May 9, 2012

موکری


خالد سلێمان‌
8/5/2012

وه‌ك ئه‌وه‌ی بزانێت دواڕۆژه‌كانی ژیانی نزیك بووه‌ته‌وه‌،نووسه‌رو رۆماننووس محه‌مه‌د موكری له‌مدواییه‌دا شێوه‌ی خۆی گۆڕی و وێنه‌ی ((موكری))یه‌ باوه‌كه‌ی لێشاردینه‌وه‌.قژو ڕیشی تاشی و ده‌بوایه‌ كه‌مێك لێی نزیك بیته‌وه‌ تا بزانی ئه‌وه‌ نووسه‌ره‌كه‌ی ((سه‌گوه‌ڕ))ه‌،یان ئه‌وه‌ وێنه‌كێشی پاڵه‌وانه‌كه‌ی كتێبـی ((تۆڵه‌))ه‌یه‌،كه‌ له‌ده‌می هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا جۆرێك بوو له‌نزیكبوونه‌وه‌ له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌به‌رده‌م دڵڕه‌قی سیاسیدا جۆری مردنه‌كه‌ بۆ خۆیان دیاریده‌كه‌ن.
موكری و ئه‌گه‌ر بكرێ بڵێین ئه‌ده‌بی موكریانه‌ كه‌مۆركێكی تایبه‌تی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌بوو،ده‌كرێت وه‌ك دوو ئاوێنه‌ی رووبه‌ڕووی یه‌ك ته‌ماشا بكه‌ین،به‌تایبه‌تی نووسینه‌كانی قۆناغی هه‌شتاكان.له‌و كاته‌دا موكری له‌لایه‌كه‌وه‌ چیرۆكی ((ئامێرده‌كان))ی ده‌نووسی كه‌باس له‌دوو كه‌س ده‌كات له‌شوێنێكی گشتیدا،هه‌ردووكیان چاودێری یه‌كتری ده‌كه‌ن و له‌یه‌كتری ده‌ترسن،هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌وی تر به‌پیاوی ئه‌من و سیخوڕ ده‌زانێت،به‌ڵام هه‌ردووكیان قوربانی ئه‌و سیستمه‌ سیاسی و ((ئه‌منی))یه‌ن كه‌ترسی له‌دڵدا چاندبوون،ئیتر ترس كه‌سه‌كان ده‌كاته‌ ئامێرد (آلة)و له‌ناوه‌وه‌ ده‌یانجوڵێنێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌پاڵ ئه‌م واقیعه‌ سایكۆلۆژییه‌ی كه‌حوكمڕانی به‌عس له‌ناخی تاكی كورددا دروستی كردبوو، موكری رۆمانی ((سه‌گوه‌ڕ))ی نووسی كه‌هاواركردنێك به‌ده‌نگی به‌رز بوو دژی دژی شەڕی براکوژی لە نێوان حزبەکانی ناو بزوتنەوەی سیاسی کوردیدا،
هەروەها تێشكاندنی بیری باو له‌ناو هەمان بزووتنه‌وه‌داو ده‌رخستنی ده‌نگێكی كپكراوی ناو سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگای كوردی بوو.سه‌گوه‌ڕ،بیركردنه‌وه‌یه‌كی نوێ بوو له‌چیرۆكی كوردیداو هه‌وڵدانێكی بوێرانه‌ بوو له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئازادیی راده‌بڕین و داهێناندا.
ساڵی 2003 له‌وتارێكدا به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی كوردی نوێ كه‌ڕۆژنامه‌ی ((الحیاة))ی له‌نده‌نی بڵاوم كرده‌وه‌، ئه‌و چیرۆكه‌م وه‌ك نموونه‌یه‌كی زیندووی مه‌شهه‌دی سیاسیی كوردستانی هه‌شتاكان هێنایه‌وه‌.دوای ساڵانێك كه‌نووسینه‌كه‌م پیشانی موكری-دا،پێیوتم: كورد ئه‌م چیرۆكه‌ی له‌بیركردووه‌،تۆ ده‌ته‌وێت بۆ عه‌ره‌بی باس بكه‌یت.هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا كه‌ساڵی 2009 بوو،موكری باسی هه‌ندێك له‌و ژیانه‌ نهێنییه‌ی كرد وا به‌هۆی نووسینی ((سه‌گوه‌ڕ))ه‌وه‌ تووشی بوو،زۆرجاریش له‌ترسی كوشتن خۆی ده‌شارده‌وه‌و له‌كۆتاییشدا وتی بۆ ئه‌مانه‌ت ده‌ڵێم : مام جه‌لال ژیانی منی له‌كوشتن پاراست.
له‌سه‌رده‌می پێرۆسترۆیكای سۆڤێتی و ئه‌نفال به‌عسی و بێده‌نگی و تۆقاندندا بوو،ساڵی 1989 به‌دیاریكراوی،بۆ یه‌كه‌مجار موكریم له‌به‌رده‌م چایخانه‌ی ((شه‌عب)) له‌سلێمانی بینی.له‌م چركه‌یه‌دا ((كاروان))ی هاوڕێم كه‌پێشتر له‌پیشمه‌رگایه‌تی گه‌ڕابووه‌وه‌و به‌رده‌وامی به‌خوێندنی شانۆ ده‌دا له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی، پێیوتم: ئه‌وه‌ محه‌مه‌د موكریه‌ دیاره‌ هاتووه‌ته‌وه‌ ناو شار با سڵاوی لێبكه‌ین.پێشتریش ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ریم خیانه‌تم لێنه‌كات هه‌ر كاروان چیرۆكی سه‌گوه‌ڕو رۆمانێكی بچووكه‌كه‌ی به‌ناونیشانی (تۆڵه‌) پێدابووم و به‌قاچاغی خوێندبوومنه‌وه‌.
كاروان كه‌ موكری ده‌ناسی و پێكه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ بوون له‌چیا،دوای سڵاوكردن لێی پرسی چۆن هاتووه‌ته‌وه‌،له‌وڵامدا وتی: هه‌موو شتێك ده‌بێت. ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ موكری سلێمانی به‌جێنه‌هێشت تا ئه‌و رۆژه‌ی به‌یانی هه‌موو هاوڕێكانی به‌ماڵئاوایی كۆتایی راچڵه‌كاند.
سەرچاوە:


No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...