Apr 28, 2011

یاسا و ئاسایش به‌ مافی مرۆڤه‌وه‌ جوانه‌

جه‌مال حسێن- عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا- عارف قوربانی- خالد سلیمان

له‌كاتێكدا هه‌لومه‌رجی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تیش سنووری پارێزگای سلێمانی، به‌ بارودۆخێكی تایبه‌تیدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ململانێی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانمان و به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان خه‌ڵكی ناڕازی و خۆپیشانده‌ر و ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و سیاسیی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌گشتی چاومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ڕووداو و په‌ره‌سه‌ندنێك، هه‌موو ململانێ و گۆڕانكارییه‌ك، هه‌موو ئاڵوگۆڕ و ئیراده‌یه‌ك ببێته‌ موژده‌ی وه‌رچه‌رخانی پله‌ به‌ پله‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌ره‌و واقعێكی دیموكراتتر و دادپه‌روه‌رتر و ئازادتر، ببێته‌ ژانی له‌دایكبوونی بیركردنه‌وه‌ی نوێ و سیاسه‌تی نوێ‌ و دنیابینی نوێ‌ بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان. ئێمه‌ هه‌میشه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا جموجوڵی كۆمه‌ڵگه‌یی "الحراك الإجتماعی " هه‌بێت، زیاتر له‌ هێزێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، پتر له‌ ڕێكخراو و بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی هه‌بێت، زۆرتر له‌ سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌یی و دیموكراتی هه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئه‌گه‌ری گه‌شه‌كردنی ژیانی دیموكراتیمان هه‌یه‌. به‌بێ ته‌عبیركردنی ئازادانه‌ی هه‌ریه‌كێك له‌و چوارچێوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ش له‌ بیروباوه‌ڕ و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی خۆیان، ڕه‌وتی دیموكراسی له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ئیفلیج ده‌بێ و ده‌وستێت.
ئێمه‌ وایده‌بینین ده‌وڵه‌ت له‌ سیستمی دیموكراسی و له‌ناو فه‌زای گشتیدا كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی سیستمی دیموكراسی. ده‌وڵه‌ت له‌ ڕێی ده‌ستوور و یاسا و دامه‌زراوه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌ ده‌توانێت ببێته‌ خزمه‌تكاری پاراستنی ژیانی دیموكراسی، هه‌ر ده‌وڵه‌تیش به‌و ڕێوشوێنانه‌ له‌ توانایدایه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئه‌م ژیانه‌. ئێمه‌ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ بارودۆخی ئێستای هه‌رێم ڕاڤه‌ده‌كه‌ین، له‌م پێودانگه‌وه‌یه‌ كه‌ وای ده‌بینین ئه‌ركی دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمه‌ كه‌ ڕۆڵیان هه‌بێت له‌ پاراستنی ژیانی دیموكراسی، مافی كۆمه‌ڵگایشه‌، به‌ ته‌واوی كه‌رت و بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانییه‌وه‌، كه‌ ئازادییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی خۆی موماره‌سه‌ بكات.
ده‌وڵه‌ت كاری ئه‌وه‌یه‌ ئاسایش و ئارامی وڵات بپارێزێت و پارێزه‌ری ئه‌و گرێبه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بێت كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و كۆمه‌ڵگا ڕێكده‌خات، كۆمه‌ڵگاش مافی ئه‌وه‌یه‌ شوناس و تایبه‌تمه‌ندیی نێوان گروپ و هێزه‌ جیاوازه‌كانی بپارێزێت و ئازادانه‌ ته‌عبیری لێ بكات و هاوكاتیش سه‌روه‌ریی یاسا له‌به‌رچاوبگرێت.
لێره‌وه‌ پێمانوایه‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌مدواییانه‌ی كوردستان نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ببێته‌هۆی په‌شیمانكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ ئه‌ركه‌كانی و ساردبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌ ماف و ئازادییه‌كانی، ئێمه‌ وه‌كچۆن له‌گه‌ڵ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هه‌رێمداین ئاوهاش له‌ سه‌نگه‌ری مافی ئینسان و ئازادییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانین.

له‌مه‌شه‌وه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ نابێت ده‌وڵه‌ت یان هیچ كاربه‌ده‌ست و كارمه‌ند و پله‌دارێك، له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا بێت یان له‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ڕێ به‌خۆی بدات به‌ ناوی سه‌پاندنی یاسا و ئاسایشه‌وه‌ مافی هیچ هاوڵاتییه‌ك پێشێل بكات و توندوتیژی له‌ به‌رامبه‌ر كه‌سدا به‌كاربهێنێت هه‌روه‌ك له‌ هه‌ندێ مامه‌ڵه‌ی نه‌خوازراوی ئه‌م دواییانه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆی هه‌رێمدا به‌دیمانكرد، به‌تایبه‌تیش ده‌رهه‌ق به‌ هه‌ندێ له‌ نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و خوێندكاران و مامۆستایان، هاوكات به‌ هیچ مانایه‌ك پشتیوانی له‌وه‌ش ناكه‌ین ماف و ئازادییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌ڵك ببنه‌ هۆكارێك بۆ په‌كخستنی ژیان و خزمه‌تگوزاریی گشتی و بكرێنه‌ ئامرازی ململانێی سیاسیش به‌ ئاراسته‌ی توندوتیژیی ئه‌وتۆدا كه‌ مافی گوزه‌ران و كاروكاسبی له‌ دۆخێكی ئارام و سه‌قامگیردا له‌ هاوڵاتیانی كوردستان بستێنێته‌وه‌.

ئێمه‌ ته‌واو پێمانوایه‌ یاسا و ئاسایشی وڵات به‌ ڕه‌چاوكردنی ئازادیی خه‌ڵك و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ به‌هایه‌كی هه‌یه‌، ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤیش تا ئه‌و شوێنه‌ مانایه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ ڕیسك به‌ ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵات نه‌كرێت و نه‌خرێته‌ به‌ر مه‌ترسی به‌ریككه‌وتنی توندوتیژه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كچۆن پێویستیمان به‌ ئاسایش هه‌یه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ش پێویستیمان به‌ فراوانكردن و پاراستنی ڕووبه‌ره‌كانی ئازادی ته‌عبیر و بڵاوكردنه‌وه‌ و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی هه‌یه‌، ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌ككاتدا سه‌روماڵ و كه‌رامه‌تمان چوونیه‌ك پارێزراو بێت ناتوانین نه‌ ده‌ستبه‌رداری ئازادی بین و نه‌ ئاسایش، بۆیه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی له‌ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌منی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كه‌ ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌ نائاساییه‌كان كاتی و سنوورداربن و له‌كاتی جێبه‌جێكردنیشیاندا به‌ هیچ جۆرێك په‌نا بۆ زه‌بروزه‌نگ، ئه‌شكه‌نجه‌دان، لێدان، ئیهانه‌كردنی هیچ هاوڵاتییه‌ك نه‌به‌ن، ئه‌وه‌ی له‌ ڕووداوه‌كانی 19/4یشدا كراوه‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌سه‌ر بكرێت و به‌ لێبووردنێكی ڕه‌سمیش ئیعتیباری مه‌عنه‌وی بۆ ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ كه‌ دووچاری لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ بوونه‌ته‌وه‌، هاوكات ئومێدیشمان ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو هاووڵاتییه‌كیش له‌ موماره‌سه‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كانی خۆیدا ئارامی و ئاسایش و ژیان و گوزه‌رانی دانیشتوان ڕه‌چاوبكات.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...