Feb 20, 2012

با سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشه‌كان بۆ (ئه‌زهه‌ر) بێت ‌


خالد سلێمان‌
20/2/2012

له‌مانگی رابردوودا به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری حكومه‌تی میسرو كه‌نیسه‌ی ((قیبتی))و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵێك له‌ڕۆشنبیرانی میسر, به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژوویی گرنگ ده‌رباره‌ی جیهانی ئیسلامی دوای شۆڕشه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌قاهیره‌ بڵاوكرایه‌وه‌. به‌ڵگه‌نامه‌ كه‌ له‌ژێر ناونیشانی (ته‌واری ئازادییه‌ بنچینه‌ییه‌كان)دا بوو, له‌به‌رواری 8/1/2012 له‌مه‌كته‌بی ئه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌یب ئیمزاكرا, له‌سه‌ر چوار بنه‌مای بنچینه‌یی و سه‌ره‌كی ئازادییه‌كانه‌, ده‌كرێت به‌یه‌كێك له‌و به‌یاننامه‌ مێژووییانه‌ بژمێردرێت كه‌ده‌بێته‌ بنه‌مای بوژانه‌وه‌ی ژیانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك.

له‌دیباجه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌ كه‌میسرییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ئومه‌ی ئیسلامی دوای شۆڕشه‌كان كه‌ده‌رگای ئازادییه‌كانی كرده‌وه‌و گیانی هێنایه‌ به‌ر بوژانه‌وه‌ لای هه‌موو چین و توێژه‌كان, ئه‌وه‌ له‌ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندانی ئومه‌ی ئیسلامی ده‌خوازێت په‌یوه‌ندیی نێوان شه‌ریعه‌ی ئیسلامی لێبورده‌و بنه‌ماكانی ئازادی دیاری بكه‌ن كه‌یه‌كێكه‌ له‌به‌ڵگه‌نامه‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كان. ئه‌و بنه‌مایانه‌ش له‌م چوار خاڵه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌.
یه‌كه‌م: ئازادیی عه‌قیده‌، دووه‌م: ئازادیی راده‌ربڕین، سێیه‌م: ئازادیی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی، چواره‌م: ئازادیی داهێنانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی.
به‌شێكی زۆری ناوه‌نده‌ فیكری و سیاسییه‌كانی میسرو وڵاتانی عه‌ره‌ب ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی ((ئه‌زهه‌ر)) به‌هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ ناوده‌به‌ن له‌پیناو بنبه‌ست نه‌كردنی شۆڕشه‌كانی دنیای عه‌ره‌ب و قه‌تیس نه‌بوونی له‌چوارچێوه‌ی گوتارێكی داخراوی لۆكاڵیدا وه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسلامییه‌كانی میسرو تونس رووده‌دات, هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسلامییه‌كانی ئێران له‌ساڵی ١٩٧٩ روویدا. دنیابینی ئه‌زهه‌ر كه‌باس له‌ئازادیی عه‌قیده‌ ده‌كات، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ی قورئان كه‌ده‌ڵێت: ((لآ إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَد تَّبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ [ويقول:] فَمَنْ شَاو فَلْيُؤْمِنْ وَمَنْ شَاو فَلْيَكْفُرْ). به‌پێی بۆچوونی توێژه‌ره‌وه‌كانی بواری شه‌ریعه‌ی ئیسلامی وشه‌ی (إِكْرَاهَ) كه‌لێره‌دا به‌مانا زمانه‌وانییه‌كه‌ی (ڕق) ده‌گه‌یه‌نێت و له‌م ده‌قه‌ قورئانیه‌شدا ده‌توانرێت وه‌ك زۆرداری ته‌فسیر بكرێت, له‌ئایندا بوونی نییه‌و هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی خۆویستانه‌ هه‌یه‌, ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كوفریش بێت وه‌ك له‌ده‌قه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خوادا هاتووه‌. هه‌رده‌سه‌ڵاتێكیش كه‌ كه‌ره‌سته‌كانی بریتین له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌و زۆرداری و یاساندنی توندوتیژی, ئه‌گه‌ر شه‌رعییه‌تی خۆی له‌ئاینه‌وه‌ وه‌رگرت ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاره‌, چونكه‌ زۆرداری كه‌ره‌سته‌ی ئایین نییه‌، به‌ڵكو كه‌ره‌سته‌ی ده‌وڵه‌ته‌.
دامه‌زراوه‌ی ((ئه‌زهه‌ر)) ئازادیی راده‌ربڕین له‌ئایین و سیاسه‌ت و هونه‌رو ئه‌ده‌ب و هه‌موو بواره‌كانی تردا به‌یه‌كێك له‌كۆڵه‌كانی ژیانی دیموكراسی داده‌نێت ده‌ستبه‌رداربوونی, ده‌ستبه‌رداربوون له‌بنه‌ماكانی ئازادیی دیموكراسیه‌ت داده‌نرێت. هه‌ر له‌م میانه‌یه‌شدا ئه‌زهه‌ر ئازادی داهێنان له‌هونه‌رو ئه‌ده‌بدا گرێده‌دات به‌ده‌وڵه‌مه‌ندی قورئانه‌وه‌ له‌و فه‌زا فراوانه‌ زمانه‌وانییه‌ی كه‌داهێنانی ده‌ڕه‌خسێنێت. له‌هه‌مان سیاقیشدا ئازادیی داهێنان به‌ به‌شێك له‌ئازادیی توێژینه‌وه‌ی زانستی داده‌نێت كه‌ ئه‌مڕۆ به‌بێ ئه‌مه‌ی دوای كه‌سێیه‌م خاڵی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌یه‌ به‌كۆڵه‌كه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون و په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تی ده‌زانێت له‌بواره‌كانی زانستی سروشتی و ته‌كنۆلۆژی و ماتمیاتیك و زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی ئه‌زهه‌ر, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی میسری و عه‌ره‌بی هه‌یه‌, به‌ڵام گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌م جیهانی ئیسلامی, به‌و پێیه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌ كه‌سایه‌تیی مادی و مه‌عنه‌وی له‌هه‌موو وڵاتانی ئیسلامیدا هه‌یه‌و ده‌كرێت بكرێته‌ بنه‌مای كلتوورێكی لیبرالی و ته‌نها له‌چوارچێوه‌ لۆكاڵییه‌كه‌یدا نه‌مێنێت. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌كرێت باس له‌وه‌ بكرێت كه‌ئه‌زهه‌ر ده‌توانێت سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشه‌كانی دنیای عه‌ره‌ب بكات نه‌ك ((ئیخوان))و سه‌له‌فییه‌كان. 

سەرچاوە: 

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...