Jun 4, 2011

فه‌یله‌سوفه‌كه‌ی ئۆباما كێیه‌؟

فه‌یله‌سوف‌و سه‌رچاوه‌ی فیكری كۆنسێرڤاتیسته‌كان (موحافه‌زه‌كاره‌كان)ی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن هه‌موو ناوه‌نده‌كانی میدیاو لێكۆڵینه‌وه‌ی جیهانی‌و ئه‌مریكی به‌تایبه‌تی، ناسراون. دیاریترین ناویشیان "لیۆ ستراوس"ه‌ كه‌ به‌ ترۆتسكی كۆمارییه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش تیمه‌كه‌ی ئیداره‌ی جۆرج بوشی دووه‌م ناوبانگی ده‌ركرد. به‌ڵام كێ ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ ده‌ناسێت كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانی ژیانی فیكریی‌و سیاسیی ئه‌مریكا له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م‌و ئیلهام به‌خشی سه‌رۆك ئۆباماو پێش ئه‌ویش كاریگه‌رترین كه‌س له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ی ڕه‌شپێست "مارتن لۆته‌ر كینگ" ده‌ناسێت؟
پێش گه‌یشتنی به‌ كۆشكی سپی وه‌ك یه‌كه‌م ڕه‌ش پێستی ئه‌مریكی، له‌ وڵامی پرسیارێكی "داڤید برووكس" ڕۆژنامه‌نووس له‌ نیویۆرك تایمز، كه‌ ئایا كتێبه‌كانی فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی "ڕاینهۆلد نه‌یبوور"ی خوێندووه‌ته‌وه‌ یان نا؟ باراك ئۆباما له‌ وڵامدا ده‌ڵێت: "خۆشمده‌وێت‌و یه‌كێكه‌ له‌ باشترین فه‌یله‌سوفه‌كانم." له‌و وڵامه‌ به‌دواوه‌ ئیتر زۆربه‌ی ناوه‌نده‌ فیكریی‌و سیاسییه‌كانی دنیا بۆ تێگه‌یشتن له‌ دیدو جیهانبینی ئۆباما، ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر بیروڕاكانی ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانییه‌، كه‌ بووه‌ یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانی ئه‌مریكای سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌ڵام ڕایهۆلد نه‌یبوور كێیه‌و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی چییه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا چییه‌؟

ئه‌م پرسیاره‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ باراك ئۆباما سیاسه‌ته‌ نه‌رمونیانه‌كانی به‌جێدێڵێت‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ده‌رچووبێت، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر مه‌بده‌ئی پێكه‌وه‌گرێدانی هێزی سیاسی به‌ سیاسه‌تی هێزه‌وه‌، كه‌ زیاتر ئه‌مریكای پێده‌ناسرێته‌وه‌. ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له‌ گوتاری ئۆبامادا به‌رامبه‌ر ئاشتی‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ ده‌یه‌ی سێ‌و چواری سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌شێك له‌ گۆڕانكارییه‌كی فیكری، كه‌ به‌سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌ باشه‌كه‌یدا هات.

نه‌یبوور له‌دایكبووی ساڵی (١٨٩٢) له‌ میسووری له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ زانكۆی (یاڵ) زانستی لاهووت ده‌خوێنێت‌و ساڵی (١٩١٥) ده‌بێته‌ قه‌شه‌و ده‌نیردرێته‌ دیترۆیت. له‌م شاره‌ پیشه‌سازییه‌دا، بۆ یه‌كه‌م جار دوای بینین‌و به‌ ئاگابوونێكی نزیك له‌ بارودۆخی كرێكارانی ئه‌و ناوچه‌یه‌، له‌ پێگه‌یه‌كی چه‌په‌وه‌ ده‌ستده‌كات به‌ ڕه‌خنه‌گرتن‌و ده‌بێته‌ به‌ره‌نگارێكی به‌هێز دژی پرۆتستانه‌ ڕاستڕه‌وه‌كانی ئه‌و ده‌مه‌، دواییش ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ ڕه‌خنه‌گره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی (كلو كلوكس كلان)، كه‌ ڕێكخراوێكی ڕاستڕه‌وی ئاینی بوو، كه‌ له‌ ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سه‌ری هه‌ڵداو جگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربووه‌نه‌وه‌ی كۆمۆنیزم دژایه‌تی كۆچبه‌ر (موهاجیر)و ڕه‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكاشی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ڕاستڕه‌وانه‌ ده‌كرد.

نه‌یبوور كه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانی له‌ نیویۆرك به‌سه‌رده‌بات‌و به‌شداری زۆربه‌ی سیجاله‌ فیكریی‌و سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات‌و كۆمه‌ڵێ‌ كتێب له‌باره‌ی ژیانی فیكری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌نووسێت، ناوبانگترینیان (كۆمیدیای مێژووی ئه‌مریكاو مرۆڤی مۆرالیست له‌ناو كۆمه‌ڵگای نامۆرالیست‌و سرووشت‌و چاره‌نووسی مرۆڤ)ه‌. له‌ ساڵی (١٩٧١)یشدا كۆچی دوایی ده‌كات.

