Mar 12, 2012

له‌سه‌ر «ئیمۆ»كانی عیراق و كه‌مێكیش نازیزم ‌

خالد سلێمان‌
12/3/2012

«وه‌ك له‌پرسیاره‌كه‌دا هاتووه‌ ئه‌وانه‌ بێ ئابڕوو و شێتن‌و ئافاتێكن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانانداو پێویسته‌ له‌سه‌ر پسپۆڕان به‌پێی یاسا له‌ناویان به‌رن». 
ئه‌مه‌ وه‌ڵامی موقته‌دا سه‌دره‌ بۆ شێخ عه‌لی ساعیدی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی ره‌وتی سه‌در له‌عیراق كه‌ له‌نامه‌یه‌كدا داوای لێكردووه‌ رای خۆی بڵێت ده‌ره‌باره‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی ناویان لێ ده‌نێن «ئیمۆ»و له‌م ڕۆژانه‌دا له‌به‌غدا كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر قه‌تڵ‌و عامه‌وه‌. 
له‌نامه‌كه‌یدا عه‌لی ساعیدی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دیارده‌ی «ئیمۆ» كه‌ یاخیبوون‌و هه‌ست ناسكی ده‌گه‌یه‌نێت، پێش ساڵانێك له‌ئه‌مریكای باكوور سه‌ریهه‌ڵداوه‌و نامۆیه‌ به‌كۆمه‌ڵگا. ده‌ستنیشانی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌م ئه‌و گه‌نجانه‌ی «ئیمۆن» ڕه‌شبینن‌و  خامۆش‌و شه‌رمنن‌و جلی ڕه‌ش له‌به‌رده‌كه‌ن. 

له‌ڕاگه‌یاندنێكی ره‌سمیشدا كه‌ له‌ڕۆژی 13/2/2012دا ده‌رچووه‌و له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی خۆی بڵاویكردۆته‌وه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ئاشكرای ده‌كات كه‌ مۆڵه‌تی ڕه‌سمیی هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م دیارده‌ی «ئیمۆ»یه‌ كه‌ گه‌نجانی ته‌مه‌ن (14-18) ساڵی گرتۆته‌وه‌. 
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌غداوه‌ ده‌گه‌نه‌ سایته‌كانی ئه‌نته‌رنێت‌و  تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌، تائێستا ژماره‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی به‌ده‌ستی هێزه‌كانی پۆلیس‌و میلیشیا مه‌زهه‌بی‌و ئایینییه‌كان كوژراون، گه‌یشتوونه‌ته‌ نزیكه‌ی 100 كه‌س. باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ژماره‌یه‌كیش له‌و گه‌نجانه‌ له‌بێده‌نگیدا كوژراون‌و كه‌س چاره‌نووسیان نازانێت.
ئه‌م ره‌فتاره‌ی هه‌ندێك هێزی سیاسی‌و ئایینی عیراق (جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ سیستانی‌و  یه‌عقوبی دژی ئه‌م سزادانه‌ به‌كوشتن وه‌ستاونه‌ته‌وه‌)، ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ مێژووی ئه‌و تییۆره‌ زانستییه‌ی كه‌ دكتۆری ئه‌ڵمانی «ئه‌لفرێد پلۆیتز» ده‌رباره‌ی گۆڕین‌و چاككردنی ئینسانی ئه‌ڵمانی له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیاتر زیره‌كدا له‌رێگای (جینه‌كانه‌وه‌) له‌ساڵی 1904دا هێنایه‌ كایه‌وه‌و دوای (12)ساڵ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی بووه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبێك به‌ناونیشانی «مۆڵه‌تی له‌ناوبردنی ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ی لایه‌قی ژیان نین». 
ئه‌م تیۆره‌ ئه‌ڵمانییه‌ كه‌ بووه‌ روویه‌كی زانستی‌و پزیشكی ئایدیۆلۆژیای نازیزم، ئامانجی سه‌ره‌كیی له‌وه‌دابوو كه‌ نه‌خۆشی چاره‌سه‌رنه‌كراو ئه‌و په‌ككه‌وته‌و ئیفلیج‌و هه‌موو جۆرێكیتر له‌و نه‌خۆشییانه‌ به‌مردنی دڵنه‌رم (الموت الرحیم)له‌ناوببرێن. به‌ڵام ئایدیۆلۆژیاكه‌ به‌هه‌ردوو ڕووه‌ زانستی‌و سیاسییه‌كه‌ی ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌ده‌گرته‌وه‌، به‌ڵكو جوله‌كه‌و قه‌ره‌جه‌كان‌و هۆمۆسێكسوێله‌كانیشی گرته‌وه‌و له‌دوواییشدا له‌كوشتن به‌گازو سوتاندن‌و قه‌تڵ‌و عامدا به‌رجه‌سته‌بوو.
ئه‌م سیاسه‌ته‌ی هه‌ندێك له‌هێزه‌ توندڕه‌وه‌كانی عیراق به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌ك گه‌نج پیاده‌ده‌كرێت، ته‌نها له‌به‌ر جۆری داهێنانی قژو له‌به‌ركردنی جل‌وبه‌رگی تایبه‌ت‌و  ڕه‌فتاری گه‌نجانه‌، هیچ دوورنییه‌ له‌و سیاسه‌ته‌ی نازییه‌كان، چونكه‌ ئامانجه‌ وه‌ك له‌به‌ڵگه‌نامه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ناوبردنی (ئافاتێكه‌) كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی گرتۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كیی ئایدیۆلۆژیایه‌ كه‌ به‌دوای كۆمه‌ڵگه‌ی بێگه‌رددا ده‌گه‌ڕێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ غه‌ل‌و خه‌وش‌و  به‌پێی ئایدیۆلۆژیا ئینسانی تێدا وێناده‌كرێت. 

سەرچاوە:

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...