Nov 19, 2012

دووزخورماتو هێشتا هێلكه‌ی زێڕین ده‌كات

 ‌ خالد سلێمان‌
 19/11/2012

پێش ساڵێك زیاتر له‌ رۆژنامه‌ی (ئاسۆ) له‌وتارێكدا پێم وابوو كه‌ ئیتر دووزخورماتو بۆ كورد وه‌ك قازێك وایه‌ له‌ هێلكه‌ی زێڕین كه‌وتبێت، چونكه‌ له‌پێش هاووڵاتیانی ئه‌و شارۆچكه‌ له‌بیركراوه‌ی كوردستان، به‌رپرسه‌كان به‌جێیان ده‌هێشت‌و له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌ی تیادا سه‌رف بكرێت‌و خزمه‌تگوزاری‌و پرۆژه‌ی ئابوری‌و گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی تێدا بخرێته‌گه‌ڕ، له‌شاره‌كانی وه‌ك سلێمانی‌و هه‌ولێرو كه‌لار پاره‌ی دووز هه‌ڵده‌ڕێژرا. ئه‌وه‌ بیرۆكه‌ی گفتوگۆیه‌ك بوو له‌ رێستۆرانی پیاوێكی خه‌ڵكی دووزدا له‌شاری سلێمانی، به‌تایبه‌تی ئه‌و خه‌ڵكی خوورماتو به‌ لێشاو باریان ده‌كردو به‌ره‌و كه‌لارو شاره‌كانی تری كوردستان به‌رێده‌كه‌وتن.

ئه‌مڕۆ، وای ده‌بینم كه‌ ئه‌و بۆچونه‌م له‌جێگای خۆیدا نه‌بو، خوورماتو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا به‌خاڵێكی لاوازی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كوردستان داده‌نرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و لاوازییه‌ وا له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی ده‌كات له‌وێوه‌ له‌ دوو ئامانجی سیاسی زیاتر بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عیراق به‌ده‌ست بێنێت. لێره‌دا ده‌ڵێم هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، به‌بێ له‌بیركردنی هۆكاره‌كانی تر، چونكه‌ مالیكی له‌ئێستاوه‌ بیر له‌خولێكی تری پۆسته‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌و له‌ڕێگای (دووزخورماتو)شه‌وه‌، ده‌یه‌وێت وێنه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زیی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو خه‌یاڵدانی دانیشتووانی عه‌ره‌بی عیراق.    
به‌ كورتییه‌كه‌ی، ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی مالیكی له‌م جوڵه‌ سه‌ربازییه‌ له‌وه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌قه‌یرانی سیاسی له‌ پایته‌خت دوور بخاته‌وه‌و بیگوازێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌به‌ر سه‌ختی رێگای سلێمانی و هه‌ولێریش، ده‌یه‌وێت له‌ دووزو دووایش له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ پیاده‌ بكات. ئامانجێكی تر لەو ئامانجانە له‌بیربردنه‌وه‌ی ماده‌ی (140)ـه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌ بۆ ژێر كۆنترۆڵی به‌غداو دروستكردنی سیاسه‌تی ئه‌مری واقیع. ئه‌مه‌ش له‌نیوه‌ زیاتر قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كه‌ له‌ به‌غدا دوور ده‌خاته‌وه‌و كوردستان توش ده‌كات.
یه‌كێك له‌و ئاماژه‌ به‌هێزانه‌ وامان لێده‌كات بڕوا به‌م تێوره‌ میلیتاریه‌ سیاسیه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای روخاندنی حكومه‌تی به‌عسه‌وه‌، به‌غدا ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی له‌ بنیادنانه‌وه‌و پرۆژه‌ی ئابوری و خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌و لایه‌نه‌كانی تر بێبه‌ش كردووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ڕێگای هێزی «دیجله‌»ـه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و شتانه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت و گرێدانی كۆنگره‌یه‌كیش له‌ ناحیه‌ی (قه‌ره‌ته‌په‌) ده‌رباره‌ی بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ژێر چاودێری ئه‌و هێزه‌داو سه‌ركرده‌كه‌ی «عه‌بدولئه‌میر زه‌یدی» به‌تایبه‌تی، روونترین ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ ناوهێنانی ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ئه‌فسه‌ره‌ به‌عسییه‌كانی ناو سوپای عیراقی سه‌رده‌می به‌عس، رامان ده‌كێشێته‌ ناو خاڵێكی تره‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مالیكی ده‌یه‌وێت ناوچه‌ دابڕاوه‌كان له‌ كوردستان راده‌ستی ئه‌فسه‌ره‌ به‌عسییه‌كان بكات كه‌ به‌پێی راپۆرتێكی عیراقی له‌م ساڵدا (78) كه‌سی پله‌ به‌رزی ناو سوپای عیراقی كۆنی له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌ ناو سوپای عیراقی ئێستا. به‌ كورتییه‌كه‌ی، دووزخورماتو هێشتا قازێكه‌و هێلكه‌ی زێڕین ده‌كات، كورد له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویدا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی (2010)ـه‌دا، ده‌نگێكی زۆری كوردانی ئه‌و شاره‌و ده‌وروبه‌ری له‌ ده‌ستدا، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌و ناوچه‌كه‌ش له‌ خاڵێكی لاوازه‌وه‌ بكرێته‌ به‌هێزترین خاڵی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان.
Source: www.knwe.org
 

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...