Jan 24, 2013

په‌روه‌رده‌: عه‌مره‌و نه‌خۆشیی جه‌سته‌یی‌و ده‌روونی

 ‌ خالد سلێمان‌
 24/1/2013

مامۆستایه‌كی زانكۆ له‌یه‌كێك له‌زانكۆكانی كوردستان داوای مۆڵه‌تێكی دوورو درێژ ده‌كات، چونكه‌ نه‌خۆشی«شه‌قیقه‌»ی له‌گه‌ڵدایه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نووسراوێكی ره‌سمی له‌لای دكتۆرێكه‌وه‌ ده‌باته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌ی پێدانی مۆڵه‌ت له‌زانكۆ. ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ به‌وه‌ رازی نابێت و پێی واده‌بێت كه‌ «شه‌قیقه‌» نه‌خۆشییه‌كه‌ پێویستی به‌مۆڵه‌تی درێژخایه‌ن نییه‌و ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ پێویستی پێیه‌تی كه‌ نۆبه‌ته‌كه‌ی تووش ده‌بێت، واته‌ مۆڵه‌تی كورتخایه‌ن بۆ چه‌ند رۆژێك. دوای ئه‌وه‌ ئه‌ندامێكی تری لیژنه‌كه‌ به‌پێكه‌نینه‌وه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات كه‌ بۆ له‌بری شه‌قیقه‌ نه‌خۆشی«الإكتئاب ثلاثی الحلقات» نانووسێت كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌هه‌موو كه‌سێك ده‌كات. مامۆستاكه‌ بڕوا به‌م قسه‌یه‌ ده‌كات و جۆری نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و مۆڵه‌ته‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت. 
ئه‌م نموونه‌یه‌ی مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌هه‌موو زانكۆ حكومییه‌كانی كوردستانه‌وه‌ شۆڕ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ناو باخچه‌ی ساوایان و خوێندنگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و هه‌روه‌ها ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی و ژماره‌یه‌كی  به‌رچاو له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی دام و ده‌زگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌كوردستاندا كه‌ مووچه‌ له‌به‌رامبه‌ر مۆڵه‌تی نه‌خۆشی وه‌همی و بێكاریدا وه‌رده‌گرن.  هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ن له‌كاتی ده‌وام و كاری ره‌سمیدا داوای مۆڵه‌ت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی(عه‌مره‌) له‌كاتێكدا به‌پێی پیاوانی ئاینی(عه‌مره‌) فه‌رز نییه‌و جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ(حه‌ج)داو نابێت له‌كاتی ده‌وامی ره‌سمیدا مۆڵه‌تی بۆ وه‌ربگێرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌كاتێكدا بكرێت كه‌ ده‌وامی ره‌سمی نه‌بێت.
ئه‌م جۆره‌ گرفتانه‌ وه‌ك ئاماژه‌م پێكردن له‌ناو باخچه‌ی ساوایان و هه‌موو خوێندنگه‌كاندا هه‌ن و به‌جۆره‌ها شێوه‌ی جیاواز دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌و به‌بیانووی نه‌خۆشی جه‌سته‌یی و ده‌روونی له‌لایه‌ن دكتۆره‌كانه‌وه‌ مۆڵه‌تیان پێده‌ده‌رێت و دوای ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده‌و «ئیشرافه‌»ه‌وه‌ ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕدرێت. ئه‌نجامه‌كه‌شی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستاو فه‌رمانبه‌ره‌ له‌قوتابخانه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كاندا به‌بێكار. ئه‌وه‌تا له‌نووسراێكی ره‌سمیدا له‌لایه‌ن(لیژنه‌ی پزیشكی ده‌روونی له‌فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی)ه‌وه‌ بۆ مامۆستایه‌ك له‌به‌رواری (25/10/2011)دا ده‌رچووه‌ هاتووه‌و ده‌ڵێت:»گرژبوونی ماسولكه‌كانی رووخسارو دڵته‌نگی پێویستی به‌هاوكاری هه‌یه‌ له‌كاره‌كه‌یدا وا باشه‌ كاری قورسی پێنه‌كرێت».
