Jul 26, 2011

گۆڕان له‌به‌ر خۆردایه‌؟

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جایبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی "گۆڕان" و ده‌ركه‌وتن له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، ترسی ئه‌وه‌ له‌ناو جاده‌ی كوردیدا بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌زموونی توندوتیژی بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ژیانی سیاسی. ئه‌مه‌ ترس بوو له‌ ڕابردوو، جۆرێكیش بوو له‌ نائومێدی له‌وه‌ی نه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئه‌و
جیابوونه‌وه‌یه‌ی پێ قبوڵبكرێ و نه‌گۆڕانیش به‌و به‌شه‌ی خۆی ڕازییه‌ كه‌ له‌ یه‌كێتی به‌ریكه‌وت.

ئه‌م ترسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان 25/7/2009 ڕه‌وییه‌وه‌ و ده‌ست و په‌نجه‌كان كه‌مێك نه‌رمییان نواند، له‌ بۆنه‌ و كاتی تردا نوێبووه‌وه‌ و توندوتیژی ڕه‌مزیشی لێكه‌وته‌وه‌؛ وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق. یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كه‌ گۆڕان كردییه‌ دروشمی ڕۆژانه‌ی كاركردن و خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی گوتاره‌ سیاسییه‌كه‌یه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی "شه‌فافیه‌ت" بوو. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی گه‌رمبوونی دیمه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ و له‌دوایشدا ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی پرۆسه‌ سیاسییه‌كه‌یان گرته‌وه‌، به‌ڵام دروشمی "ئه‌یگۆڕین" یه‌كێك بوو له‌و دروشمانه‌ی ئه‌و گۆڕناكارییانه‌ی تووشی چه‌قبه‌ستن كرد و جارێكی تر ترس و نائومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ ناو فه‌زای گشتی، چونكه‌ گۆڕان له‌دوو ئاستدا تووشی هه‌ڵه‌ی سیاسی بوو، یه‌كه‌میان چڕكردنه‌وه‌ی ململانێ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كه‌ خۆی له‌ هه‌ناوییه‌وه‌ ده‌رچووبوو، دووه‌میان به‌ستنه‌وه‌ی خۆی به‌سلێمانییه‌وه‌ و زاڵبوونی مه‌فهومی شار به‌سه‌ر مه‌فهومی وڵاتدا. له‌ئاستی سێیه‌مدا مه‌فهومی "شاربه‌ده‌ركردن" له‌هه‌موو ئان و ساتێكدا ده‌درا به‌گوێی یه‌كێتیدا و ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ناو هه‌ندێ فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی په‌یوه‌ست به‌ "گۆڕان" جۆرێك له‌ گوتاری "پۆپۆلیستانه‌" جێگای گۆڕانكاری بگرێته‌وه‌.یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌تی ئه‌و هه‌ڵه‌ سیاسییانه‌ی گۆڕان كردی ئه‌وه‌بوو، پێیوابوو كه‌ به‌شه‌كه‌ی كه‌مه‌ و زۆرتری ده‌كه‌وێت، ،واته‌ مه‌سه‌له‌كان جارێكی تر كه‌وتنه‌ ناو بازنه‌ی دابه‌شكردنی "كێك"ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژوویدا كه‌وته‌ به‌رده‌م فه‌زای ڕه‌خنه‌ی گشتییه‌وه‌.
ئۆپۆزسیۆن تا ئه‌و چركه‌یه‌ی باسی گرنگی ڕای گشتی له‌ فه‌زای سیاسیدا ده‌كرد، شه‌فافیه‌تی كرده‌ دروشمی ڕۆژانه‌ی كاركردن، له‌هه‌موو شتێك بێباكبوو، به‌ڵام كاتێك له‌به‌رده‌م پرسیاره‌كانی سه‌باره‌ت به‌شه‌فافیه‌تی تایبه‌ت به‌خودی خۆی و خۆخستنه‌به‌ر سێبه‌ر له‌ئاست پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی داموده‌زگاكانی و گرێدانی هیج كۆنفراسێكی ئاشكراو نه‌بوونی زانیاری له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا، ئه‌و پرسیاره‌ی دروستكردووه‌، ئایا ئۆپۆزسیۆن له‌به‌ر خۆردایه‌؟

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...