May 31, 2011

زانکۆی ئەمریکی

خالد سلیمان

لە کۆڕێکدا کە زانکۆی ئەمریکی ساڵی ڕابوردوو دەربارەی بارودۆخی عیراق رێکیخستبوو، پرسیاری ئەوەم لە خۆم و دەوروبەرەکەم دەکرد کە ئەم جۆرە کۆڕو چالاکییە ئەکادیمی و کولتووریانە تەنها بۆ خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکییە یان بۆ سەرجەم ناوەندە فیکری و سیاسی و کولتوورییەکەی کوردستان. هۆکاری ئەم پرسیارەش زۆر بەسادەو ساکاریی، ئەوەبوو کە ئەوانەی لە کۆڕەکەدابوون کۆمەڵێ خوێندکارو فرۆفیسۆری زانکۆی ئەمریکی بوون و هەموو شتەکان بەزمانی ئینگلیزی تێپەڕین و وەک ئەوەی لە هۆڵێکدا بین لە واشنتن یان لەندن بێت.

پێش ماوەیەکی کورتیش لەلایەن هەمان زانکۆوە بانگهێشتێکم پێگەیشت بۆ بەڕێوەبردنی کۆڕێک لەسەر ڕۆڵی میدیای ئازاد لە کۆمەڵگای مەدەنیدا لەگەڵ هەریەک ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی و کونسوڵی ئەمریکی لە کوردستان، یەکێکیش لەمەرجەکانیش ئەوەبوو کە کۆڕەکە بە ئینگلیزی دەبێت. لەگەڵ ئەوەی ئەم کۆڕە لەبەر هەندێ هۆکاری پەیوەست بە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەڕێوەو داوای لێبوردنی کونسوڵی ئەو وڵاتە لە بەشداریکردن، بەڕێوەنبەراو دوواخرا بۆ کاتێکی دیارینەکراو، چەند پرسیارو سەرنجێکم لەسەر زانکۆی ئەمریکی لە عیراق/سلێمانی لا دروست بوون بەپێویستم زانی لەپێناو نرخاندن و زیادکردنی ڕۆڵی ئەو زانکۆیەدا لە ناو دیمەنە سیاسی و فیکرییەکەدا بیانخەمەڕوو.
یەکێک لەو ئامانجە فیکری و ستراتیژیانەی کە زانکۆی ئەمریکی لە سەر دامەزراوە، بەشداریکردنە لە دیالۆگی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها دروستکردنی نەوەیەکی نوێ لەبەڕێوەبردن و سیستەمی حوکمڕانی لە عیراقدا، ئەوەش بەپشتبەستن بە تیۆرو ئەزموونی نوێ لە حوکمڕانیدا. بەڵام خۆ بەشداریکردن لە دیالۆگ و سیجالی فیکری و ئەکادیمی و کولتووری، ئەگەر هەر بەزمانی ئینگلیزی بێت و بۆ خوێنداکارانی زانکۆ بێت و دوور بێت لە ناوەندە فیکری و ڕۆشنبیرییەکەی کوردستان، ئەوا هەر لەو چوارچێوەیەدا دەمێنێتەوەو هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر ناوەندە سیاسی و کولتوورییەکان نابێت.
ئەمەش پرسیارێکە ڕووبەڕووی ئیدارەی زانکۆکە دەبێتەوەو لێرەدا نموونەی زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت دەخەمەڕوو، کە چالاکییە فیکری و کولتوورییەکانی بەهەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزین و چاوپێکەوتن و دیدارەکانیش تەنها لە چوارچیوەی تێۆری بەڕێوەبردن و مەسەلە ئەکادیمییەکاندا دیاریناکەن، بەڵکو زۆر جار چالاکییەکان کولتوورین و ئەزموونی نووسەرو ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی لوبنانی لەبەرنامەی کۆڕەکانی ئەو زانکۆیەدا دەخەنەڕوو.
ئەگەر ئیدارەی زانکۆی ئەمریکی زمانی کوردی و عەرەبی نەکاتە بەشێک لەو کۆڕو دیدارە فیکری و کولتوورییانەی وا گرێیان دەدات و ناوەندە کوردییەکەش بەشدارییان تیادا نەکات و بازنەی ناونیشان و بابەتەکان مەسەلە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیش نەگرێتەوە، ئەوا هەموو چاوپێکەوتن و چالاکییەکان سنووری "موحازەرەی" بۆلەکان تێناپەڕێنن و بەبێ کاریگەری دەمێننەوە.
ئه م بابه ته له كوردستانى نوى (27/5/2011) بلاوبووه ته وه

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...