ئیزابێل ڕیشێ پرۆفیسۆری مێژووی ئه‌مریكا له‌ زانكۆی باریس-7‌و پسپۆڕی ئاین له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێی وایه‌، كه‌ كاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی نه‌یبوور له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا زۆره‌و ده‌ڵێت: "نه‌یبوور به‌رده‌وام سه‌ربه‌خۆیی سیاسه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ئایندا به‌هه‌ند وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌ر چی ئۆباما ڕۆڵ‌و به‌شداریی ئاین له‌ ڕاهێنانی ئه‌خلاقی خه‌ڵكدا دوورناخاته‌وه‌، به‌ڵام بڕوای ته‌واوی به‌ جیاكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌." به‌لای "ئیزابێل ڕیشێ"وه‌ مه‌رجه‌عییه‌تی نه‌یبوور ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ بۆ ئۆباما دروستده‌كات كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ باڵی ڕاستڕه‌وی مه‌سیحی له‌ئه‌مریكادا بگرێت، كه‌ ده‌یه‌وێت به‌رگی لاهووت به‌به‌ر سیاسه‌تدا بكات، به‌ڵام به‌بێ له‌كه‌داركردنی ئاین.

به‌كورتییه‌كه‌ی، نه‌یبوور دژی یاریكردن یان به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵی خوا بوو، له‌پێناو مێژوودا، ئامانجی ئاینیش به‌لای ئه‌وه‌وه‌، چاندنی گیانی ساده‌یی بوو، نه‌ك دیاریكردنی شته‌كان، وه‌ك خاڵ كوتان به‌سه‌ر جه‌سته‌وه‌.

ئیزابێل ڕیشێ وا ده‌بینێت، كه‌ خاڵێكی تری پێكهاتن له‌نێوان سیاسه‌ت‌و فه‌لسه‌فه‌دا ڕێكخستنی دیدی ئایدیالیزم‌و پراگماتیزمه‌، له‌م ڕووه‌شه‌وه‌، ئۆباما له‌و خاڵه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ڕاینهۆلد نه‌یبوور، كه‌ به‌دیاریكراوی توانای كار له‌سه‌ر سیاسه‌تی واقعبین بنیاد ده‌نرێت، نه‌ك نیشانه‌كردن له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیالیزم. نموونه‌ی دیاریش لێره‌دا ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ پراگماتیكییه‌یه‌ كه‌ ئۆباما له‌نێوان ئاین‌و واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتووری ئه‌مریكادا بۆ "هۆمۆسێكسوێل"ه‌كانی وڵاته‌كه‌ی پیاده‌كرد.

له‌ ڕووی ئاینییه‌وه‌ توانای ئه‌وه‌ له‌ئارادا نه‌بوو، یاسایه‌ك بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ دانرێت‌و "عقد" بۆ دوو پیاو بكرێت، له‌ ڕووی كولتووریی‌و ئه‌و مافه‌ مه‌ده‌نییانه‌ی كه‌ ئه‌مریكییه‌كان پێی گه‌یشتوون، نه‌یده‌توانی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌تبكاته‌وه‌. لێره‌دا به‌پێ ئه‌و دیده‌ واقعیبینه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی "نه‌یبوور"ه‌، ئۆباما دانی به‌ مافی "هۆمۆ"كاندا نا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌شریعێكی یاساییان بۆ بكرێت.

ئه‌م دیده‌ پراگماتیكییه‌ی ئۆباما به‌شێكی جیاكراوه‌ نییه‌ له‌ دنیابینی نه‌یبوور، كه‌ له‌لای ئه‌مریكی‌و ئه‌ڵمانه‌كان وه‌ك بیریاری ئیلتیزامی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و تیۆرگه‌ری لاهووت داده‌نرێت‌و یه‌كێكه‌ له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه‌ مارتن لۆته‌ر كینگ له‌ژێر كاریگه‌یی بیروڕاكانیدا بوو. نه‌یبوور بۆ دیموكراته‌كانی ئه‌مریكا وه‌ك "كه‌نزێكی" تیۆریی‌و فیكری گه‌وره‌ وایه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌وته‌ پرۆتستانه‌ ڕاستڕه‌وه‌ی كۆنسێرڤاتیسته‌ نوێیه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ریدان. هۆكاری ئه‌م ڕووانینه‌ش به‌لای "تێری پێش"، كه‌ ئاماده‌كارو پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی تینك تانك (لا ڕێپۆبلیك)ه‌، نه‌یبوور بۆ دیموكراته‌كان پۆل ڕێكۆری ئه‌مریكایه‌و له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌وته‌ ڕاستڕه‌وه‌كه‌ی ئایندا وه‌ك تلیاك وایه‌، بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆبامادا بۆ ناو دیمه‌نی سیاسی‌و فیكری ئه‌مریكا شتێكی ته‌واو لۆژیكییه‌.

"نه‌یبوور یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گمه‌نه‌كانی لاهووت بۆ دیموكراته‌كان‌و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ لاهووتێكی چه‌پ هه‌یه‌." ئه‌مه‌ ڕسته‌یه‌كی باراك ئۆبامایه‌و به‌بێ شك له‌ كاتی خۆیدا نامه‌یه‌ك بوو بۆ نووخبه‌ی ڕۆشنبیرانی دیموكرات، كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ویستی بڵێت، ده‌توانین ئیماندارو چه‌پیش بین.

له‌ ساڵانی سییه‌كان به‌دواوه‌، نه‌یبوور له‌به‌رده‌م هه‌ڵچوون‌و گه‌شه‌سه‌ندنی نازیزمدا بیروباوه‌ڕی ئاشته‌وایی به‌جێدێڵێت‌و بڕوا به‌ سیاسه‌تی ڕیالیست دێنێت، به‌ڵام به‌بێ خۆگرێدان به‌ مه‌سیحییه‌ ئایدیالیسته‌كانه‌وه‌. له‌ ساڵانی چل به‌دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌كان‌و عه‌قیده‌ی پرۆتستانتی‌و خۆی به‌ تێگه‌یشتن له‌ سرووشتی گوناهه‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ گرێ ده‌دات.
وتارى نويى"هه فتانه" له م هه فته يه دا

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...