Jan 7, 2010

ئه‌وه‌ "سیاسه‌ته‌ " هه‌ی نه‌فام

خالد سليمان
بەڕێوەبەری هەڵمەتی ڕاگەیاندنی "بیل کلنتن" بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ساڵی ١٩٩٢ دروشمێکی سەرسوڕهێنەری لەبەرامبەر کۆمارییەکاندا ڕاگەیاند ‘ ئەویش ئەم ڕستەیەی خوارەوە بوو"ئەوە ئابوورییە هەی نەفام". ئەمە جۆرێک بوو لەبەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی دەرەوەی کۆمارییەکان لە ڕێگای مەسەلە ناوخۆییەکان و بەتایبەتیش گەرانەوە بۆ ئابووری ناوخۆیی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

هەمان ئەو دروشمەی دیموکراتەکانی ئەمریکا لەگەل میدیا "ئەهلییەکان"ی کوردستاندا یەکانگیر دەبێت و دەتوانرێت بکرێتە دەرگایەکی بێ چوارچێوەو کلیل بۆ چوونە ناو دوونیایەک پێی دەوترێت دونیای میدیای ئەهلی لە کوردستاندا. چوونکە هەموو ئەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و کەناڵانەی بەبێ لایەنی هاتنە ناو فەزای سیاسی کوردییەوە ‘ بوونە بەشێک لەگووتاری سیاسی لایەنێک‘ یان بڵێین دروشم و پردێک لەسەرەتادا نەبینراو بوون و پێناسە کردنیان وەک بێلایەن کەسایەتییکی مەعنەوی پێدەبەخشین. بەڵام ئێستا‘ دووای ئەوەی کاریش گەیشتە ئەو ڕادەیە کە مەسەلەکانی مەدەنیبوون و مۆدێرنیزەکردن کە بەشێک بوو لە ڕێکلامی ئەو دوونیا "ئەهلییە" بخرێتە پەناوەو کارو پڕوپاگاندە بۆ توندڕەوی و میلیتاریزم و بەرەی سیاسی "ئوسولی" بکەن‘ ئیتر کاتی ئەوە هاتووە پرسی "ئەهلیبوون" بخرێتە ژێر ئاماژەیەکی گەورەی سەرسوڕمانەوە.
لەوانەیە ڕەوا بپرسین‘ دووای ئەوەی دەستی خوێنەری کوردی گەیشتە بنی هەمانەی شتەکان و کەس بەبێ لایەنی نەمایەوە؛ ئایا لەکوردستاندا شتێک لەئارادا ماوە ناوی میدیای ئەهلی بێت؟ ئەوەتا گوتاری هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە و کەس ناتوانێت بڵێت "من خوێم و ئاوی دەریاکان لەبۆکەنی دەبارێزم". لیرەشدا مەسەلەکە تەنها بەوە لێک نادرێتەوە کە میدیای "ئەهلی"پارە لە حیزب و حکومەت وەرنەگرێت‘بەڵکو ئاراستەو بێلایەن نەبوون لە موخاتەبەکردنی خەڵکی کوردستاندا دەردەکەوێت و خوێی "ئەهلییەکان" بەیەکەم ئاوی سیاسەت توایەوە.
کەس ناتوانێت ڕێگە لەبیروبۆچوونی سیاسی کەسی تر بگرێت و هەموو ڕۆژنامەو کەناڵێکی ڕاگەیاندنیش مافی ئەوەی هەیە خۆی بداتە پاڵ بەرنامەیەکی سیاسی یان ئایدیۆلۆژیایەکەوە‘ حیکمەتی ئازادییش لەم خاڵەدا دەردەکەوێت‘ بەڵام ئامانج بەستی سیاسی لەپاڵ ڕێکلامی مەدەنیبوون و بێلایەنیدا‘ یان ئەوەیە کاڵفامی سیاسی و فیکری لەدوواوەیە یان خەڵک وەک کاڵفام تەماشا دەکرێت!
پرسیارەکەش لێرەدا ئەوەیە‘ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە شەختەڵۆکی بێلایەنیبوون لەکوردستاندا بخرێتە بەر چەند پلەیەکی گەرمی "فەهرەند هایت"‘ تابەتەواوی هەڵمی توانەوەی خوێی دەریا نەبینراوەکەی "ئەهلییەکان" نەک تەنها بۆنبکرێت‘ بەڵکو بەچاو ببینرێت!

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...