Jun 13, 2011

ئێتیك ئازیزان... چه‌ند بۆ پرسیارێك ڕۆشنبیران‌و میدیای كوردی

ئه‌و سیجاله‌ توندو گه‌رمه‌ی ڕاپۆرته‌كانی هیومان ڕایتس وۆچ‌و ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنوور له‌ مه‌شهه‌دی میدیای كوردیدا دروستیانكردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێ‌ ئاستدا میسداقیه‌تی نه‌ك ته‌نها ڕۆژنامه‌نووسان، به‌ڵكو مسیداقیه‌تی كۆمه‌ڵێك له‌ ڕۆشنبیرانیش ده‌خاته‌ ژێر پرسیارو هه‌ر ڕۆڵێكی خوازراو كه‌ بۆیان ڕه‌سم كرابێت، یان خۆیان بۆ خودی خۆیان ڕه‌سم كردبێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاپۆرتی هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ بوو، هه‌وڵ ده‌ده‌م لێره‌دا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بمێنمه‌وه‌و هه‌ندێ لایه‌نی سیجاله‌كه‌، كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی میدیای كوردی خۆی‌و دواكه‌وتوویی له‌ ڕووی پیشه‌یی‌و ئێتیكه‌وه‌و ناسه‌ربه‌خۆییه‌وه‌، بكه‌مه‌ نموونه‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر قسه‌ی "ڕۆشنبیران"‌و ڕۆژنامه‌نووسان خۆشیان.

با له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كان به‌هۆی سه‌ربه‌خۆبوونیان‌و كاری پیشه‌ییان نه‌ك ته‌نها میسداقیه‌تیان هه‌یه‌، به‌ڵكو به‌ ئاسانیش ده‌چنه‌ سه‌ر مێزی سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌رپرسه‌ حكومیی‌و نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵام ئایا ڕاپۆرتی ئه‌و ڕێكخراوانه‌ بێغه‌ل‌و غه‌شن‌و هه‌موو ڕاستییه‌كان له‌خۆده‌گرن، بۆچی ئاوه‌ها به‌ چاوێكی ڕه‌هاوه‌ ته‌ماشایان بكرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش باش بزانین كه‌ له‌ زۆر شوێندا له‌ كارو ئه‌ركی پیشه‌یی لاده‌ده‌ن‌و ڕاستییه‌كان وه‌ك خۆیان ناڵێن؟
بۆ به‌ ته‌نها چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌ك ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕاستی‌و سه‌دان كه‌ناڵی تر بكرێنه‌ شه‌یتان، به‌چی پێوه‌رێك ئه‌وه‌ قبوڵ بكه‌ین پێمان بڵێن زه‌لیل‌و ده‌یان سیفاتی ناشیرین‌و دوور له‌ پێوه‌ری ئه‌خلاقی له‌ژێر ناوی هه‌ڵوێستی "ڕۆشنبیر"دا بدرێته‌پاڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی هیومان ڕایتس وۆچ گرت، باشه‌ خۆ قسه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ فه‌رمووده‌ی خوای گه‌وره‌ نیین، تا ئاوه‌ها وه‌ك ده‌قێكی پیرۆز وه‌ربگیرێت‌و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
من لێره‌دا به‌ڕاشكاوی ده‌یڵێم كه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان نیم، به‌ڵام وا ده‌زانم قسه‌كانی مه‌ریوان قانع‌و ئاراس فه‌تاح، كه‌ ئه‌ندامه‌كانی به‌ كۆیله‌ ناوده‌به‌ن، من‌و ده‌یانی نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسی تری ئه‌م وڵاته‌ ده‌گرێته‌وه‌. مه‌به‌ستیشم نییه‌ لێره‌دا پارێزگاری له‌ كه‌س بكه‌م‌و ته‌نها ده‌مه‌وێ هه‌ندێ پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی میدیای كوردی تێكه‌وتووه‌ بخه‌مه‌ڕوو. هه‌روه‌ها قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌نووسیی‌و ئه‌و هه‌وڵانه‌ش وا بۆ ده‌ركردنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نیشتمانی له‌لایه‌ن هه‌ندێ ناوه‌ندو كه‌ناڵی میدیاوه‌ ده‌درێت.
هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسی هاوپیشه‌م "له‌تیف فه‌تاح فه‌ره‌ج"دام كه‌ نه‌ كاك مه‌ریوان‌و نه‌ كاك ئاراس‌و نه‌ هه‌ر كه‌سێكی تر ناتوانن له‌ ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نووسه‌ران‌و ڕۆژنامه‌نووسان به‌ "كۆیله‌" وه‌سف بكه‌ن، چونكه‌ ڕاكانی ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك بووبن ڕێزیان لێگیراوه‌و له‌ به‌شێكی زۆریش له‌و كه‌ناڵانه‌ی ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی ئه‌وان بێت "كۆیله‌كان" به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. لێره‌دا خوانه‌خواسته‌، نامه‌وێ تانه‌ له‌ كه‌س بده‌م‌و به‌ دانپێدانانی ده‌زگا ڕه‌سمییه‌كانی كوردستانیش له‌ كۆمه‌ڵێ شوێن‌و كاتدا ده‌ستدرێژیی كراوه‌ته‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان‌و هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش ئیدانه‌ده‌كرێن‌و په‌رده‌پۆشكردنیان خزمه‌ت به‌ كه‌س ناكات، به‌ڵكو پێویست ده‌كات به‌ هه‌موو لایه‌كمان ڕووبه‌ڕووی بووه‌ستینه‌وه‌و له‌ ڕێگه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ئه‌خلاقیی ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ كۆتایی پێبێنین.
له‌ به‌یانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ "هیومان ڕایتس وۆچ" له‌ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرته‌كه‌یدا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌زگا حكومییه‌كان‌و ته‌نها ڕای هه‌ندێ كه‌ناڵی دیاریكراوی وه‌رگرتووه‌. باشه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی وا ڕه‌خنه‌گران له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ به‌ "كۆیله‌" ناوده‌به‌ن‌و هه‌ندێكیش كامپینی بۆ داده‌نێن وه‌ك هه‌قیقه‌تێكی موتڵه‌ق، ئه‌وه‌ باشده‌زانن هیچ ڕێكخراوێك‌و سه‌نته‌رێك بۆ ئاماده‌كردنی هه‌ر ڕاپۆرتێك یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك پشت به‌ زیاتر له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌ش له‌ پرانسیپه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ر كارێكی پیشه‌یی‌و ئه‌خلاقییه‌. به‌ڵێ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌ كه‌موكوڕی تێدایه‌و به‌ ته‌نها پشتی به‌هه‌ندێ كه‌ناڵی دیاریكراو به‌ستووه‌.
ئێمه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی خه‌ندان كه‌ به‌درێژایی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان ڕای هه‌موو لایه‌كمان بۆ خه‌ڵك گواستووه‌ته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كانمان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی چه‌نده‌ها جار له‌ دادگا سكاڵامان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ (ئێستاشی پێوه‌ بێت)، كه‌سێك نه‌هاتووه‌ته‌ لامان پرسیاری ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌نووسی لێ نه‌كردووین. كاره‌كانیشمان له‌وه‌دا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هه‌ر شتێكی ناڕاست‌و بێسه‌رچاوه‌مان خسته‌ به‌رده‌م خوێنه‌ران‌و خه‌ڵك، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌دای كاركردنیان نووسراوه‌ سكاڵای یاساییمان له‌سه‌ر تۆماربكه‌ن، به‌كارێكی ئاسایی‌و یاسایی بزانین‌و بچینه‌ به‌رده‌م دادگا.
هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ دێمه‌ سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنوور، كه‌ به‌ڕای من بێ میسداقییه‌ته‌و ئه‌ویش ته‌نها له‌ یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌ ده‌ڕوانێته‌ شته‌كان. نموونه‌ی ڕوونیش بۆ ئه‌م قسه‌یه‌م خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی ڕابوردووه‌ دژی تیرۆركردنی "سه‌رده‌شت عوسمان". ئه‌و كاته‌و له‌ یه‌كه‌مین دانیشتندا له‌ باخچه‌ی باره‌گاكه‌ی ڕۆژنامه‌ی "هاووڵاتی" له‌گه‌ڵ هاوكارم "سۆران عه‌لی" نوێنه‌رایه‌تی ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ‌و گۆڤاری هه‌فتانه‌مان كرد، دوای ئه‌وه‌ش زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ده‌زگاكه‌و سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌كه‌و گۆڤاره‌كه‌ش به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانمان كرد، چه‌نده‌ها ڕاپۆرت‌و وتارمان بڵاوكرده‌وه‌و هه‌ڵوێستی خۆمان به‌ئاشكرا خسته‌ڕوو. كه‌چی له‌ ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنووردا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی ئێمه‌ نه‌هاتبوو. كاتێك نامه‌یه‌كم بۆ ناردن‌و سه‌رزه‌نشتمكردن زۆر به‌ ئاسانی وتیان له‌بیرمانچووه‌، به‌ڵام كاتێك سه‌نته‌رو ناوه‌نده‌كانی میدیا ئه‌و ڕاپۆرته‌ ده‌خوێننه‌وه‌ به‌هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانییه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌ریده‌گرن‌و ده‌یكه‌نه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك، ئه‌ی میسداقییه‌ت؟!
