May 27, 2012

بێكه‌ڵكه‌...یان یۆنانیه‌ ناخوێنرێته‌وه‌ ‌

خالد سلێمان‌
27/5/2012

له‌ناوه‌نده‌ كولتوریه‌كانی میسری نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، هه‌ر كتێبێك یان بابه‌تێكی فیكری یان سیاسی یان كولتوری له‌ ئاستی بیری باودا نه‌بوایه‌، ده‌یانوت ئه‌مه‌ بێكه‌ڵكه‌ یان یۆنانیه‌و ناخوێنرێته‌وه‌؛ یانی شتێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتندایه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی بكه‌م په‌یوه‌ندی به‌مه‌ی دووه‌میانه‌وه‌ نیه‌، واته‌ یۆنانی نیه‌و تێگه‌یشتنی زۆر ئاسانه‌، شتێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌زمانی كوردییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ عیراقدا. چیرۆكه‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه‌و له‌وانه‌یه‌ بچێته‌ ڕیزی بێكه‌ڵكییه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك به‌لای عه‌ره‌بی عیراقییه‌وه‌ به‌ڵكو به‌لای كورد خۆیه‌وه‌.. 

پێش چه‌ند ڕۆژێك چومه‌ سه‌ر سایتی (مه‌وتنی) كه‌ پێش چه‌ند ساڵێك له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكییه‌وه‌ وه‌ك سایتێكی زانیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاراسته‌كراو بۆ توێژی گه‌نجانی عیراق دامه‌زرا. له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی پرۆژه‌كه‌وه‌ زمانی سه‌ره‌كی سایته‌كه‌ هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی بون، دوای ئه‌وه‌ش زمانی فارسی و ئینگلیزی بۆ زیادكرا. ئه‌وه‌ی بۆم ده‌ركه‌وت سایته‌كه‌ی سوپای ئه‌مریكی بۆ گه‌نجه‌كانی وڵات، زمانی كوردی لابردوه‌و ته‌نها زمانی ئینگلیزی و فارسی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بیه‌كه‌دا هێشتوه‌ته‌وه‌؛ یانی زمانی كوردی بێكه‌ڵكه‌!!
له‌وانه‌یه‌ گله‌یمان نه‌ له‌ سوپای ئه‌مریكی و نه‌ له‌برا “عه‌ره‌به‌كانمان” هه‌بێت، چونكه‌ دوور نیه‌ وه‌ك زمانی یۆنانی ته‌ماشای زمانی كوردی بكه‌ن و به‌لایانه‌وه‌ نه‌خوێنرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی سه‌یره‌و جێگای سه‌رسوڕمان و له‌سه‌ر ڕاوه‌ستانه‌ پێگه‌ی زمانی كوردیه‌ لای حكومه‌تی عیراقی (ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌تایبه‌تی) و وزاره‌ته‌كانی حكومه‌ت و له‌ناویاندا 
ئه‌و وزاره‌تانه‌ی كه‌ كورد به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن تا ئێستا جگه‌ له‌ سایتی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو سایتی په‌رله‌مانی عیراق، هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی تر له‌ عیراقدا زمانی كوردی به‌كار ناهێنێت، له‌ كاتێكدا له‌ ده‌ستوری فێدێراڵدا كوردیی، زمانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ته‌و ده‌بێت له‌ هه‌مو ئاسته‌كاندا مامه‌ڵه‌ی پێبكرێت و بكرێته‌ ئامرازی په‌یوه‌ندی ڕه‌سمی “عیراقی نوێ” وه‌ك ناوی لێده‌نریت. به‌ڵام جگه‌ له‌و دوو سایته‌ ته‌نانه‌ت سایتی ڕه‌سمی حكومه‌تی عیراق ته‌نها به‌عه‌ره‌بییه‌و به‌شی كوردی تێدانیه‌، به‌مه‌رجێك له‌ ڕۆژی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراقییه‌وه‌ تا ئه‌م چركه‌یه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كورده‌. یه‌كێكیش له‌و وزاره‌تانه‌ی كه‌به‌گرنگترینیان داده‌نرێت و ڕۆژانه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌ردانی ده‌كه‌ن و كاریان پێده‌بێت، سایتی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زیره‌كه‌ی كورده‌و چه‌ند ساڵێكه‌ له‌و پۆسته‌دایه‌. سایتی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ته‌نها به‌عه‌ره‌بی و ئینگلیزیه‌و كورد تیایدا بێبه‌شه‌. گوایه‌ بڵێی جه‌نابی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و وه‌زیره‌كانی تری كورد له‌ ناو حكومه‌تی عیراقدا، وا بزانن كه‌ كورد پێویستی به‌زمانه‌كه‌ی خۆی نه‌بێت و به‌بێكه‌ڵكی بزانێت، یان به‌یۆنانی بزانێت و لێی تێنه‌گات.

سەرچاوە:  

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...