Mar 15, 2013

هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ وێنه‌یه‌كدا

خالد سلیمان
  
گۆران عوسمان، هاوڕێ و نزیكی سیمبۆڵی هه‌ڵه‌بجه‌ عومه‌ری خاوه‌ر له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: "بۆ دواجار عومه‌ری خاوه‌رم له‌ به‌یانی ڕۆژی 16/3/1988 بینی، یانی چه‌ند سه‌عاتێك پێش بۆردوومانكردنی شاره‌كه‌ به‌ چه‌كی كیمیاوی. كۆمه‌ڵێ خێزانی شاره‌كه‌ بووین و له‌ژێرزه‌مینی كارگه‌ی تووتنه‌كه‌دا خۆمان حه‌شار دابوو. له‌وه‌و پێشیش ئه‌و ژێرزه‌مینه‌مان له‌ترسی بۆمبارانه‌كانی ئێران به‌كارده‌هێنا. ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌مانزانی ڕزگارمان نابێت. دوای كه‌مێك عومه‌ری خاوه‌ر هاته‌ لامان و پێیوتین "مه‌ترسن ڕزگارمان ده‌بێت"، ئه‌مه‌ی وت و ڕۆیشت و ئیتر بۆردومان ده‌ستی پێكرد.

دوای ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ژێرزه‌مینی كارگه‌ی تووتنه‌كه‌ وه‌ك له‌ شه‌هاده‌كه‌ی گۆران عوسمان-دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، عومه‌ری خاوه‌ر چووه‌ته‌ به‌رده‌م ماڵی "كه‌مال جه‌لال" و له‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌دا كیمیاوییه‌كه‌ زه‌بری پێبردووه‌ و له‌گه‌ڵ كۆرپه‌كه‌یدا كه‌ ناوی "محه‌مه‌د" بوو شه‌هید بووه‌. له‌وه‌ ده‌چێ عومه‌ری خاوه‌ر له‌گه‌ڵ محه‌مه‌دی كوڕیدا له‌ مناڵه‌كانی دابڕاوه‌ و ئیتر په‌نای بۆ ماڵی كه‌مال جلال بردووه‌، له‌كاتێكدا خێزانه‌كه‌ی له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ ته‌راكته‌رێكدا بوون و به‌ دوای ده‌رگای ڕزگاربووندا گه‌ڕاون.   
ئه‌م وێنه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ستی وێنه‌گری توركی به‌ناوبانگ "ڕه‌مه‌زان ئۆزتورك" له‌به‌رواری 18/3/1988 گیراوه‌ مێژوویه‌كی زۆرمان ده‌خاته‌ پێش ده‌ست و ده‌رگای یاده‌وه‌ری خه‌ڵكانێكی زۆر به‌سه‌ر نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌كه‌دا كرده‌وه‌، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌دا چیرۆكی خێزانی زۆری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌بوون و كه‌س پێی نه‌زانین، یانی چۆنێتی ئه‌و چركانه‌ی تیایدا شه‌هیدبوون و ورده‌كاری جوڵه‌ و هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕزگاربوون، به‌ڵام وێنه‌كه‌ی "ڕه‌مه‌زان ئۆزتورك" یاده‌وه‌ری هاوه‌ڵ و دۆسته‌كانی ده‌وروژێنێ و شتی ترمان له‌باره‌ی عومه‌ری خاوه‌ره‌وه‌ پێ ده‌ڵێت. 
ئه‌و كه‌ له‌وێنه‌كدا وا ده‌رده‌كه‌وێت له‌مه‌رگی كۆرپه‌كه‌ی ده‌ترسێت، ناوی عومه‌ر محه‌مه‌د ساڵح بوو، به‌ڵام به‌ناوی دایكییه‌وه‌ ناسرابوو. هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌بیریان دێته‌وه‌ كاتێك له‌ نانه‌واخانه‌ی وه‌ستا تۆفیق-دا كاری ده‌كرد و به‌ شه‌وانیش پاسه‌وانی قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بوو. حه‌زی له‌ به‌خێوكردنی باڵنده‌ بوو، هه‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی پڕ بوو له‌چه‌ندان جۆری باڵنده‌ كه‌ ئه‌وانیش بوونه‌ قوربانی كیمیاوی.
مناڵه‌كانی عومه‌ری خاوه‌ر گه‌رمیان و ژیان و به‌یان و كوێستان و تارا و شیلان و ئارمه‌ن بوون. له‌ كۆتایی ساڵی 1987دا دوو كوڕی بوو و ناوی لێنان محه‌مه‌د و ئه‌حمه‌د، پێش ئه‌وه‌ش "شوان" هه‌بوو كه‌ زۆر نه‌ژیا و به‌كۆرپه‌یی دونیای  به‌جێهێشت. له‌ كۆتاییشدا هه‌موویان له‌ مرۆ بوون داماڵران.
ئه‌م وێنه‌یه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێكه‌ له‌و به‌ڵگه‌ هه‌ره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی ده‌كرێ ببێته‌ پانتایی ئیشكردن له‌سه‌ر ئه‌و ئامڕازانه‌ی ژیانیان له‌ هه‌زاره‌ها خه‌ڵك داماڵی. پانتاییه‌ك جه‌للاده‌كان تیایدا ده‌بنه‌ ئامێری ئاسایی و كوشتن ده‌بێته‌ وه‌زیفه‌ و ڕۆتین. ئه‌مه‌ش ئامانجی سته‌مكار و دیكتاتۆره‌كانی دنیایه‌، له‌ هیتله‌ر و ستالینه‌وه‌ هه‌تا پۆڵ پۆت و سه‌دام حسێن له‌دوو ڕووه‌وه‌: یه‌كه‌م داماڵینی تاكه‌كانی ناو سیستمی تۆتالیتاری له‌ ژیاندۆستی و كردنیان به‌ بورغووی ماشێنی كوشتن، دووه‌میان داماڵینی قوربانیه‌كان به‌كۆمه‌ڵ له‌ مافی ژیان.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...