Mar 25, 2012

دادگای شۆڕشگێڕانه‌ ‌


خالد سلێمان‌
25/3/2012

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 19/3/2012، دادگای جینایی دووی هه‌ولێر بڕیاری سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر دۆسێی بكوژی هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی رێباز ره‌حیم كه‌ له‌چه‌ند مانگی‌ رابردوودا كوژراو ته‌رمه‌كه‌ی فڕێدرایه‌ ئاوی سۆرانه‌وه‌ ده‌ركرد، وه‌ك له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا بڵاوبۆته‌وه‌ به‌شێكی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی ماوه‌ی 16 رۆژ بۆ حكومه‌ت داده‌نێن بۆ له‌سێداره‌دانی بكوژه‌كه‌, ئه‌گینا خۆپیشاندان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌. وه‌ك له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی بڕیاره‌كه‌ی دادگاكه‌دا هاتووه‌، هۆكاری ئه‌م سزادانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی هاتووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ته‌مه‌نی تاوانباره‌كه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ بڕیاری له‌سێداره‌دان هه‌ڵناگرێت و سێ مانگی كه‌مه‌ بۆ بڕیاری له‌و شێوه‌یه‌.

ئه‌م گرفته‌ی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و له‌كۆمه‌ڵێ رووه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌و له‌سه‌ر راوه‌ستانی ده‌وێت، به‌تایبه‌تیش له‌و ئاسته‌دا كه‌ خه‌ڵك داوای جێبه‌جێكردنی بڕیاری خۆیان ده‌كه‌ن و بڕیاری دادگا نه‌ متمانه‌یان له‌لا دروست ده‌كات و نه‌ ئارامیشیان ده‌داتێ.
یه‌كه‌م شت لێره‌دا پێویستی به‌له‌سه‌ر راوه‌ستان هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆچی خه‌ڵك وا ده‌زانن ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای هه‌ولێر به‌سه‌پاندنی سزای هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر تاوانباره‌كه‌دا كه‌مه‌و ده‌بێت له‌سێداره‌ بدرێت، بۆچی زیندانی هه‌تاهه‌تایی وه‌ك مردنێكی ره‌مزی ته‌ماشا ناكرێت و ده‌بێت له‌ناوچوونه‌كه‌ جه‌سته‌یی بێت؟. ده‌كرێت له‌دوو رووه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌, یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌تائێستا له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا كلتووری یاسایی جێگای كلتووری (خوێن به‌خوێن)ی نه‌گرتۆته‌وه‌؛ یانی له‌بری كوشتنی یان مردنی كه‌سێك ده‌بێت به‌ئاكتێكی فیزیكی كه‌سێكی تر بكوژرێت و له‌ناو ببرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سزای هه‌تاهه‌تایی مردنێكه‌ كه‌متر نییه‌ له‌مردنی فیزیكی، به‌ڵام لێره‌دا زیاتر ((غه‌ریزه‌))یه‌كی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ كار ده‌كات و مردنی ره‌مزی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌زیندانی هه‌تاهه‌تاییدا هه‌یه‌ تینوێتی كۆمه‌ڵگا ناشكێنێت. لایه‌نی دووه‌می وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌كۆمه‌ڵگا متمانه‌ی به‌بڕیاره‌كانی دادگا نییه‌و هه‌وڵی پێشگرتن له‌هه‌ر پێشهاتێكی چاوه‌ڕوانكراو ده‌گرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێكی زۆری وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌كلتووری (لێبووردنی گشتی) رزگاری نه‌بووه‌و له‌هه‌ر چركه‌یه‌دا تاوانبار, یان ده‌بێته‌ بابه‌تی لێبووردنێكی گشتی یان لێبووردنێكی گشتی ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ئه‌و شایانی نییه‌و نایگرێته‌وه‌.
له‌به‌شێكی زۆری دۆسێكانی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و تاوانی وه‌ك ئه‌وه‌ی دژی رێباز ره‌حیم ئه‌نجادراوه‌, جگه‌ له‌وه‌ی تاوانبار به‌زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزا ده‌درێت، دادگا مه‌رج بۆ هه‌مان بڕیاری خۆی داده‌نێت و له‌هه‌موو ((إستثا‌ء))ێك دایده‌ماڵێت، چونكه‌ جۆری تاوانه‌كه‌و میكانیزمی ئه‌نجامدانی و هه‌روه‌ها شاردنه‌وه‌ی لاشه‌ی قوربانییه‌كه‌، له‌و جۆره‌ تاوانه‌ن كه‌ لێخۆشبوونیان ده‌گمه‌نه‌، به‌ڵام ورده‌كاری له‌و جۆره‌ له‌بڕیاره‌كه‌ی دادگای هه‌ولێردا نه‌بوو, یان بڵاونه‌كرایه‌وه‌.
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌خه‌ڵك وه‌ك ((گۆرانی داواكراو)) داوای له‌سێداره‌دان و هه‌ڵواسین بكات, چونكه‌ ئه‌گه‌ر داوای له‌و شێوه‌یه‌و بڕوا نه‌بوون، یان بێ متمانه‌یی به‌بڕیاری دادگا, ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڵگرتنی دادگاكانی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دادگای شۆڕشگێرانه‌؟. ئه‌ی ئه‌و (موبه‌ڕیڕ)ه‌ی دادگای هه‌ولێر بۆ له‌سێداره‌نه‌دانی تاوانبار له‌به‌ر تێنه‌په‌ڕاندنی ته‌مه‌نی یاسایی تاوانباره‌كه‌ بخرێته‌ كوێی كێشه‌كه‌وه‌، ئایا ده‌بێت سێ مانگی تر چاوه‌ڕوان بكات تا بڕیاری خۆی ده‌ربكات؟, ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ش هه‌ر ده‌چێته‌ خانه‌ بیرۆكه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دادگای شۆڕشگێڕانه‌.
سەرچاوە:


No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...