Jan 3, 2010

2010، بۆ ژنانی كوردستان


خالد سليمان
شه‌و و ڕۆژی یه‌كه‌می سه‌ری ساڵی 2010 له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیوَنییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا و زه‌مه‌نی ئاماده‌بوونی ژن بوو. ژنی هونه‌رمه‌ند و نمایشكار و سیاسی و كاراكته‌ری میللی و میدیا و بواره‌كانی تری ژیان، سیمای ساڵێكی نوێیان له‌ڕه‌نگ و ئاره‌زووی ژیاندۆستی له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كان به‌رجه‌سته‌كرد. یه‌كێك له‌ سایته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كانی هه‌مان ئه‌و وڵاته‌ 10 كتێبی سێكسی بۆ ساڵی 2010 هه‌ڵبژاردبوو، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌میانه‌ی گرنگیدان به‌ جیهانه‌ پڕ له‌نهێنی و جوانه‌كه‌ی ژن. له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانیشدا سه‌ر جاده‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك مێینه‌كرابوون و ژن تیایاندا خاوه‌ندارێتی به‌شێكی زۆری ئاهه‌نگه‌كانیان ده‌كرد.
ئه‌م ده‌سپێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگای نمایشكاری و ڕیكلام كه‌ ژن تیایدا كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كییه‌، بكرێته‌ نموونه‌ بۆ هه‌ر ئاواتێك بۆ ژنانی كوردستان بخوازرێت، به‌ڵكو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ بووترێت كۆمه‌ڵگای ژنی ئازاد و خاوه‌ن بڕیار و ئابووری سه‌ربه‌خۆ و ماف پارێزراو، زه‌مینه‌ی بناتنانی به‌هاكانی ئازادی و دیموكراسیه‌ته‌. بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێین به‌ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژن له‌ كوردستاندا ئه‌ركێكه‌ ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م ژیاندۆستی و ڕزگاربوون له‌ میراتی دڵڕه‌قی و گوێنه‌دان به‌ئاواته‌ بچووكه‌كانی له‌ بیركراوه‌كانی ناو "موتبه‌خی" كوردی. له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ به‌خشین و دابه‌شكردنی ئاره‌زووی ژیاندۆستانه‌، ئه‌گه‌ر چی له‌ڕێگای نمایش و ڕیكلام ئاساوه‌ بێت و جه‌سته‌ی مێینه‌ش تیایاندا پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی بێت، به‌ڵام بڕِیاری ئه‌و به‌پاڵه‌وانبوونه‌ش هه‌ر ژن خۆیه‌تی و تێكۆشانێكی مێژوویی له‌و پێناوه‌دا هه‌یه‌.
له‌ یه‌كێك له‌ ژنه‌ چالاكه‌كانی ناو ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانم پرسی چۆن ڕۆژی یه‌كه‌می ساڵت به‌ڕێكرد. وه‌ڵامه‌كه‌ی چیرۆكێك بوو، ده‌كرێ بكرێته‌ بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی له‌بیركردنی ژن له‌ودیو دیواره‌كانی ماڵ و موتبه‌خه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و خانمه‌ له‌ڕۆژی یه‌كه‌می ساڵی نوێدا له‌بری بیركردنه‌وه‌ له‌ هیواكانی خودی خۆی و مناڵه‌كانی ڕۆڵی هێمن كردنه‌وه‌ی ژنێكی توڕه‌ له‌ ژیانی ناو دیواه‌ركاندا گێڕابوو. به‌كورتییه‌كه‌ی ئاواتی ئه‌م ژنه‌ چالاكه‌ بۆ ساڵی نوێ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هاوڕه‌گه‌زه‌ توڕه‌كه‌ی خۆی و هاوسه‌ره‌ ناده‌ربه‌سته‌كه‌ی هێوربووبێته‌وه‌ و مناڵه‌كانی به‌جێ نه‌هێشتبێ و ڕۆژی یه‌كه‌می ساڵی نوێش، ڕۆژی ئاشتبوونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ گرنگیدان به‌ ئاره‌زووه‌ بچووك و به‌نرخه‌كان كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ گرێده‌دات.
له‌ ڕێگای سه‌فه‌ر بۆ به‌سه‌ربردنی شه‌وی سه‌ری ساڵ له‌گه‌ڵ كه‌سوكار و خێزاندا له‌ شۆفێری ته‌كسییه‌كه‌م پرسی ئاواته‌خوازی چییه‌ له‌ 2010دا، وه‌ڵامه‌كه‌ی كه‌مێك دڵڕقانه‌ بوو، چونكه‌ پێیوابوو ئه‌م جه‌ژنه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كوَمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نها ژنی پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنرێت. هه‌ڵبه‌ته‌ هۆكاری ئه‌م وه‌ڵامه‌ هه‌ر خودی خۆم بوو كه‌ له‌كاتێكی نه‌شیاودا پرسیاره‌كه‌م لێكرد و ئه‌و سه‌رگه‌رمی حیسابكردنی ڕۆژه‌كه‌ی بوو، به‌ڵام له‌دواییدا ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و پیاوه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ كاره‌كه‌ی ته‌واوبێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا ژه‌مێكی به‌چێژ بخوات و ته‌ماشای ئاهه‌نگه‌كانی كۆتایی 2009 و سه‌ره‌تای 2010 بكات. له‌دوایشدا پێموت ئه‌وه‌تا تۆش هیوایه‌كت هه‌یه‌!
ئه‌م كورتیله‌ چیرۆكانه‌ی ڕۆژی به‌ری سه‌ری ساڵ و ڕۆژی یه‌كه‌می ساڵ له‌ شتێكدا كۆمان ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌توانرێ ناوی لێ بنرێت "ئاوێنه‌ بچكۆله‌كانی ژن" كه‌ لێیانه‌وه‌ دڵڕه‌قی خۆمان ده‌بینین، تیاشیاندا ناده‌ربه‌ستی و گرنگی نه‌دانی به‌شێكی زۆر له‌پیاوانی به‌ ژن و خواست و ئاواته‌كانی به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌ون.
باسی توندوتیژی زیاتر و "ئیزلال" ناكه‌ین هه‌ر له‌ سنووری ئه‌م ئاوێنه‌ بچكۆلانه‌ ده‌وه‌ستین كه‌، ده‌بێ بكرێنه‌ فاكته‌رێك بۆ له‌خۆڕوانین و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌جیهانه‌ فراوان و پڕبه‌خشه‌كه‌ی ژن. با لێره‌وه‌ له‌بری خه‌ونه‌ ئایدیاله‌كانی هه‌ندێك له‌ پیاوان و ناده‌ربه‌ستی و گوێنه‌دانی زۆربه‌ی زۆریان ته‌نانه‌ت به‌و خه‌ونانه‌ش، بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ 2010 ساڵی ئاوڕدانه‌وه‌ بێت له‌خۆمان له‌ئاوێنه‌ بچووكه‌كانی دونیای له‌بیركردنه‌وه‌، ساڵی گرنگیدان بێت به‌خواستی ژنانی كوردستان و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ سه‌رخستنی هه‌ر هه‌وڵێك له‌پێناوی دونیای ئه‌واندا ده‌درێت.

No comments:

Featured Post

ندرة المياه تهدّد الشرق الأوسط.. والعراق على الخط الأحمر

خالد سليمان  يشير مدير المعهد العلمي للبيئة في جامعة جنيف مارتن بينيستون إلى ذوبان شبه كلي لثلوج جبال الألب نهاية القرن الحالي، حيث ...