Feb 19, 2013

ده‌رباره‌ی ترسی توركمانه‌كان ‌

 خالد سلێمان‌
 19/2/2013
ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی توركمان له‌كه‌ركوك و شوێنه‌كانی تر، گله‌یی له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌عیراقی ئه‌مڕۆدا پشتگوێخراون، هه‌روه‌ها ده‌كرێنه‌ ئامانجی كوشتن و بڕین و هێڕش؛ به‌ڵام ترسی گه‌وره‌یان له‌داهاتووی وڵاته‌كه‌ ئەوەیه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌دا تووشی قه‌یرانێكی زه‌به‌لاح بوه‌ته‌وه‌. له‌م ترسه‌شدا، وێنه‌یه‌كی نادیارو لێخن له‌لایه‌ن توركمانه‌كان خۆیانه‌وه‌ ده‌كێشرێت و وه‌ك تارماییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر دیدی هه‌ر تاكێكدا ده‌سوڕێته‌وه‌. پرسیاری سه‌ره‌كی توركمانه‌كان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وان له‌كوێی نه‌خشه‌ی سیاسی وڵاته‌كه‌دان، داهاتوویان له‌كوێدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت، رووناكی ئه‌و سه‌ری ئه‌م تونێله‌ تاریكه‌ی خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه‌ كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و له‌كوێوه‌ ده‌بینرێت، لە به‌غدا یان هه‌ولێر یان له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق و هه‌رێمی كوردستان؟. ئه‌و پرسیاره‌ی نووسه‌رو رۆشنبیرو رۆژنامه‌نووسان و هاووڵاتیانی توركمان ده‌یكه‌ن، به‌تاكی ته‌نها هی ئه‌وان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر كه‌مێك له‌و كاراكته‌ره‌ زه‌به‌لاح و شه‌رمنه‌ی له‌ناوه‌وه‌ی خۆماندا بنیادمان ناوه‌ دوور بكه‌وینه‌وه‌، ئه‌وا پرسیاری هه‌موو عیراقییه‌كان و بگره‌ ناوچه‌كه‌یه‌.
په‌یوه‌ست بوون به‌داهاتوو
به‌ڵام پرسیارو ترسی توركمانه‌كان له‌داهاتووی عیراق و، تیایدا ئه‌و تونێله‌ بێ رووناكییه‌ی وا ئه‌وان له‌بوونی رووناكی دوودڵ ده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌داهاتووه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك؛ چونكه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌و فه‌رامۆشكردنه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌گرن و ته‌نها بیركردنه‌وه‌یه‌كی داماڵراو نییه‌ له‌داهاتوو. ئه‌وه‌ی له‌م میانه‌یه‌دا جێگای قسه‌ له‌سه‌ر كردن و هه‌ڵوه‌سته‌ بێت، گرێدانی ئه‌و ترسه‌یه‌ به‌دیمه‌نی سیاسی و نێرۆك بوونی بێئومێدی له‌داهاتووی وڵاته‌كه‌؛ كه‌ كوردستانیش تائێستا به‌شێكه‌ له‌و دیمه‌نه‌. 
یه‌كێك له‌قسانه‌ی توركمانه‌كان ده‌یكه‌ن ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌وان نازانن ته‌ماشای به‌غدا بكه‌ن یان كوردستان، هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ستیان له‌وه‌ شتوه‌ فریادڕه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ له‌و دوودڵییه‌ وجودییه‌ی تیایدا ده‌ژین رزگاریان بكات. كه‌واته‌ چی له‌سه‌ر ئێمه‌ی كورده‌ به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وان چیمان پێیه‌، ئه‌ی ئه‌وان چاوه‌ڕوانی چی له‌ئێمه‌ ده‌كه‌ن؟.
كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیالۆگی جدی
له‌وانه‌یه‌ گران بێت له‌دۆخێكی وه‌ك ئێستای عیراقدا، هیچ وه‌ڵامێكی ئاماده‌ بۆ ئه‌م پرسیاره‌ هه‌بێت، چونكه‌ توركمان خۆشیان دابه‌شبوون به‌سه‌ر سوننه‌و شیعه‌و كوردو، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان به‌رده‌وان چاویان له‌ئه‌نقه‌ره‌یه‌، به‌ڵام كورد ده‌توانێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ڕێگای به‌شداریپێكردنیانه‌وه‌ له‌دامه‌زراوه‌كانی سیستمی حوكمڕانی و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیالۆگێكی جدییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌ سیاسی و كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی توركماندا.  مه‌سه‌له‌كه‌ش به‌ئاسانی له‌وه‌دا كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ڕووی جیۆ-دیمۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌كورده‌وه‌ نزیكترن، ئه‌وه‌ی تائێستا رێگره‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه‌دا چاوبڕینه‌ له‌ئه‌نقه‌ره‌، هه‌روه‌ها نه‌بوونی موباده‌ره‌یه‌ك له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌توركمان و مافه‌كانیان.
دیالۆگێكی هه‌مه‌لایه‌ن
مام جه‌لال یه‌كێكه‌ له‌و سه‌ركردانه‌ی كوردستان و عیراق به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ كێشه‌ی توركمان له‌سته‌می حكومه‌ته‌كانی عیراق و مه‌سه‌له‌ی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان جیانه‌كاته‌وه‌و دیدی كۆمه‌ڵایه‌تی ئەو له‌م میانه‌یه‌دا زاڵ بوو به‌سه‌ر دیدی سیاسیدا، چونكه‌ گرفته‌كانی توركمان و كه‌مینه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان و عیراقدا به‌سیاسه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بوونی دیالۆگێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌و تێگه‌یشتن له‌دنیابینی توركمانه‌كان و ئه‌وانی تری هاوشێوه‌ بۆ خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌بن نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها ئێمه‌ ده‌یانبینین.
 

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...