May 14, 2011

گۆڤاری هه‌فتانه‌‌و داواكاری گشتی

خالد سليمان
بۆ ماوه‌ی حه‌وت مانگ زیاتره‌، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری هه‌فتانه‌‌و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین‌و ئاماده‌كاری ڕاپۆرتی "موڵكدارێتی به‌ موڵكی گشتییه‌وه‌" كه‌ له‌ ژماره‌ (108)ی گۆڤاره‌كه‌دا كه‌ له‌ به‌رواری (21/08/2010)دا بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ڕێگه‌ی پۆلیس‌و دادگاوه‌ن‌و زیاتر له‌ 10جار بانگكراون‌و له‌سه‌ر ئه‌و ڕاپۆرته‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵداكراوه‌و دادگایی كراون.


له‌ زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و دادگاییه‌كاندا، به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌ڕێزانه‌ كه‌ ناویان له‌به‌ڵگه‌نامه‌كاندا هاتووه‌، كه‌ گوایه‌ پۆسته‌كانی سه‌رۆك شاره‌وانییان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كارهێناوه‌و زیاتر له‌ جارێك له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی بۆ خۆیان‌و كه‌س‌و كاریان سوودمه‌ندبوون، ئه‌و زانیارانه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش داوای یاساییان له‌سه‌ر گۆڤاری هه‌فتانه‌ تۆماركردووه‌، ئه‌مه‌ش بچووكترین مافی هه‌ر یه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه‌یه‌و به‌وپه‌ڕی لێبوورده‌یی‌و سینگ فراوانییه‌وه‌ بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌و سكاڵایانه‌ چووینه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا.

ئێمه‌ له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و لێكۆڵینه‌وه‌و دادگاییانه‌دا جه‌ختمان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شێك نه‌بووین له‌ هه‌ڵمه‌تی ناوزڕاندن‌و ته‌شهیركردن به‌هیچ كه‌سێك‌و لایه‌نێك‌و به‌ ته‌نهاو ته‌نها زانیاریمان ده‌رباره‌ی پۆستی ئه‌و ناوانه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ده‌زگای ئاماری سلێمانیدا هاتووه‌، نه‌ك له‌سه‌ر ژیانی كه‌سێتی‌و تایبه‌تی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان.
ئه‌مه‌ش به‌پێی ئێتیكی ڕۆژنامه‌نووسی‌و مافی وه‌رگرتنی زانیاری ده‌رباره‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومی‌و پۆسته‌كانیان، كارێكه‌ له‌ كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ڕۆژنامه‌نووسی، به‌تایبه‌تی كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ هه‌ڵبه‌ستراو نه‌بووه‌و پشتی به‌ستووه‌ به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ده‌زگای چاودێریی دارایی‌و ئاماری سلێمانی ئاگایان لێیه‌و ته‌نانه‌ت لێدوان له‌ چه‌ند سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌. به‌ڵام گۆڤاری هه‌فتانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕای موتڵه‌قی نه‌داوه‌و مافی ئه‌وه‌ش به‌خۆی نادات كه‌س به‌گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبار بكات، به‌ڵكو ئه‌ركی ته‌نها ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ زانیارییه‌كان بلاوبكاته‌وه‌.
هه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌كه‌و داوا یاساییه‌كان‌و پاش نامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ ئاراسته‌ی هه‌فتانه‌ كراوه‌، سه‌رنووسه‌ر هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌كانی بۆ داواكاری گشتی ناردووه‌، تا ئه‌م چركه‌یه‌ش زیاتر له‌ 3 داوای یاسایی له‌سه‌ر گۆڤاره‌كه‌ ماوه‌و به‌ده‌م هه‌موویانه‌وه‌ ده‌چێت.

ئه‌وه‌ی له‌م كه‌یسه‌دا جێگای دڵخۆشی‌و ڕه‌زامه‌ندییه‌، داواكاری گشتی به‌ده‌م بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌و مه‌سه‌له‌كه‌ی خستووه‌ته‌ نێو چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌هاوه‌، هه‌موو كه‌س بتوانێت پارێزگاری له‌ مافی خۆی بكات‌و له‌ هه‌ر شتێكی تری نزیك له‌ناوزڕاندن‌و ململانێی لابه‌لاو كه‌سێتی دوور بخرێته‌وه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ناویان هاتووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر دادگا بۆ ئه‌وه‌ی مافی مه‌عنه‌وی‌و مادی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕوانگه‌ی بڕوابوونمان به‌ سه‌روه‌ری یاسا، یه‌كێكه‌ له‌و پرانسیپانه‌ی نه‌ك ته‌نها بڕوامان پێیه‌تی، به‌ڵكو داكۆكی‌و پارێزگاریشی لێده‌كه‌ین.

ئه‌م به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنه‌ی داواكاری گشتی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌و چاكسازییه‌ی كه‌ هه‌موو لایه‌ك له‌كوردستاندا داوای ده‌كات‌و ده‌كرێت بكرێته‌ هه‌نگاوێكی پته‌و له‌پێناو پاراستنی مافی گشتی‌و تاكه‌كان। هه‌روه‌ها "موكافه‌حه‌"كردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌وڵاته‌كه‌ماندا.
سه رووتارى "هه فتانه" No142

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...