له‌نووسراوێكی تری هه‌مان فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی له‌به‌رواری (3/9/2012)دا مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌فه‌رمانبه‌رێك له‌ژێر ناونیشانی (تصلب اڵ‌عصاب المنتشر) بۆ ماوه‌ی سێ مانگ. هه‌ر له‌هه‌مان فه‌رمانگه‌دا له‌لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ته‌ندروستی قوتابخانه‌كان له‌به‌رواری(10/11/2011) داوا ده‌كرێت مامۆستایه‌ك به‌هۆی «ئه‌ستو بوونی ده‌نگه‌ ژێكان» بگوازرێته‌وه‌ بۆ به‌شێك كه‌ قسه‌كردنی تێدا كه‌م بێت. باشه‌ ده‌بێت مامۆستا قسه‌ نه‌كات؟.
له‌شوێنێكی تردا له‌ژێر یه‌ك ناونیشاندا ئه‌ویش(إلتهاب القصبات الحاد)ه‌ مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌سێ فه‌رمانبه‌ر، یه‌كه‌میان(4) رۆژ، دووه‌میان (3) رۆژ، سێیه‌میان(10) رۆژ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌یاسای كاری خوێندنگه‌كاندا ئاشكرایه‌ مۆڵه‌ت بۆ ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشیانه‌ ته‌نها دوو رۆژه‌. له‌یه‌كێك له‌خوێندنگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا كه‌(5) مامۆستای زیادی بێكار تیایدا میلاكن، به‌نووسراوێكی ره‌سمی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه‌ مامۆستای شه‌شه‌میان بۆ ده‌نێردرێت. به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ ناڕازی ده‌بێت، به‌ڵام له‌په‌روه‌رده‌وه‌ پێی ده‌وترێت ئه‌مه‌ بڕیاره‌و ده‌بێت وه‌ری بگرێت!!. پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، باشه‌ په‌روه‌رده‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چی له‌یاسای(به‌رزه‌فته‌كردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت) ده‌كه‌ن كه‌ به‌پێی بنه‌ماو رێنماییه‌كانی ده‌بێت فه‌رمانبه‌ر له‌ساتی ده‌ستپێكردنی كاره‌وه‌ تا ته‌واو بوونی به‌رهه‌می هه‌بێت و كات به‌فیڕۆ نه‌دات؟.
ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ كه‌ په‌روه‌رده‌ی سلێمانی پیوه‌یان ده‌ناڵێنێت، هه‌روه‌ها به‌شێكه‌ له‌سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ جگه‌ له‌به‌هه‌ده‌ردانی تواناو پاره‌و كات و شوێن، كاریگه‌رییه‌كی خراپیان هه‌یه‌ بۆ سه‌ر سیستمی په‌روه‌رده‌ له‌كوردستاندا. پرسیاره‌كه‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، لیژنه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چی رێنماییه‌ك مۆڵه‌ت ده‌ده‌ن و پشت به‌چی یاسایه‌ك ده‌به‌ستن، ئه‌ی لیژنه‌كانی ئیشراف چۆن ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ ده‌رده‌بڕن، بۆچی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی نه‌خۆشن و ناتوانن كار له‌سیستمی په‌روه‌رده‌دا بكه‌ن، ناگوازنه‌وه‌ بۆ دام و ده‌زگاكانی تری حكومه‌ت؟ دوا پرسیارم ئه‌وه‌یه‌ چی یاسایه‌كی مه‌ده‌نی و ئاینی رێگا به‌مامۆستایانی زانكۆو خوێندنگه‌كان ده‌دات له‌كاتی ده‌وامی ره‌سمیدا مۆڵه‌ت بۆ»عه‌مره‌» وه‌ربگرن؟

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...