Feb 27, 2012

ده‌رباره‌ی (حومس) وه‌ك خۆی ‌


خالد سلێمان‌
27/2/2012

یه‌كێك له‌و سیفاته‌ جوانانه‌ی خه‌ڵكی شاری (حومس)ی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌خۆیان نوكته‌ له‌سه‌ر خۆیان ده‌كه‌ن، له‌سوریادا هه‌رچی نوكته‌و قسه‌ی خۆش هه‌یه‌ له‌سه‌ر (حومس)یه‌كانه‌و هه‌ر له‌لای ئه‌وانیشه‌وه‌ به‌رامبه‌ر خۆیان ده‌رده‌چن، ده‌توانم بڵێم خه‌ڵكی (حومس) وه‌ك خه‌ڵكی سلێمانی وان، وه‌ڵام و قسه‌ی خۆش و نوكته‌یان بۆ هه‌موو رووداوێك ئاماده‌یه‌.
یه‌كێك له‌و نوكتانه‌ی له‌بیرم ماوه‌و هه‌ر له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا له‌لایه‌ن (حومس)ییه‌كانه‌وه‌ ده‌رچوو، له‌كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا بوو، به‌تایبه‌تی له‌ڕۆژی خۆرگیراندا.

ئه‌و ده‌مه‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ كه‌س به‌بێ چاویلكه‌ی تایبه‌ت به‌خۆرگیران ته‌ماشای خۆر نه‌كات، به‌ڵام خه‌ڵكی (حومس) بڕوا به‌و ئامۆژگارییه‌ ناكه‌ن و به‌ده‌سته‌جه‌معی به‌بێ چاویلكه‌ ته‌ماشای خۆر ده‌كه‌ن، دوای دوو رۆژ زیاتر له‌ته‌ماشاكردن، هه‌موویان ده‌ڵێن: (ئه‌وه‌ بۆ خۆرگیران ته‌واونابێت).
مه‌غزای نوكته‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌خه‌ڵكی (حومس) هه‌موو كوێر بوونه‌وه‌و وایانزانیوه‌ خۆرگیران ته‌واو نه‌بووه‌.
نوێترین نوكته‌ش كه‌تووڕه‌یی (حومس)ییه‌كان دژی رژێمی به‌عس له‌سوریا ده‌رده‌خات ده‌ڵێت: (حومس وه‌ك شوشه‌ی بۆن وایه‌، هه‌تا ده‌ستی پێدا بنێیت، تف به‌ڕووی رژێمدا ده‌كات).
ئه‌مڕۆ حومس كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م گه‌وره‌ترین هێرشی هێزه‌ ئه‌منی و عه‌سكه‌رییه‌كانی حكومه‌تی سوریاوه‌، ره‌مزی ئه‌و شاره‌ جوانه‌ش له‌م تراژیدیا سیاسییه‌دا گه‌ڕه‌كی (بابا عه‌مر)ه‌، كه‌بووه‌ته‌ ناونیشان و مانشێتی هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌جیهاندا.
له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا چه‌نده‌ها خێزان و ژن و مناڵ و گه‌نج و رۆژنامه‌نووسی بیانی بوونه‌ قوربانی و شاره‌كه‌ به‌گشتی له‌خراپترین بارودۆخی ته‌ندروستی و ژیاریدا ده‌ژی، له‌فیلمێكی به‌ڵگه‌نامه‌ییدا كه‌(كه‌ناڵ 2)ی فه‌ره‌نسی ئاماده‌یكردووه‌و له‌ڕۆژانی پێشوودا پێشكه‌شیكرد، خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ بۆ كڕینی نان و پێداویستییه‌كانی ژیان به‌ڕیزی گه‌وره‌و له‌بن نه‌هاتوو وه‌ستاون.
له‌فیلمه‌كه‌دا كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ ئامۆژگاری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌باری ته‌ندروستییان باش نییه‌ ته‌ماشای نه‌كه‌ن، چونكه‌ وێنه‌كان زۆر كاریگه‌رن، دیمه‌نی خێزانێك پیشانده‌دات كه‌ژنێك له‌دوای له‌ده‌ستدانی كوڕه‌كه‌ی، به‌دیار مناڵه‌كانی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ له‌تاریكیدا (دوعای) ئه‌وه‌ ده‌كات خوا تۆڵه‌یان بۆ بسێنێته‌وه‌، ئه‌مانه‌و چه‌نده‌ها دیمه‌نی تری تراژیدی كه‌بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ی شاره‌ جوانه‌كه‌ی سوریا، به‌شێكیشن له‌و ناسنامه‌ دڵڕه‌قه‌ی كه‌ڕژێمی به‌عس به‌سه‌ر خه‌ڵكی سوریایدا سه‌پاندووه‌.
تراژیدیاكه‌ی حومس ته‌نها روویه‌كی ناوخۆی نییه‌و په‌یوه‌ست نییه‌ به‌دڵڕه‌قی حوكمی (شه‌بیحه‌)وه‌ له‌سوریا، به‌ڵكو روویه‌كی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ روسیاو چین پاڵپشتی رژێمی حوكمی سوریا ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌شێكی تری ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌، كاره‌كانیان بۆ سوریاو پاڵپشتیكردنی خه‌ڵكه‌ داماوه‌كه‌ی له‌كۆنفرانس و رۆتینی كۆبوونه‌وه‌دا كۆكردووه‌ته‌وه‌.
ئه‌م مه‌شهه‌ده‌ سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ له‌ڕۆتیندا چڕكراوه‌ته‌وه‌، قسه‌یه‌كی جه‌نه‌ڕاڵی كه‌نه‌دی (رۆمیۆ دالێر)مان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌پێش 1994 به‌رپرسی هێزه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو له‌ڕواندا.
رۆمیۆ دالێر له‌كتێبێكی تایبه‌تدا ده‌رباره‌ی ژینۆسایده‌كه‌ی رواندا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر رۆتینی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ناوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بوایه‌، ئه‌وا ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ دروست نه‌ده‌بوو.
گوایه‌ بڵێی، رۆتینی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر سوریا درێژه‌ نه‌كێشێت و كوشتارگه‌یه‌كیش له‌سوریا دروست نه‌بێت و لغاوی كوشتارگه‌كه‌ی به‌عس بكرێت.

سەرچاوە:

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...