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی تر كه‌ جێگه‌ی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستان‌و پرسیاره‌و به‌ره‌وڕووی هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كاتێك گۆڤارێك ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر پلانی كوشتنی سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن بڵاوده‌كاته‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ش پشت به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی نادیارو "مه‌جهول" ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌ له‌هه‌ر وڵاتێكدا بێت، ده‌بێت به‌به‌ڵگه‌و دۆكۆمێنتی نووسراوو ده‌نگ‌و وێنه‌ بسه‌لمێنرێت، ئه‌گه‌ر سه‌لماندی، ئه‌وا ئه‌و كه‌سانه‌ی پلانه‌كه‌یان داڕشتووه‌ ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا گۆڤاره‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌لیف بای كاره‌كه‌یه‌و هیچ ته‌فسیرێكی تر هه‌ڵناگرێت، له‌ چی ڕووانگه‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ده‌مكوتكردنی ئازادی دابنرێت؟!
له‌ كوردستانی ئێمه‌دا میدیا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌نفیزی ته‌ماشاده‌كرێت‌و ڕۆژنامه‌نووس ده‌نووسێت‌و هه‌واڵی بێسه‌رچاوه‌و "موحاید" بڵاوده‌كاته‌وه‌و ده‌بێته‌ چالاكوانی سیاسی‌و خۆی به‌ خاوه‌ن هه‌قیقه‌ت ده‌زانێت. ئه‌وه‌ی له‌ئارادا نه‌بێت ئێتیكی ڕۆژنامه‌نووسییه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك زیاتره‌ چه‌ند كه‌ناڵێك هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین، پاشاگه‌ردانییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌خلاقی‌و پرانسیپێكی شیاودا كۆبكه‌ینه‌وه‌؛ كه‌چی قسه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كان ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌و ته‌نها موڵكی چاو قاوه‌خواردنه‌وه‌ن. لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ ڕۆڵی ڕۆژنامه‌نووس‌و نووسه‌ر "یودیت یورینك" بكه‌م، كه‌ تائێستا له‌و هه‌وڵه‌ كۆڵی نه‌داوه‌و به‌هه‌موو هێزی خۆیه‌وه‌ كاری بۆ ده‌كات.
له‌ كوردستانی ئێمه‌دا ڕۆژنامه‌نووس له‌ماوه‌ی شه‌و ڕۆژێكدا كاره‌كه‌ی به‌جێدێڵێت‌و ده‌بێته‌ سیاسی‌و ئه‌ندام په‌رله‌مان‌و چالاكوان، به‌بێ ئه‌وه‌ی سیفه‌تی ڕۆژنامه‌نووسیی له‌خۆی بكاته‌وه‌و ئه‌و ڕاستییه‌ بخاته‌ به‌رچاوی خۆی كه‌ له‌ هه‌موو ئێتیكه‌كانی ڕۆژنامه‌نووسیی دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌. له‌ هه‌موو ئه‌وروپا كه‌ به‌شێك له‌ ڕۆشنبیرو نووسه‌ره‌كانی ئێمه‌ی تیاداده‌ژین، ڕۆژنامه‌نووس كه‌ ده‌چێته‌ ناو مه‌شهه‌دێكی سیاسییه‌وه‌ به‌ڕه‌سمی واز له‌ پیشه‌كه‌ی دێنێت، چونكه‌ وه‌ك كه‌سێكی "موحاید" له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ‌و ڕاپۆرتدا نامێنێته‌وه‌و ده‌بێته‌ كه‌سێكی لایه‌نگیر.
ئێستاشی پێوه‌بێت، هێشتا كاتی ئه‌وه‌ ماوه‌ كه‌ناڵه‌كانی میدیا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌نووسیی ئاماده‌بكه‌ن‌و ئیلتیزامی پێوه‌بكه‌ن‌و ئیتر له‌م زمانه‌ زبر‌و دڵڕه‌قه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
وتاری ژمارە(١٤٦) گۆڤاری هەفتانە

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...