May 8, 2011

سياسەت و سەركردەی روح سووك

خالد سليمان

ساڵی 2008، له‌کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی که‌نه‌دا، هه‌ندێک که‌ناڵی میدیا له‌هه‌رێمی کێبیکی فرانکۆفۆن -فه‌ره‌نسی زمان-، راپرسییه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ریان له‌ناو خه‌ڵکدا ده‌رباره‌ی سیاسییه‌کانی که‌نه‌دا ئه‌نجامدا، پرسیاره‌که‌ش ئه‌وه‌بوو، له‌نێوان سه‌رکرده‌ی پێنج پارته‌ به‌شداره‌که‌ی هه‌ڵبژاردندا (پارتی کۆنسه‌رڤاتیڤ، پارتی لیبێراڵ، بلۆک کێبێکوا، پارتی نوێی دیموکراتیخواز، پارتی سه‌وز) کێ قۆزترین یان جوانترین سیاسییه‌؟. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌که‌لتووری ئه‌وروپایی و ئه‌مریکاییدا له‌بری وشه‌ی جوان یان قۆز، وشه‌ی سێکسی به‌کاردێت، ته‌نانه‌ت زۆرجار ئه‌و وشه‌یه‌ بۆ خواردنء ئۆتۆمبێلء جلوبه‌رگء زۆر شتی تری ناو ژیانی خه‌ڵک به‌کاردێت. واتا وشه‌ی سێکسی له‌مانا ته‌قلیدییه‌که‌ی خۆی چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و به‌هه‌موو شتێکی جوانء ڕێکوپێک ده‌ووترێت سێکسی.
له‌ئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه‌ی ناوه‌نده‌کانی میدیا، (کێ سێکسیترین سه‌رکرده‌یه‌؟)، جاک له‌یتن-ی سه‌رۆکی پارتی نوێی دیموکراتیخواز له‌پێش هه‌موو ئه‌وانه‌ی تره‌وه‌ بوو. ئه‌م پیاوه‌ش که‌ خاوه‌ن قیافه‌تێکی رێکوپێکء شێوازێکی جوان له‌قسه‌کردنء ئاماده‌ییه‌کی به‌هێزه‌، تا ئه‌و ده‌مه‌ شانسی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بچێته‌ ئاستێکی به‌رزتر له‌ئاستی سێیه‌م و چواره‌م له‌ڕێزبه‌ندیی پارته‌کانی که‌نه‌دا.
له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی که‌نه‌دا که‌ رۆژی (2)ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، جاک له‌یتنء حزبه‌که‌ی گه‌وره‌ترین موفاجه‌ئه‌یان بۆ که‌نه‌دییه‌کان ئاماده‌کردبوو، له‌ڕیزی دوواوه‌ گه‌یشتنه‌ ریزی دووه‌م و ئێستاش به‌ڕه‌سمی له‌یتن بووه‌ سه‌رکرده‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌مانی که‌نه‌دا. له‌به‌رامبه‌ردا پارتی لیبێراڵ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی مێژوویی یه‌کێکه‌ له‌و پارتانه‌ی له‌ڕیزی یه‌که‌م و دووه‌مدا بوو، گه‌یشته‌ ریزی سێیه‌م و سکرتێره‌که‌ی مایکل ئیگناسیێف بڕیاری کشانه‌وه‌یدا له‌پۆسته‌که‌ی. پارته‌ ته‌قلیدییه‌که‌ی هه‌رێمی کێبێک-یش که‌ بلۆکی کێبێکوایه‌، ته‌نها چوار کورسی به‌ده‌ستهێنا، له‌کاتێکدا له‌ده‌وره‌کانی پێشوودا خاوه‌ن زیاتر له‌چل کورسی بوو. پارتی کۆنسه‌رڤاتیڤ-یش زۆربه‌ی کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا.
جاک له‌یتن، له‌که‌نه‌دا نموونه‌ی سیاسه‌تمه‌دارێکی رووخۆش و قسه‌نه‌رم و قیافه‌تێکی ڕێکوپێکء وتارخوێنێکی سه‌رکه‌وتووه‌، به‌لام تا سه‌ره‌تای سالانی 1990، که‌نه‌دا له‌گوتارێکی سیاسیی کۆندا ده‌ژیاو ورده‌کارییه‌کانی ژیانی رۆژانه‌و جوانکارییه‌کان نه‌چوبوونه‌ ناو که‌لتووری سیاسییه‌وه‌. خه‌ڵکی کێبێک به‌پڕۆژه‌ی جیابوونه‌وه‌و دژایه‌تیکردنی که‌نه‌دای ئینگلیزییه‌وه‌ سه‌رقاڵکرابوو. له‌سه‌ر ئاستی ولاته‌که‌ش ململانێ سیاسییه‌کان گرێدرابوون به‌هه‌ردوو پارته‌ ته‌قلیدییه‌وه‌، پارتی لیبێراڵ و پارتی کۆنسه‌رڤاتیڤ.
به‌لام له‌سه‌ره‌تای 2000-ه‌وه‌، میزاجێکی تر هاته‌ ناو دیمه‌نی سیاسییه‌وه‌، ئایدیۆلۆژیاو به‌رنامه‌و پرۆژه‌ سیاسییه‌کان، بوونه‌ به‌شێک له‌و کرانه‌وه‌ کۆمه‌لایه‌تییانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر موحافیزه‌کاریء مه‌یلی داخراویدا بوونه‌ دیارده‌یه‌کی رۆژانه‌ی ژیانی خه‌ڵک.
به‌کورتییه‌که‌ی، دیمه‌نی سیاسی له‌بازنه‌ی خیتابه‌ و که‌لتووری سیاسی و ئایدیۆلۆژیای باوو قسه‌ی ڕه‌ق هاته‌ ده‌ره‌وه‌و ئاوێته‌ی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ بوو که‌ سۆفت وێر له‌پانتایی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌لایه‌تی و تاکه‌که‌سییه‌کاندا به‌رده‌ستی ده‌کات.
وشه‌ی سێکسی لیده‌ر یان سه‌رکرده‌ی قۆز-جوان، یه‌کێکه‌ له‌و وشانه‌ی مانا زمانه‌وانییه‌ ته‌قلیدییه‌که‌ی له‌ده‌ستداو که‌وته‌ ناو بازنه‌ی چه‌مکه‌کانی سیاسه‌تء په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کان و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک و وه‌ک گوتاری نه‌رمونیان و بێ غه‌لوغه‌ش و به‌پێز، هه‌روه‌ها وه‌ک شێوه‌ی جوان و رۆح سوک و بێ قه‌باره‌و قورسیی ته‌ماشا ده‌کرێت.
ئایا بڵێی وه‌ک کورد پێویستمان به‌م جۆره‌ سیاسییه‌ نه‌بێت.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...