‌كایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌هیچ ‏كاتێكدا ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ستراتیژی هاوپه‌یمانێتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان ‏باخچه‌ی پشته‌وه‌ی دنیابینی و دیده‌ سیاسییه‌كان نەبن بۆ هه‌موو پێكهاته‌و ئاڕاسته‌ ‏ئایدیۆلۆژییه‌كانی كوردستان.‏
به‌كورتییه‌كه‌ی، له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیدایه‌، له‌م قۆناغه‌دا بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ به‌قه‌واره‌ی ‏خۆی و خوێندنه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌ بچێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و ‏ته‌نانه‌ت بیر له‌وه‌ش بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رو مه‌رجانه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ‏ده‌یهێننه‌ كایه‌وه‌ خۆی بگونجێنێت و خوێندنه‌وه‌ی واقیعیانه‌یان بۆ بكات، ئه‌گه‌ر ‏له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش بێت.‏

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...